70 کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری لە فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان لە رووسیا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 70 کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان سەردانی رووسیایان کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 3ی ئاداری 2024، باوەڕ محەممەد، یەکێک لەو گەنجانەی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان سەردانی رووسیای کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە 70 کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان سەردانی رووسیایان کردووە و ژمارەیەک گەنجی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بۆ بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە."
باوەڕ محەممەد، کە یارمەتیی دەرفەت رەخساندن بۆ گەنجانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات دەکات، دەشڵێت، لە هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستانەوە لانیکەم هاونیشتیمانییەک بۆ بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵەوە هەڵبژێردراوە و بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بە هەمان شێواز بووە.
هەروەها، هەوڵدراوە لە هەڵبژاردنی کەسەکاندا خەڵکی زۆرترین شار و ناوچە وەربگیرێن.
بەشداربووە کوردەکەی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 20 هەزار کەس لە تەواوی جیهانەوە بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەن.
زۆرترینی ئەوانەی بەشداری دەکەن خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای باشوورن.
حکومەتی رووسیا خەرجیی بەشێک لە بەشداربووانی لە ئەستۆ دەگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو گەنجەی هەرێمی کوردستان، لەو کەسانەی بەشداریی فێستیڤاڵەکە دەکەن، دوو هەزاریان بەشداری لە پڕۆگرامێکی تایبەت دەکەن کە تێیدا گەنجانی بەشدار بوو بە کولتووری وڵاتەکە ئاشنا دەکرێن.
فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان رۆژانی 1 بۆ 7ی ئەم مانگە لە شاری سۆچیی رووسیا بەڕێوەدەچێت کە لە مانگی حوزەیران بۆ کانوونی یەکەمی رابردوو زیاتر لە 300 هەزار کەس لە 180 وڵاتی جیهانەوە داواکارییان پێشکێش کردبوو.
رۆژانی 10 بۆ 17ی ئەم مانگە،ئەوانەی بەشداری پڕۆگرامی ئاشنابوون بە کولتووری رووسیا دەکەن سەردانی نزیکەی 30 شاری رووسیا دەکەن؛ لەوانەش مۆسکۆی پایتەخت.
بەگوێرەی بەرپرسانی رووسیا، فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان لەسەر پێشنیازی سەرۆکی رووسیا بەڕێوە دەچێت و بڕیارە ساڵانە فێستیڤاڵەکە بکرێت.