ئەمریکا دەمامک لە چینەوە هاوردە دەکات

 
 
رووداو - هەولێر

حکومەتی ئەمریکا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نەخۆشخانە و هاووڵاتییان بە دەمامک، زیاتر لە ملیۆن دەمامکی لە چین کڕی و بەسەر کارمەندانی کەرەتی تەندروستیدا دابەشی کرد. 
 
نەبوونی کەلوپەلی خۆپارێزی، لەوانەش دەمامک بووەتە هۆی ئەوەی ژیانی کارمەندانی تەندروستیی ئەمریکا بکەوێتە ژێر هەڕەشەی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆیە حکومەت لە زۆر لاوە هەوڵدەدات دەمامک و جلوبەرگی خۆپارێزی بۆ کارمەندانی تەندروستی دابینبکرێت.
 
پزیشکانی نیویۆرک بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی پێداویستییەکانیان لەڕێگەی پرێنتەری سێ دوورییەوە، دەمامک چاپ دەکەن و بەسەر کارمەندانی تەندروستیدا دابەشی دەکەن.
 
نیکۆل وەیک، پەرستیارە و دەڵێت، "ئێمە لێرە کەلوپەلی خۆپارێزیی پێویستمان نییە، بۆیە هەوڵدەدەین خۆمان دروستیان بکەین و لەڕێگەی چارەسەرێکی داهێنەرانەوە کێشەکە چارەسەر بکەین. ئێمە لەڕێگەی پرێنتەری سێ دوورییەوە کەلوپەلی خۆپارێزی دروستدەکەین. ئەمانە هەندێک کارتۆنن، قەڵخانی دەموچاون کە بە شێوەی سێ دووری دروستکراون". 
 
حکومەتی ئەمریکا زیاتر لە ملیۆنێک دەمامکی لە چین کڕی کە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گوازرانەوە بۆ ویلایەتەکانی ماساچووسێتس، نیویۆرک و رۆد ئایلەند، بۆ ئەوەی بەسەر پزیشک و پەرستاراندا دابەشبکرێن.
 
چارلی بەیکەر، حاکمی ویلایەتی ماساچووسێتس رایگەیاند، "ئەم فڕۆکەیەی کە لەپشت ئێمەوەیە، تازە لە چین گەڕاوەتەوە، دواتریش رۆیشتووە بۆ ئالاسکا، لەو دوو شوێنە نزیکەی ملیۆنێک و 95 دەمامکی بۆ ئەو کارمەندانەمان هێناوە کە لە کەرتی تەندروستیی کۆمۆنوێڵز و فەرمانگەکانی فریاگوزاری و سەلامەتیی گشتی کاردەکەن".
 
هاوکات دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لە ئەگەری نەمانی دەمامکدا هاووڵاتییان دەتوانن ملپێچ بەکاربهێنن بۆ ئەوەی دەموچاویانی پێدابپۆشن. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر خەڵک مەبەستیان بێت دەمامک بەکاربهێنن، ئەوا دەتوانن ملپێچەکانیان بەکاربهێنن کە زۆربەیان هەیانە. لە زۆر بواردا دەتوانن بەکاریان بهێنن. ملپێچ باشتریشە، چونکە ئەستوورترە".
 
بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 245 هەزار کەس لە ئەمریکا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ژمارەی تووشبووانیش بە خێرایی زیاد دەکات، ئەوەش گوشارێکی زۆری لەسەر نەخۆشخانەکان و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دروستکردووە.