نوێترین هەواڵ و زانیارییەکانی کۆرۆنا لە جیهان

03-04-2020

00:52

رووسیا: هێشتا نەگەیشتووینەتە لووتکەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

رووسیا: هێشتا نەگەیشتووینەتە لووتکەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا
 
 
میخائیل میچۆستین، سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند، هێشتا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نە گەیشتووەتە لووتکە و لەم قۆناخەدا ناتوانین روودانی خراپترین سیناریۆ لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەبەرچاو نەگرین.
 
سەرۆکوەزیرانی رووسیا باسی لەوە کرد، دەبێت سەرجەم بڕیارەکانمان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناوە  تایبەتمەندییەکانی هەر ناوچەیەک لەبەرچاو بگرین لە رووی رەوشی ئابووری و ژمارەی دانیشتووان و خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
 
رۆژی هەینی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاری دا ماوەی مانەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە درێژ بکرێتەوە.
 
سەرۆکی رووسیا گوتیشی، ئەگەرئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دابەزی، ئەوا وادەکە بۆ نیوە کەمدەکرێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار تووشبوو لە رووسیا هەن لەنێوانیاندا نزیکەی 40 کەس گیانیان لەدەستداوە.
زیاتر بخوێنەوە

00:42

ئوستورالیا: رێگە نادەین کەشتییە گەشتیارییەکان لە بەندەرەکانمان لەنگەر بگرن.

ئوستورالیا: رێگە نادەین کەشتییە گەشتیارییەکان لە بەندەرەکانمان لەنگەر بگرن.
 
 
حکومەتی ئوستورالیا رایگەیاند، رێگە بە کەشتیە گەشتیارییەکان نادەن کە سەرنشینی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایان هەڵگرتووە لە بەندەرەکانی وڵاتدا لەنگەر بگرن.
 
مایکڵ ئۆترام، بەڕێوەبەری پۆلیسی سنوورە دەریاییەکانی ئوسترالیا رایگەیاند، بە فەرمی داوامان لەو کەشتییانە کردووە کە لە کەنارە دەریاییەکانمان لەنگەریان گرتووە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی لێی هاتوون.
 
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی سنوورە دەریاییەکانی ئوسترالیا ئاماژەی بەوە کرد،، ئەگەر سەردەمێک هەبێت ناچار بیت کشتییەکان لە وڵاتەکەی خۆت دوور بخەیتەوە، ئەوا بێگومان ئەم سەردەمەیە کە تێیدا پەتای کۆرۆنا بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بۆیە ئێمە داوامان لە تیمەکانی ئەو کەشتییانە کردووە دەستبەجێ کەنارە ئاوییەکانمان جێبهێڵن.
 
نزیکەی 10 کەشتیی گەشتیاری بە زیاتر لە 15 هەزار کارمەندەوە لە کەنارە دەریاییەکانی ئوستورالیا لەنگەریان گرتووە و داوای چوونەناوەوە بۆ نێو ئەو وڵاتە دەکەن.
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناەوە سەدان کەشتی گەشتیار لە جیهان روویان کردووەتە بەندەری وڵاتان بە مەبەستی لەنگەرگرتن، بەڵام هیچ وڵاتێك ئامادە نییە پێشوازییان لێبکات.
 
 
 
 
 
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

21:21

دادگایەکی نەرویج 75 رۆژ سزای زیندانیکردنی بۆ تووشبوویەکی کۆرۆنا دەرکرد

دادگایەکی نەرویج 75 رۆژ سزای زیندانیکردنی بۆ تووشبوویەکی کۆرۆنا دەرکرد
 
 
دادگەیەکی نەرویج سزای 75 رۆژ زیندانیکردنی بەسەر هاووڵاتییەکدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییەکە تووشبووی کۆرۆنا بووە و هەڕەشەی ئەوەی لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کردووە تفی لێدەکات. 
 
پۆلیسی ئۆسلۆ بڵاوی کردەوە، پیاوەکە سەرخۆش بووە و لەلایەن دادگایشەوە بە کاری تووندوتیژی و هەڕەشەکردن لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و تێکدانی بارودۆخی ئاسایی تاوانبار کراوە. 
 
تاوانبارەکە سزای داراییش دراوە و دەبێت دوو هەزار کرۆن کە دەکاتە 188 دۆلاری ئەمریکی بدات، بەڵام ماوەی چەند رۆژێکیشی هەیە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات. 
 
تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 تووشبووی کۆرۆنا لە نەرویج گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار تووشبووی کۆرۆناش لەو وڵاتە ئەوروپیەدا هەن. 
 
