ژاپۆن زیاتر لە 7 هەزار دوورگە دەدۆزێتەوە کە پێشتر پێینەدەزانین


رووداو دیجیتاڵ

لەدوای ئەوەی ژاپۆن جارێکی دیکە سەرژمێری بۆ دوورگەکانی کرد، بۆی دەرکەوت کە زیاتر لە 7 هەزار دوورگەی دیکەی هەیە. 
 
نەخشەسازیی دیجیتاڵی سەر بە ئاژانسی زانیاریی جوگرافیی ژاپۆن (GSI) دەریدەخات کە 14 هەزار و 125 دوورگە لە سنووری ژاپۆن هەن، ئەوەش زیاتر لە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە پێشتر لە ساڵی 1987 لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆنەوە دیاریکرابوو و بە فەرمی بەکاردەهێنران.
 
ژمارەی ئەوکاتی دوورگەکان شەش هەزار و 852 دوورگە بوو، بەڵام بەگوێرەی داتا نوێیەکە وڵاتەکە ئێستا 7 هەزار و 273 دوورگەی دیکەی هەیە.
 
ئاژانسی زانیاریی جوگرافیی ژاپۆن دەڵێت، دۆزینەوەی ئەو دوورگە نوێیانە، بۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای رووپێوی و وردەکاریی ئەو نەخشانە دەگەڕێتەوە کە بۆ ژماردنی دوورگەکان بەکارهێندراون. هاوکات گوتیشی کە ئەوە مانای ئەوە نییە گۆڕانکاری بەسەر سنووری ژاپۆندا بێت. واتە ئەو دوورگانە هەر لەنێو سنووری دیاریکراوی وڵاتەکەدا هەبوون، بەڵام نەژمێردرابوون. 
 
ئاژانسەکە باس لەوەش دەکات، لەکاتێکدا هیچ رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نییە لەبارەی چۆنیەتی ژماردنی دوورگەکان، ئەوان رووپێوییەکەی پێش 35 ساڵیان بەکارهێناوە. ئەوەش بریتی بوو لە ژماردنی هەموو ئەو رووبەرە زەوییانەی کە بە شێوەیەکی سرووشتی لەنێو رووبەرە ئاوییەکاندا هەن و رووبەرەکەیان لانیکەم 100 مەتر دەبوو. ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوورگەکانی دەوروبەری ژاپۆن بوونەتە هۆی چەند ناکۆکییەک لە سنوورەکاندا. 
 
ژاپۆن داوای دوورگەکانی باشووری کوریل دەکات کە لەلایەن رووسیاوە دەستیان بەسەرداگیراوە؛ ژاپۆن ئەو دوورگانە بە "خاکەکانی باکوور" ناودەبات. ئەو ناکۆکییە بۆ کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە، کاتێک یەكێتیی سۆڤییەت دوورگەکانی لە ژاپۆن سەند. 
 
ژاپۆن دەشڵێت، بەڵگەی مێژوویی هەیە لەسەر دوورگەکانی سێنکاکو لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان ژاپۆن و چین. ژاپۆن ئێستا دەسەڵاتی بەسەر دوورگەکانەوە هەیە، بەڵام چین ئەو بانگەشەیە رەتدەکاتەوە. 
 
هاوکات، ژاپۆن و کۆریای باشوور ناکۆکییەکی زیاتر لە 70 ساڵەیان لەسەر سەروەری کۆمەڵێک دوورگە هەیە، کە بە دۆکدۆ لەلایەن سیئۆل و تاکێشیما لەلایەن تۆکیۆ لە دەریای ژاپۆن ناسراون. کۆریای باشوور ئەو دەریایە بە دەریای رۆژهەڵات ناو دەبات.