ئەو ژەنەراڵەی پێشمەرگەی بە 'متمانپێکراو و بەتوانا' ناوبرد، بووە فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا


رووداو دیجیتاڵ

مایکل ئێریک کوریلا بووە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، ئەو ژەنەراڵە لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا پێشمەرگەی بە هێزێکی "متمانەپێکراو و بەتوانا" وەسفکرد.
 
ئێریک رۆژی یەکشەممە 03-04-2022 لە رێوڕەسمێکدا لە فلۆریدا وەکو فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەستبەکاربوو، ئێریک لە یەکی شووباتی ئەمساڵ لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ پۆستی فەرماندەیی ناوەندی بەربژێرکرا و ئەمڕۆ جێگەی ژەنەراڵ کێنیز مککێنزی گرتەوە. 
 
مایکل ئێریک کوریلا لە 2004ەوە لەدوای رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق پەیوەندی لەگەڵ کورد و پێشمەرگە هەیە. لە 08-02-2022 لە کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی پێشمەرگەوە گوتی، "من کارم لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان کردووە و بۆم دەرکەوتووە متمانەپێکراو و بەتوانان، لە 2004ەوە لە یەکەم گەشتم بۆ عێراق کارم لەگەڵدا کردن و بەمدواییانەش لە شەڕی دژی داعش لە 2014. بۆم دەرکەوتووە هاوبەشی ئێجگار متمانەپێکراو و بەتوانان."
 
لەبارەی دۆسیەی ئێرانەوە، ئێرێک دەڵێت، ئەو وڵاتە "لەڕووی نانەوەی پشێوییەوە هۆکاری ژمارە یەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست." 
 
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم سەرپەرشتی بەرنامەی سەربازی ئەمریکا دەکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناوەند و هەروەها باشووری ئاسیا. چاوەڕواندەکرێت ئێریک کوریلا لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە کار لەسەر دۆسیەکانی ئەفغانستان، یەمەن و شەڕی داعش لە عێراق و سووریا بکات.
 
ئەو ژەنەڕاڵە لە شەڕەکانی کەنداو، عێراق، ئەفغانستان و داعش بەشداریکردووە و سێ جار لە موسڵ بریندار بووە، لە 2005 کرایە فەرماندەی بەتالیۆنی هێرشبەری فیرقەی 25ی هێزەکانی ئەمریکا. 
 
ژەنەراڵ کێنێز مەککێنزی، ئەو فەرماندەیەی لە ئاداری 2019ەوە پۆستەکەی بەدەستەوەبوو، رۆژی هەینی پۆستەکەی دەستاودەستپێکرد و خانەنشین بوو.
 
مەککێنزی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سەرپەرشتیکردنی فەرماندەیی ناوەندی بێ هیچ گومانێک، گەورەترین شانازی 42 ساڵەی پیشەکەم بووە."
 
ئەو فەرماندەیە گوتیشی، لە ماوەی 21 ساڵی رابردوودا، "فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا تەنیا فەرماندەی شەڕکەر بووە لە نزیکەوە بەریەککەوتنی لەگەڵ دووژمنەکانی ئەمریکا هەبووە. هەموو فەرماندەیەک دەیەوێ لەو هێزەدابێت."
 
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا سەرپەرشتی رووداوی گەورەی لە مێژووی گۆڕانکارییەکانی هێزەکانی ئەمریکا کردووە، لەنێویاندا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هەنگاوێک، بۆچوونی جیاوازی لەنێو بەرپرسە باڵا سەربازییەکانی ئەمریکا لێکەوتەوە.
 
ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا فەرمانی بە کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کرد، مەککێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندنی هێزەکانی ئەمریکا بوو، ئەو رووداوەی هێرشی مووشەکی ئێرانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لێکەوتەوە. 
 
ئێستا کوریلا فەرماندەیی هێزێک دەکات، 44 هەزار سەرباز و ئەندامی خێزانەکانیان لە هەریەک لە وڵاتانی عێراق، سووریا، میسر، بەحرەین، کوەیت، سعودیە و ئیمارات لە ژێر فەرمانی ئەودا خزمەت بە سوپای ئەمریکا دەکەن، لەگەڵ 5000 سەرباز کە لە بنکەی ئاسمانی ماکدیل لە فلۆریدا ناونووسکراون.
 
ئێریک کوریلاش لەکاتێکدا بووەتە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، دۆخی ئەمنیی سەرتاسەری جیهان بە گۆڕانکاریی هەستیار و چارەنووسساز تێپەڕدەبێت، شەڕی رووسیا و ئۆکراینا پێدەنێتە رۆژی چلەمەوە، هاوکات ئەمریکا لە پێگەیەکدایە، دەیەوێت هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا کەمبکاتەوە، هەنگاوێک کە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و قاعیدەی هەیە.