زیاتر بخوێنەوە

20:58

ئەگەر هەیە لە رێگەی قسەکردنی ئاسایی کۆرۆنا بگوازرێتەوە؟

ئەگەر هەیە لە رێگەی قسەکردنی ئاسایی کۆرۆنا بگوازرێتەوە؟
 
تاوەکو ئێستا پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری لەبارەی بەرکەوتن دەدەن وەک رێگەیەکی کاریگەر بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەڵام توێژینەوەیەکی ژاپۆنی دەڵێت، ڤایرۆسەکە لە رێگەی قسەکردنیشەوە دەگوێزرێتەوە.
 
چۆن ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەسێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی دیکە، بەتەنیا لە رێگەی پژمین و کۆکەوە دەبێت، یان لە رێگەی قسەکردنیشەوە دەگوازرێتەوە؟ لە ژاپۆن، ژمارەیەک لێکۆڵەر تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر گوێزرانەوەی ئەو دڵۆپە ئاوانە کردووە کە لە رێگەی پژمین و قسەکردنەوە لە دەمی کەسێکەوە دەردەچن و بڵاودەبنەوە. تاقیکردنەوەکە لە رێگەی چەند کامێرەیەکی پێشکەوتوو تۆمارکراون و ئەنجامەکانی دڵخۆشکەرنین.
 
ئەمە شتێکی روون و ئاشکرا کە لە رێگەی پژمین و کۆکە ئەم دڵۆپانە دەگوێزرێنەوە، بەڵام ئەم تاقیکردنەوەیە دەریخستووە، دڵۆپەکان لە کاتی قسەکردنیشدا بڵاودەبنەوە و ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە دەگوازنەوە بۆ کەسێکی دیکە. 
 
کازوهیرۆ تاتێدا، سەرۆکی کۆمەڵەی ژاپۆن بۆ نەخۆشییە گوێزراوەکان "دڵۆپە بچووکەکان ژمارەیەکی زۆر ڤایرۆس هەڵدەگرن، ئەم دڵۆپانە درووست دەبن کاتێک بە دەنگی بەرز قسە دەکەین، یانیش بە تووندی هەناسە دەدەین. خەڵک لە دەرەوە هەناسە دەدەن و بەم شێوەیەش ڤایرۆسەکە بڵاودەبێتەوە. ئێستاش ئێمە ئەم مەترسییە دەبینین".
 
لە ژوورێکی داخراودا، بەتایبەتیش کە هەواگۆڕکێی تێدانییە، کاتێک بەدەنگی بەرز قسە دەکرێت، لەگەڵ قسەکردندا دڵۆپە ئاوی بچووک دەردەچن، ئەم دۆڵپانە لە شوێنی خۆیان نامێننەوە بەڵکو بە خێرایی بڵاودەبنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ شوێن و کەسانی دیکە. 
 
ئەوەی کە مەترسیداریشە، ئەوەیە ئەو دڵۆپە بچووکانە بۆ ماوەی خولەکێک و دوو خولەک لە هۆڵەکەدا نامێننەوەو نانیشن، بەڵکو بۆ ماوەی 20 خوولەک دەمێننەوە، ئەمەش ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە زیاتر دەکات.
 
لە هەر شوێنێک کێشەیەک هەبێت، بەدڵنیاییەوە چارەسەرێکیش بۆ ئەم کێشەیە هەیە، بۆیە دەتوانین بە چەندین شێوە رێگری لە بڵابوونەوەی ئەم دڵۆپە بچووکانەش بکەین و رێگەی نەدەین ڤایرۆسەکە بڵاوبکەنەوە، یەکەمیان بە لەیەکدی دوورکەوتنەوە و دووەمیشیان بە کردنەوەی پەنجەرەکان و دانانی هەواگۆڕکێ، ئەمەش هاوکار دەبێت کە بەشێکی زۆر لەم دڵۆپە بچووکانە لەناوبچن و بچنە دەرەوەی ژوورەکە و کاریگەرییان کەمببێتەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

19:21

زۆرترین تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا لە هەرێمی باڤاریان

زۆرترین تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا لە هەرێمی باڤاریان
 
لە ئەڵمانیا 89 هەزار و 126 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەسەر ئاستی جیهان چوارەم وڵاتە لەڕووی ژمارەی تووشبووان، بەڵام ژمارەی گیانلەدەستدان تێیدا لە ئاستێکی نزمدایە و هەزار و 208 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
24 هەزار و 575 تووبوو لە ئەڵمانیا لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە، بەپێی ئامارەکان هەرێمی باڤاریا کە پایتەختەی مونشن ـە لە رۆژی 31ـی ئادارەوە بووەتە یەکەم هەرێمی ئەو وڵاتە لەڕووی ژمارەی تووشبووان. 
 
