سەرۆکی پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانیی فینلاند بۆ رووداو: بۆئێمە گرنگە ئەندامێکی کارای یەکێتیی ئەوروپا بین


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی فینلاند راگەیێندرا و پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانیی راستڕۆی فینلاند زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و پارتی سەرۆکوەزیرانیش پلەی سێیەم. دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانی و براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، قسەی بۆ رووداو کرد.
 
زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ فینلاند پرسیاری لە سەرۆکی پارتی براوەی هەڵبژاردنی فینلاند کرد و لێی پرسی: ئێوە ئامادەن حکومەتی نوێ پێکبهێنن و ئێستاش گەورەترین پرسیار کە لە برۆکسل و لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە دەکرێت؛ هاوپەیمانیی حکومەتی داهاتووی فینلاند چۆن دەبێت ئەگەر بانگهێشتکران بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ؟
 
لە وەڵامدا پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکی پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانی بە رووداوی گوت، "ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە و من باوەڕم بە نەریتی فینلاندی هەیە، ئەویش گفتوگۆکردنە لەگەڵ هەموو پارتەکان و دۆزینەوەی باشترین حکومەتی زۆرینە بۆ فینلاند، ئێوە دەزانن کە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەندامێکی کارای یەکێتیی ئەوروپا بین، ببینە ئەندام لە ناتۆ و ئابووریشمان چاکبکەین." 
 
بە گوێرەی ئەنجامەکان؛ پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانیی راستڕۆی نێوەڕاست 20.8٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە و کورسییەکانی لە 37 کورسییەوە بۆ 48 کورسی زیاد بووە. هەروەها پارتی Finns یاخود فینلاندییە راستڕۆکان 20.1٪ و ژمارەی کورسییەکانیان لە 39 کورسییەوە بۆ 46 کورسی بەرزبووەتەوە. پارتی سۆشیال دیموکراتی ساننا مارینی سەرۆکوەزیرانیش کە پارتێکی میانڕۆیە 19.9٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کورسییەکانی لە 40 کورسی بۆ 43 کورسی بەرزبووەتەوە.
 
ساننا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند دەڵێت، "ئەمە رۆژێكی مەزنە، چونکە ئێمە کارێكی باشمان لەم هەڵبژاردنەدا کردووە. پیرۆزبایی لە براوەی یەکەم و دووەمی ئەم هەڵبژاردنە دەکەم".
 
سەبارەت بە سێ بەربژێرانی کورد؛ هیچ کامیان دەنگی پێویستیان بۆ چوونە نێو پەرلەمان بەدەست نەهێناوە. گەشاو بیبانی سەر بە هاوپەیمانیی چەپ؛ نزیکەی دوو هەزار دەنگی بەدەستهێناوە. شەیدا سوهرابیش لە هاوپەیمانیی نیشتمانی، براوەی نزیکەی 2 هەزار دەنگە. هەروەها شیرین نامیق سەر بە پارتی سەوز، کەمتر لە 400 دەنگی بەدەستهێناوە.