سەرۆکی پارتی براوەی هەڵبژاردنی فینلاند بۆ رووداو: باوەڕم بە نەریتی فینلاندی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت

03-04-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی
پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی
نیشانەکردن مووچە خانەنشینی فینلاند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا پارتەکەی بە بەدەستهێنانی رێژەی 20.8٪ـی دەنگەکان براوە بوو، لە وەڵامی نێردراوی رووداودا دەڵێ "بۆمان گرنگە ئەندامی کارای یەکێتیی ئەوروپا بین و منیش باوەڕم بە نەریتی فینلاندی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت".
 
ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی فینلاند بڵاوکرایەوە و پارتی هاوپەیمانی نیشتمانیی راستڕۆی فینلاند زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و پارتی سەرۆکوەزیرانیش لە پلەی سێیەمدایە. 
 
زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە فینلاند کە رووماڵی هەڵبژاردنەکەی دەکرد لە پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی پرسی "ئێوە ئامادەن حکومەتی نوێ پێکبهێنن و ئێستاش گەورەترین پرسیار کە لە برووکسل و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە دەکرێت؛ هاوپەیمانی حکومەتی داهاتووی فینلاند چۆن دەبێت ئەگەر بانگهێشتکران بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ؟"
 
لە وەڵامدا پێتێری ئۆرپۆ رایگەیاند "ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە و من باوەڕم بە نەریتی فینلاندی هەیە، ئەویش گفتوگۆکردنە لەگەڵ هەموو پارتەکان و دۆزینەوەی باشترین حکومەتی زۆرینە بۆ فینلاند، ئێوە دەزانن کە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە؛ ئەندامێکی کارای یەکێتیی ئەوروپا بین، ببینە ئەندام لە ناتۆ و ئابووریشمان چاکبکەین. گەشەی ئابووریمان بەرەو پێش ببەین و دەرفەتی نوێی کار بڕەخسێنین. ئەمانە پرسە سەرەکییە گرنگەکانن کە دەبێت بیانهێنینە نێو بەرنامەی کاری حکومەت".
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 3ـی نیسانی 2023، کۆی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فینلاند لەلایەن میدیای فەرمیی وڵاتەکەوە بڵاوکرانەوە و ئەنجامی دەنگەکانی پارتە سەرەکییەکان بەمشێوەیەن: پارتی هاوپەیمانی نیشتمانیی راستڕۆی نێوەڕاست 20.8٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە، پارتی Finns یاخود فینلاندییە راستڕۆکان 20.1٪ و پارتی سۆشیال دیموکراتی سانا مارینی سەرۆکوەزیرانیش کە پارتێکی چەپی نێوەڕاستە 19.9٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
 
ئێستا کە سێ پارتە گەورەکە یەکی نزیکەی 20٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، هیچ کامێکیان ناتوانن بەتەنیا حکومەت پێکبێنن. 
 
بەگشتی سەروو 2400 بەربژێر لە 22 پارتەوە کێبڕکێیان لەسەر 200 کورسیی پەرلەمانیی دەکرد کە بە "ئیدەسکەنتا" ناسراوە. بەگوێرەی رێژەی دەنگەکان، پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی 48 کورسیی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت، پارتی Finns یاخود فینلاندییەکان کە دژە کۆچبەر و دژە ئەجێندای یەکێتیی ئەوروپایە 46 کورسی بەدەستدەهێنێت، پارتەکەی سەرۆکوەزیرانیش 43 کورسی بەدەستدەهێنێت.
 