پێشتر زۆرترین ژمارەی تووشبوون لە دویسەلدۆرف بوو کە دانیشتووانەکەی 18 ملیۆن کەسن و گەورەترین هەرێمی ئەڵمانیایە. 
زیاتر بخوێنەوە

18:40

لە بەریتانیا 684 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا

لە بەریتانیا 684 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا
 
وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا ئاماری نوێی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 605 تووشبووی کۆرۆنا لە وڵاتەکەمان مردوون".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا، لە 24 کاژێری رابردوو چوار هەزار و 450 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون. 
 
وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوو 173 هەزار و 748 پشکنینیان کردووە. کۆی گشتیی تووشبووانیش 38 هەزار و 168 کەسن. 
زیاتر بخوێنەوە

18:39

562 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە نیویۆرک مردن

562 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە نیویۆرک مردن
 
لە 24 کاژێری رابردوودا 562 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا گیانیان لەدەستدا و بەوەش تاوەکو ئێستا 2 هەزار و 935 کەس لە ویلایەتیەتەکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
 
تووشبووانی کۆرۆنا لە تەواوی ئەمریکا 257 هەزار و 379 کەسن بەپێی ئامارەکانی وۆڵد مێتەر کە شەش هەزار و 558 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 102 هەزار تووشبوو لە ویلایەتی نیویۆرکن.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:16

رووسیا: هێشتا نەگەیشتووینەتە لووتکەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

 
سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایدەگەیێنێت، هێشتا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکە نە گەیشتووەتە لووتکە لەم قۆناخەدا ناتوانین روودانی خراپترین سیناریۆ لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەبەرچاونەگرین.
 
میخائیل میچۆستین، سەرۆکوەزیرانی رووسیا ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت لە سەرجەم بڕیارەکانیان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تایبەتمەندییەکانی هەر ناوچەیەک لەبەرچاوبگرن لەڕووی رەوشی ئابووری و ژمارەی دانیشتووان و خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
 
رۆژی هەینی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە و گوتیشی: ئەگەرئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دابەزی، ئەوا وادەکە بۆ نیوە کەمدەکرێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار تووشبوو لە رووسیا هەن لەنێوانیان نزیکەی 40 کەس گیانیان لەدەستداوە.
زیاتر بخوێنەوە

12:50

باری نائاسایی لە پرتوگال تاوەکو 17ی نیسان درێژکرایەوە

تائێستا لە پرتوگال 9034 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە
مەترسییەکانی کۆرۆنا لە ئەوروپا هێشتا بەردەوامن و رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی تووشبووان زیاتر دەبن، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی باری نائاسایی درێژبکەنەوە لە نێویاندا پرتوگال.
 
مارسێلۆ رێبێلیۆ، سەرۆکی پرتوگال لە گوتارێکی لەبارەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆسەر وڵاتەکەی رایگەیاند، لەدوای راوێژکردن بە شارەزایان و وەرگرتنی رەزامەندی پەرلەمان بڕیاریانداوە باری نائاسایی درێژبکەنەوە.
 
سەرۆکی پرتوگال راشیگەیاند، باری نائاسایی تاوەکو 17ی ئەم مانگە بەردەوامدەبێت و داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد پێیەوە پابەندبن.
 
تائێستا لە پرتوگال 9034 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، 209 کەس گیانیانلەدەستداوەو 68 کەسیش چاکبوونەتەوە.
زیاتر بخوێنەوە

10:03

کاپتنێکی سوپای ئەمریکا لە کارەکەی دوورخرایەوە

کەشتی تیۆدۆر رۆزفێڵت، کە کەشتییەکی سەربازی ئەمریکییە لە زەریای هێمن
لەسەر پێدانی هۆشداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا، کاپتنێکی سوپای ئەو وڵاتە لە کارەکەی دوورخرایەوە.
 
تۆماس مۆدلی، وەزیری هێزی دەریایی ئەمریکا بە وەکالەت رایگەیاند، برێت کۆرۆزێر، کاپتنی کەشتی تیۆدۆر رۆزفێڵت، کە کەشتییەکی سەربازی ئەمریکییە لە زەریای هێمن لەکارەکەی دوورخراوەتەوە.
 
تۆماس مۆدلی راشیگەیاند، کاپتنی کەشتییەکە بەهەڵە هەڵسەنگاندنی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو کەشتییەکەیدا کردووە و هۆشدارییەکەی لە جێی خۆیدا نەبووە. 
 
