رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکان دەردەکەوێت کە لە سوێد دایکان و باوکانی کورد حەماسێکی زۆر گەورەیان بۆ فێرکردنی منداڵەکانیان بە کوردی نییە. لە کۆی 16 هەزار منداڵی کورد کە مافی فێربوونی کوردییان هەبووە، تەنیا هەشت هەزار و 600 منداڵ وانەی کوردییان وەرگرتووە.
کەیا ئیزۆل، شارەزای سیستمی پەروەردەی سوێد کە ساڵانی زۆرە لەو وڵاتە دەژی و جگە لە کارەکانی لەنێو دامەزراوەکانی جڤاکی سیڤیل، ماوەیەکی زۆریش مامۆستای زمانی کوردی بووە؛ دەڵێت، "لە ساڵی 1977 حکومەتی سوێد یاسایەکی دەرکرد و رێگەی دا هەموو هاووڵاتییەکی سوێدیی بە رەچەڵەک هەر کوێ بێت ئازادە بە زمانی دایکی بخوێنێت."
کەیا ئیزۆل گوتی، "بۆیەکەمجار لە ساڵی 1984 وانەی کوردی لە سوێد خوێندرا، لەو ساڵە حکومەتی ئەوکاتی تورکیا هەوڵیدا رێگە نەدات زمانی کوردی لە سوێد بخوێندرێت، بەڵام حکومەتی سوێد رەتیکردەوە و بەردەوام بوو".
ئەو شارەزایەی پەروەردە باس لەوەش دەکات کە "ئێستا 50٪ منداڵانی کورد لە وڵاتی سوێد زمانی کوردی دەخوێنن. هۆکاری کەمیی رێژەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشێکی زۆری دیاسپۆرای کوردی سوێد لە باکووری کوردستانەوە هاتوون و ئەوان ناتوانن رێگە بدەن منداڵەکانیان بە کوردی بخوێنن، بەهۆی ئەو گوشارەی تورکیا لێیان دەکات، چونکە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا کێشەیان بۆ دروست دەکات و بۆیە ناچارن بە تورکی بخوێنن".
کەیا ئاشکرایکرد، نزیکەی 160 هەزار کورد لە سوێد دەژین و دوای چەندین نەوە ئێستا زمانی سوێدی لەنێو خانەوادە کوردەکان سوێدییە و دواتر کوردییە.
کەیا گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە نەیتوانیوە هاوکاریی کوردی دیاسپۆرای سوێد بکات بۆئەوەی بە زمانی خۆیان بخوێنن و هیوای خواست لە داهاتوودا ئەمە بکات.
کەیا ئیزۆل دڵخۆشیی خۆی دەربڕی کە لە سوێد 16 هەزار منداڵی کورد مافی فێربوونی کوردییان هەیە و بە کوردی دەخوێنن و گوتی، "وەزارەتی پەروەردەی سوێد هاوکارە بۆ ئەوانەی بیانەوێ بە زمانی کوردی بخوێنن و هەموو پێداویستییەکی لە بینا و کتێب و مامۆستا و هۆکارەکانی فێرکردنی لەو بارەیەوە فەراهەمکردووە و ئێستا زمانی کوردی حەوتەم زمانی گەورەیە لە سوێد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