کەپسوولەکەی سپەیس ئێکس گەیشتە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان

03-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەپسوولی کروو دراگۆنی کروو شەشی هاوبەشی سپەیس ئێکس و ناسا بە چوار کەشتیوانەوە سەرکەوتوویی دەگاتە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان.
 
رۆژی هەینی، 3ـی ئاداری 2023، کەپسوولەکەی ناسا کاژێر 9:40 ـی بەیانیی بە کاتی هەولێر، گەیشتە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان. 
 
ئەم گەشتەی ناسا، بڕیاربوو رۆژی دووشەممە بکرێت، بەڵام بەهۆی گیرانی فیلتەرێکییەوە کە سووتەمەنیی بۆ کارکردنی بزوێنەری رۆکێتەکە دابیندەکرد، دوو خوولەک پێش هەڵدانی دواخرا. 
 
کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی، دوای هەوڵە شکستخواردووەکە، دواجار، رۆژی 2ـی ئادار کەشتییەکەی بەچوار سەرنشینەوە هەڵدایە بۆشایی ئاسمان.
 
رۆکێتی فالکۆن 9 کە هەڵگری کەپسوولی 'کروو دراگۆن' بوو و ناونرابوو بە ئێندێڤۆر یاخود' تێکۆشان'، کاژێر 08:34 خولەکی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر، لە وێستگەی ئاسمانی کەنەدی لە فلۆریدا بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدرا.
 
ئەرکی ئەم گرووپە چی دەبێت لە بۆشایی ئاسمان؟ 
 
لەو کاتەوەی دەگەنە نێو وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان، گرووپە چوار کەسییەکەی گەشتی کروو شەش، دەیان تاقیکردنەوە، لەنێویدا لەبارەی "سووتانی مادە لە هێزی راکێشانی ورد و فرمانەکانی دڵ، مێشک و کڕکڕاگە" دەکەن. 
 
ئەم گرووپە، دەبێتە شەشەمین گرووپ لەلایەن رۆکێتی سپەیس ئێکسەوە بنێردرێتە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان. ئەو کەپسوولەی کەشتیوانەکانیشی تێدایە، پێشتر سێ جار گەشتی بۆ نێو بۆشایی ئاسمان کردووە. 
 
هەموو شەش مانگ جارێک دەزگای ناسا بڕە پارەیەک دەداتە کۆمپانیای سپەیس ئێکس بۆ ئەوەی کەشتیوانەکانی بنێرێتە وێستگە نێودەوڵەتییەکە. 
 
بەگوێرەی ناسا، ئەم چوار کەشتیوانە چەند رۆژێکی کەم لەگەڵ کەشتیوانەکانی کروو پێنج لە وێستگەی ئاسمانیی بەسەر دەبەن، دواتر کەشتیوانەکانی کروو پێنج، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022ـەوە لە وێستگەکەدان، بە کەپسوولەکەی سپەیس ئێکس دەگەڕێنەوە سەر زەوی.
 
دروستکردنی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 1998 دەستیپێکرد، لەکاتێکدا هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و رووسیا لەدوای جەنگی ساردەوە، لەوپەڕی دابوو. 
 
ستێفان باون، فەرماندەی گەشتەکە، بەر لە هەڵدانی رۆكێتەکە گوتی: "هەر کە گەیشتینە بۆشایی ئاسمان، هەمووی یەک گرووپین، یەک کەشتی و یەک ئامانجمان هەیە. ئێمە لە چەند ساڵی رابردوودا راهێنانمان لە رووسیا کردووە و سەرنجمان لەسەر گەشتەکەیە." 
 
سوڵتان نەیادی، کەشتیوانی ئاسمانیی ئیماراتی پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو: "پلانمان هەیە کە زۆر لێکۆڵینەوە بکەین لەسەر پێوانی کاریگەرییەکانی نەبوونی هێزی راکێشان لەسەر جەستەمان. بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر دی ئێن ئەی تۆمار بکەین. تەماشای کاریگەرییەکان لەسەر ئێسک و چڕی ئێسک دەکەین و تەماشای کاریگەرییەکان لەسەر وزەی کارەبایی دڵ دەکەین بۆ ئەوەی بزانین کاریگەریی لەسەر سیستمی بەرگریی جەستە چۆنە."
 
کەشتیوانەکان کێن؟ 
 
کەپسوولەکە چوار ئاسمانەوانی هەڵگرتووە، کە دووانیان سەر بە ناسان، یەکێکیان ئیماراتی و ئەوەی دیکەشیان رووسییە.

 

تاقمە چوار کەسییەکەی ئەم گەشتە لەلایەن ستیفن باون، کەشتیوانی ئاسمانی ناسا سەرپەرشتی دەکرێت، ستیفنی تەمەن 59 ساڵ، کە رۆژگارێک سەربازی هێزی دەریایی ئەمریکا بوو، 40 رۆژ لە بۆشایی ئاسمان ماوەتەوە، سێ گەشتی کردووە و حەوت جاریش لە بۆشایی ئاسمان رێی کردووە، کە پێی دەڵێن 'سپەیس واک.' 
 
کەشتیوانەکەی دیکەیان وارن هابۆرگە، کە ئەندازیارێکی تەمەن 37 ساڵانە و هاوکات فڕۆکەوانی فڕۆکەی گەشتیارییە، ئەو یەکەمجاریەتی گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان دەکات.
 
سوڵتان نەیادی تەمەن 42 ساڵ، وەکو یەکەم عەرەب بەناوی ئیماراتەوە پێ دەنێتە بۆشایی ئاسمان. سوڵتان پێشتر لە چاوپێکەوتنێکەدا لەگەڵ رۆژ عەلی زاڵە، پەیامنیری رووداو بە شانازی و بە گەشبینییەوە باس لە پلانی گەشتەکەی بۆ بۆشایی ئاسمان کردبوو.
 
دواینیشیان ئاندری فیدیایڤی گەردوونناسیی رووسییە، کە تەمەنی 42 ساڵانە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە