تویتەر ئایکۆنی باڵندەکەی گۆڕی بۆ وێنەی سەگێک؛ چیرۆکەکەی چییە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە بەکارهێنەرانی تویتەر تێبینیی شتێکی نامۆیان کرد کە چاویان پێی رانەهاتووە، ئایکۆنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە کە باڵندەیەکی شینە، بوو بە سەگێکی زەرد. 

وێنەی سەگەکە هەمان ئایکۆنی دراوێکی ئەلیکترۆنییە بەناوی دۆجکۆین، کە دەگوترێت ئیلۆن مەسک پشتیوانی لێ دەکات. لەگەڵ ئەو هەنگاوەی تویتەر، بەهای دراوی دۆج کۆین بە رێژەی زیاتر لە 30٪ بەرزبووەوە. 
 
ئیلۆن مەسک لە رابردوودا پێشبینی کردبوو رەنگە دراوەکە لە بتکۆین باشتر بێت، هەر ئەوەش بوو وایکرد نرخی دۆجکۆین بەرزبێتەوە، بەڵام دواتر نرخەکەی دابەزییەوە، بەو هۆیەشەوە، لە دادگە سکاڵا لەسەر مەسک و کۆمپانیای دۆجکۆین تۆمارکراوە، بە تۆمەتی ئەوەی کە مەسک بە تویتەکانی بەهای دۆجکۆینی بەرزکردووەتەوە و دواتر وازی لێ هێناوە بەهاکەی دابڕمێت. 
 
پارێزەرەکەی مەسک بەم دواییانە گوتی، دۆجکۆین "دراویکی ئەلیکترۆنی یاساییە و هێشتا بەهاکەی لە نێو بازاڕدا نزیکەی 10 ملیار دۆلارە."
 
ئەوانەی کە دۆجکۆینیان کڕیوە، لە سکاڵاکەیاندا باس لەوە دەکەن، مەسک بە ئەنقەست بەهای دۆجکۆینی 36000٪ زیادکردووە و دواتر تووشی داڕمانی کردووە و بەو جۆرە ملیاران دۆلاری لێ قازانج کردووە.
 
وەبەرهێنەرەکان داوای 258 ملیار دۆلار قەرەبوو لە مەسک دەکەن، کە سێ هێندەی ئەو زیانەیە کە دۆجکۆین لە 13 مانگی پێش سکاڵاکە بە خۆیەوە بینیبوو. 
 
ئیلۆن مەسک داوای لە دادگەی باشووری نیویۆرک کردووە، دۆسیەکە پووچەڵبکاتەوە، چونکە بە گوتەی خۆی، هیچ لە تویتەکانی بە ئەنقەست نەبوون. 
 
ئەم ئایکۆن گۆڕینەی تویتەریش، کە بە شێوەیەکی کاتییە، وەکو هەوڵێکی مەسک لێکدەدرێتەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە هێشتا پێیوایە دۆجکۆین دراوێکی ئەلیکترۆنی متمانەپێکراوە.