بەهۆی نەخۆشیی شێتیی مانگاوە ژمارەیەک وڵات هاوردەکردنی گۆشت لە بەرازیلەوە قەدەخە دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

دوای تووشبوونی گایەک لە بەرازیل بە نەخۆشیی شێتی، ژمارەیەک وڵات هاوردەکردنی گۆشتیان لەو وڵاتەوە قەدەخەکرد. رووسیا، چین، تایلاند، ئوردن و ئێران لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە هاوردەکردنی گۆشتەکەیان وەستاندووە. 
 
هاوکات وەزارەتی کشتوکاڵی بەرازیل رایگەیاند، ئەو نەخۆشییەی کە گایەکە تووشی بووە، هاوشێوەی ئەوە نییە کە لە رێگەی ئالیفی پیسبووەوە تووشی مانگا دەبێت، بەو واتایەی کە چاوەڕێ ناکرێت نەخۆشییەکە بە فراوانی لەنێو ئاژەڵاکاندا بڵاوبووبێتەوە، بۆیە وەزارەتەکە لە هەوڵدایە وڵاتان رازی بکات قەدەخەی هاوردەکردنی گۆشتی بەرازیلی هەڵبووەشێننەوە. 
 
شێتیی مانگا نەخۆشیێکی ترسناکە کە مێشک و دڕکەپەتک دەکاتە ئامانج، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی کاریگەری بۆ نەدۆزراوەتەوە. نەخۆشییەکە لە رێگەی خواردنی گۆشتی مانگای توشبووەوە بۆ مرۆڤ دەگوازێتەوە.
 
وەستانی هەناردەی گۆشتی سوور لە بەرازیلەوە بۆ ئەو وڵاتانە دەبێتە هەڕەشە لەسەر کەرتی ئاژەڵداریی بەرازیل کە یەکێکە لە گەورەترینەکانی جیهان. 
 
ساڵی رابردوو، بەرازیل 2.3 ملیۆن تۆن گۆشتی سووری هەناردەی دەرەوە کرد کە بە بەهای 13.1 ملیار دۆلار بوو. نیوەی زیاتری ئەو گۆشتە هەناردەی چین کرابوو. 
 
وەزارەتی کشتوکاڵی بەرازیل گوتی، کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ بەرپرسانی چین دەکات بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هاوردەی گۆشتەکە بدەنەوە. 
 
ئەو گایەی کە تووشبووە تەمەنی 9 ساڵە و رۆژی 20ـی شوبات ئاشکرا کرا.