پێتری ئۆرپۆ بۆ رۆژنامەوانان قسەی کرد و گوتی "خەڵکی فینلاند گۆڕانکارییان دەوێت، بۆیە پارتی هاوپەیمانی نیشتیمانی بووە گەورەترین پارت لە فینلاند و پەرلەمان".
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی لەگەڵ رۆژنامەڤانان:
 
زنار شینۆ، نێردراوی رووداو: ئێوە ئامادەن حکومەتی نوێ پێکبهێنن و ئێستاش گەورەترین پرسیار کە لە بروکسل و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە دەکرێت؛ هاوپەیمانی حکومەتی داهاتووی فینلاند چۆن دەبێت ئەگەر بانگهێشتکران بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ؟
 
پێتری ئۆرپۆ: ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە و من باوەڕم بە نەریتی فینلاندی هەیە، ئەویش گفتوگۆکردنە لەگەڵ هەموو پارتەکان و دۆزینەوەی باشترین حکومەتی زۆرینە بۆ فینلاند، ئێوە دەزانن کە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە؛ ئەندامێکی کارای یەکێتیی ئەوروپا بین، ببینە ئەندام لە ناتۆ وئابووریشمان چاکبکەین. گەشەی ئابووریمان بەرەو پێش ببەین و دەرفەتی نوێی کار بڕەخسێنین. ئەمانە پرسە سەرەکییە گرنگەکانن کە دەبێت بیانهێنینە نێو بەرنامەی کاری حکومەت." 
 
رۆژنامەنووس: ئایا سەرۆکوەزیران مارین دانی بە شکستدا داناوە، پەیوەندی پێوە کردوویت؟ ئەو پەیامەی پێگەیاندووی؟
 
پێتری ئۆرپۆ: تا ئێستا نەیکردووە.
 
رۆژنامەنووس: هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ پارتێک پێکدەهێنیت؟
 
پێتری ئۆرپۆ: من ئامادەم دانوستاندن لەگەڵ هەموو پارتەکان بکەم، دەست بە گفتوگۆ دەکەم لەگەڵ هەموو پارتەکان و با ببینین چیمان پێدەکرێت.
 
رۆژنامەنووس: بەگوێرەی ئەنجامەکان، گفتوگۆکان لەنێوان پارتەکان تووند دەبن، پێتان وایە گفتگوگۆکان تا کەی دەخایەنن؟ 
 
پێتری ئۆرپۆ: من، بە دیاریکراوی نازانم، چونکە پێموایە بەرنامەی باش باشترە لە بەرنامەی خراپ، بۆیە هەرچەند بیەوێت کات دەخایەنێت.
 
رۆژنامەنووس: تۆ، دەبیتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی فینلاند لە چوارچێوەی ناتۆ، یەکەم ئەرک و کارە لەپێشینەکانت چی دەبن وەکو ئەندامی ناتۆ لەو چوارچێوەیەدا؟
 
پێتری ئۆرپۆ: دەمەوێ پیشانی وڵاتانی دیکەی بدەم، کە ئێمە ئەندامێکی باش و چالاکین. ئێمە دابینکاری ئەمن و ئاسایشین نەوەک بەکاربەر. پێموایە ئەوان ئەمە دەزانن، بەڵام دەبێت ئەندامیێتی خۆمان بچەسپێنین، بەیەکەوە کاربکەین و پلانی بەرگریی داڕێژین و ئەم شتانە. ئیدی ئەمە کارە. ئێمە زۆر نزیکین لە ناتۆ و زۆر ئاسانیشە؛ بەڵام کاریشی دەوێت.
 
رۆژنامەنووس: پەیامتان بۆ ڤیلادیمێر پووتین (سەرۆکی رووسیا)ـی دراوسێتان هەیە، ئەمڕۆ پەیامتان بۆ ئۆکراینا چییە؟
 
پێتری ئۆرپۆ: یەکەمجار بۆ ئۆکراینا: ئێمە لەگەڵتان دەمێنینەوە، ئێمە ناتوانین ئەو جەنگە ناشرینە قبووڵ بکەین، ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین بۆ ئەوەی یارمەتی ئۆکراینا بدەین، چونکە گەلی ئۆکراینا لە بری ئێمە دەجەنگن، ئەمە روونە. پەیامەکەشم بۆ پووتین ئەوەیە، لە ئۆکراینا دوورکەوە، چونکە دەدۆڕێی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.