ئەم بڕیارەی هێزی دەریایی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، کاپتن برێت کۆرۆزێر هۆشداری بە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی دا، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هەڕەشە بۆ سەر کەشتییەکەی و هەروەها داوای کەرەنتینکردنی زیاتر لە 4000 سەربازی نێو کەشتییەکەی کردبوو.
زیاتر بخوێنەوە

09:51

سوپای ئەمریکا نەخۆشخانەیەکی کاتی لە سیاتڵ دروستدەکات

تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا 245 هەزار و 193 کەس تووشی کۆرۆنابوون
سوپای ئەمریکا هاوکاری ویلایەتەکان دەکات و لە شاری سیاتڵیش لە ویلایەتی واشنتن نەخۆشخانەیەکی سەربازییان بۆ تووشبووانی کۆرۆنا دروستکردووە.
 
نەخۆشخانەکە کاتییە و لە رۆژی چوارشەممەوە دەست بە دروستکردنی کراوە و ئێستا کارەکانی گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و دەتوانێت پێشوازی لە تووشبوانی ڤایرۆسەکە بکات.
 
تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا 245 هەزار و 193 کەس تووشی کۆرۆنابوون، لەو ژمارەیە لە 6473 لە ویلایەتی واشنتن تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
 
زۆرترین تووشبوو لە ئەمریکا لە ویلایەتی نیویۆرکن، لەدوای نیویۆرکیش هەریەکە لە ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا،  نیوجێرسی، مەساچوستس، ئیلینۆی، کالیفۆرنیا و واشنتن دێن.
زیاتر بخوێنەوە

09:46

خەڵکی لەندەن دەستخۆشی لە تیمەکانی تەندروستی دەکەن

 بەدەر لە تیمەکانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان خەڵکی دیکە لە ماڵەکانیان ناچنەدەرەوە
بەدەر لە تیمەکانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان خەڵکی دیکە لە ماڵەکانیان ناچنەدەرەوە
خەڵکی لەندەن لە باڵکۆنی ماڵەکانیان دەستخۆشی لە تیمەکانی تەندروستی دەکەن و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن. 
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا، قەدەخەی هاتووچۆ لەم وڵاتە راگەیێندراوەو بەدەر لە تیمەکانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان خەڵکی دیکە لە ماڵەکانیان ناچنەدەرەوە.
 
وەک رێزێک بۆ تیمەکانی تەندروستی ئەوانەی لەبەری پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنان، خەڵکی لەندەن درەنگانی رۆژی پێنجشەممە هاتنە باڵکۆنی شوقەکانیان و بە چەپڵە دەستخۆشیان لێکردن. تاوەکو ئێستا 33718 کەس لە بەریتانیا تووشی کۆرۆنا بوونە و 135 کەسیش گیانیانلەدەستداوە. 
زیاتر بخوێنەوە

09:44

لە واشنتن باری نائاسایی بۆ 4ی ئایار درێژکرایەوە

لە واشنتن باری نائاسایی بۆ 4ی ئایار درێژکرایەوە
بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا، باری نائاسایی لە ولایەتی واشنتن بۆ 4ی ئایار درێژکرایەوە.
 
جەی ئنسلی، حاکمی ویلایەتی واشنتن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئێمە ئەرکمانە کە خۆمان و هەروەها خۆشەویستەکانمان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزین، چەند رۆژێکی سەختیشمان لە پێشن.
 
حاکمی ویلایەتی واشنتن راشیگەیاند، بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکانی کۆرۆنا بۆ سەر ویلایەتەکەیان، بڕیاریانداوە باری نائاسایی تاوەکو 4ی ئایاری ئەمساڵ درێژبکەنەوە.
 
یەکەمین کەس کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا گیانیلەدەستدا لە ویلایەتی واشنتن بوو لە شاری سیاتڵ. 
 
تاوەکو ئێستا بەتەنیا لە ویلایەتی واشنتن لە ئەمریکا نزیکەی 6473 کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوونە و 271 کەسیش گیانیانلەدەستداوە.
زیاتر بخوێنەوە

09:33

نوێترین هەواڵ و زانیارییەکانی کۆرۆنا لە جیهان

دوایین زانیارییەکان
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە ئیسپانیا 10 هەزار کەسی تێپەڕاند و تائێستاش لەم وڵاتە 112065 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە.
 
لە دوای ئیتاڵیا، ئیسپانیا بە دووەمین وڵات دێت لە ئەوروپا کە زۆرترین تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ تۆمارکرابێت و لەماوەی 24 کاژێری رابردووشدا نزیکەی 950 تووشبووی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا، تائێستا لە وڵاتەکەیاندا زیاتر لە 112 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوونە، هاوکات 10348 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگشتی لەسەر ئاستی جیهان، تا ئێستا نزیکەی 1,016,399 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و زیاتر لە 53 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە