سەرۆکی سی ئای ئەی ئەمریکا پێش رووسییەکان دەیزانی کە پووتین هێرش دەکات

03-03-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن جارێ ماویەتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکییەکان تەنانەت بە کاژێر دەیانزانی کە کەی رووسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکراینا، ئەمجارە لەڕووی هەواڵگرییەوە ئەمریکا گورزی لە رووسیا وەشاند و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا تەنانەت پێش رووسییەکان دەیزانی کە پووتین هێرش دەکات.  
 
کاتێک جۆ بایدن دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، داوا لە دەزگای هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی دەکات دوو شت بکەنە کاری لەپێشینەیان، یەکەم رووسیا دووەم چین. بۆ ئەم مەبەستەش جۆ بایدن ویلام بێرنز، دیپلۆماتی بە ئەزموونی ئەمریکا و پسپۆڕ لە بواری رووسیا دەکاتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی - سی ئای ئەی.
 
بێرنز چی کرد؟
 
بێرنز لە رووسیا چەندین ساڵ وەک باڵیۆزی ئەمریکا کاریکردووە و زمانی رووسی بەباشی دەزانێ. وەک خۆیشی باسی کردووە مامەڵەی لەگەڵ پووتین قژی سپی کردووە. هەر بۆیە لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی سی ئای ئەی، بێرنز دەست بە کارکردن لەسەر دۆسیەی رووسیا دەکات.
 
یەکەم راپۆرت دەداتە بایدن و دەڵێت، ڤلادیمیر پووتین "تووشی لە خۆبایبوون بووە" و حەز بە سەرکەوتنێکی سەربازی دەکات و ئۆکراینا ئامانجی سەرەکییەتی. هەروەها بۆ بەهێزکردنی ئابوورییەکەی دەیەوێ نرخی نەوت و سووتەمەنی زیاد بکات.
 
ئەو راپۆرتە ساڵی رابردوو دراوەتە سەرۆکی ئەمریکا. 
 
لەگەڵ ئەوەی ئاماژەکان زیاد دەکەن کە پووتین ئەو هێرشە بکات، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بڕیار دەدات زانیارییەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەش بکات. جگە لە بەریتانیا هەموو وڵاتەکانی دیکە بە تایبەتی ئەوروپییەکان دەڵێن دیسان وەکو عێراقە و ئەمجارە سی ئای ئەی بە ئۆکرایناوە گرتوویەتی. وەک ئاماژەیەک بە شکستی سی ئای ئەی لە هەڵسەنگاندنی بۆ شەڕی ئەمریکا لە عێراق.
 
دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بە کۆشکی سپی دەڵێن، رووسیا هێزێکی زۆر کۆدەکاتەوە و ئامانجیش هەر ئۆکراینایە.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ویلام بێرنز بانگ دەکات و دەڵێت مادام تۆ یەکلابوویتەتەوە، بۆیە دەبێ زیاتر کارەکە بە جیددی وەربگرین و نەهێڵین پووتین هەڵەی ئاوا گەورە بکات. هەر بۆیە داوا لە ولیام بێرنز، سەرۆکی سی ئای ئەی دەکات خۆی بچێتە مۆسکۆ.
 
بێرنز دەگاتە مۆسکۆ و لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، بەڵام هەست دەکات هاوتا رووسییەکانی دابڕاون دەڵێن، هێرشی چی پووتین کاری وا ناکا، بەڵام لەوێ ناگەڕێتەوە و دەڵێ دەمەوێ پووتین ببینم.
 
کرێملین دەکەونە گومان و سەرۆکی سی ئای ئەی کە هاوتای سەرۆکی رووسیا نییە بۆ دەیەوێ پووتین ببینێت، بەڵێ وەڵامی ویلام بێرنز دەدەنەوە کە پووتین ناتوانێ کۆبوونەوەکە بکات.
 
بێرنز هەر لە مۆسکۆ دەمێنێتەوە و دەڵێ دەمەوێ بیبینم و من بە نوێنەری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لێرەم. کرێملین دەڵێت، هەرچەندە لەڕووی پرۆتۆکۆڵەوە ناگونجێ، بەڵام سەرۆک پووتین رازییە و دەیەوێ بە تەلەفۆن گفتوگۆ بکەن لە بری کۆبوونەوە و یەکدی بینین.
 
ویلام بێرنز رازی دەبێ و لەو کاتەی لە مۆسکۆیە بە تەلەفۆن بە زمانە رووسییە باشەکەی قسە لەگەڵ پووتین دەکات. پووتین خۆی ئەفسەری پێشووی دەزگای کەی جی بیی رووسییە، بۆیە دوو ئەفسەری هەواڵگریی بێرنز و پووتین پێکەوە قسە بکەن بێگومان دەنگی هەردوولا تۆمار دەکرێت.
 
بێرنز و تیمەکەی هەر لە مۆسکۆ شیکردنەوە بۆ قسەکانی پووتین دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا و بە بایدن دەڵێن گەیشتینە دوو خاڵ:
 
یەکەم: ئەوەی باوەڕی وابێ پووتین هێرش ناکاتە سەر ئۆکراینا "گەمژەیە"
 
دووەم: کرێملین و پووتین زۆر شتیان هەیە بە دەزگاکانی دیکەی رووسیا ناڵێن و زانیاریی بەش ناکەن.
 
هەر ساڵی رابردوو دوای گەڕانەوەی ولیام بێرنز تەلەفۆن بۆ هاوتا ئەوروپییەکانی دەکات و دەڵێ ئامادە بن بۆ هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
 
ئەوروپییەکانیش دەڵێن، باوەڕ ناکەین و دەڵێن شتی وا نابێ. فەرەنسا دەڵێت، پووتین بەڵێنی بە ئیمانوێل ماکرۆن داوە کە شتی وا روونەدات. ئەڵمانییەکانیش دەڵێن، بەڕێز ولیام، ئەمریکا شت گەورە دەکات. 
 
ئۆکراینا خۆی دەڵێت، ئەمریکا بۆ دەمانترسێنی شتی وا روونادات. وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش دەڵێن، قسەکانی ئەمریکا هەموویان "درۆن" و ئەمریکا تووشی "هیستریا بووە."
 
کۆتاییەکانی 2021 و مانگی کانوونی دووەمی 2022
 
هەواڵگریی ئەمریکا بەردەوامە لەوەی کاتی ئۆپەراسیۆنەکە دیاری بکات بۆ ئەوەی سەر لە پووتین بشێوێنن. ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستدەکات بە ئاشکراکردنی کاتەکان. دەڵێت، کۆتایی ئەم مانگە پووتین دوای دەخات. دەڵێن سەرەتای مانگی شوبات و پووتین دوای دەخات، پاشان دەڵێن نێوەڕاستی مانگی شوبات و جارێکی دیکە پووتین هێرشەکە دوای دەخات، تا وای لێدێ بایدن لە مانگی شووبات گوتی ئەم چوارشەممەیە 16ـی مانگ پووتین هێرش دەکات، بەڵام پووتین دوای خست.
 
ئیدی پووتین کاتی بۆ نامێنێتەوە و ڤیدیۆی راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکە تۆماردەکات و بۆ ئەوەی کەس نەزانێ کەی هێرش دەکات.پووتین لە رۆژی پێنجشەممە24-2-2022 ڤیدیۆکە دەداتە میدیاکانی رووسیا و دەڵێت، سەر لە بەیانیی زوو پەخشی بکەن.
 
ئەنتۆنی بلینکن، رۆژی 23ـی مانگ دەڵێت، ناگاتە بەیانی پووتین هێرشەکە دەکات و قسەکەی راست دەرچوو. ئەم سەرکەوتنەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا لە ئۆکراینا بەسەر رووسیا پووتینی بێتاقەت کردووە.
 
پووتین هەر بەوە بێتاقەت نەبووە کە کاتەکەی ئاشکراکراوە بەڵکو دەرکەوتووە ویلیام بێرنز، سەرۆکی سی ئای ئەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەنهێنی مەشقی بە هێزێکی ئۆکراینا کردووە بۆ شەڕی کۆڵان بەکۆڵان و چەکی دژە تانکی داونەتێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا.
 
باسی چەکی ناوەکیش لەلایەن پووتینەوە هەر بۆ ئەو بێتاقەتییەی دەگەڕێتەوە. کاتێک ئەمریکا دەڵێت، رووسیا ناگاتە بەیانی ھێرش دەکات، ئەوروپییەکان ئەمجارەش دەڵێن "دیسان بەزمەکەیە."
 
جا بابزانین باوەڕ نەبوونی ئەوروپییەکان بە ئەمریکا چییان بەسەر دێنێت، برانۆ کاهڵ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا سەرەڕای ئەوەی ئەمریکییەکان دەڵێن ناگاتە بەیانی پووتین هێرش دەکات، ئەو گوێ ناداتێ و بە فڕۆکە دەچێتە کیێڤ بۆ بینینی سەرۆکی ئۆکراینا و دەڵێت، کارێکی تایبەتی هەیە و بە تەلەفۆن ناگوترێت. ئەو سەردانەش دەکات بەبێ ئەوەی بە ئەمریکییەکان بڵێ.
 
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا لە ئۆکراینا دەبێت و شەو لە هۆتێل دەبینێ پووتین هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا راگەیاند و قسەی ویلام بێرنزی هاوتا ئەمریکییەکەی راست دەرچوو.
 
سەرۆکی هەواڵگریی ئەڵمانیا شۆک دەبێ و نازانێ چۆن بگەڕێتەوە و ئاسمان مەترسیدارە، ئەو نەک پێشبینیی کات و هێرشی رووسیای نەکردبوو، تەنانەت ئاگاداری ئەوەش نەبوو کە دوایین فڕۆکەی ئەڵمانیا بۆ دەرکردنی دیپلۆماتە ئەڵمانییەکان ئۆکراینای بەجێهێشتووە. ئەو شەوە رووسیا بە مووشەک هێرش دەکات و فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانەوە و سەرۆکی هەواڵگریی ئەڵمانیش لە کیێڤە.
 
حکومەتی ئەڵمانیا دێتە سەر هێڵ و لەگەڵ ئەمریکا و پۆڵەندا رێگەیەک دەدۆزنەوە بە وشکانی بە ئۆتۆمبێل سەرۆکی هەواڵگریی ئەڵمانیا لە کیێڤ دەربکەن. دواتر بە قەرەباڵخییەکی زۆر و لەگەڵ خەڵکی راکردووی ئۆکراینا و لە ریزێکی دوورودرێژ لەسەر سنووری پۆڵەندا سەرۆکی هەواڵگریی ئەڵمـانیا رزگاردەکرێت.
 
دوای بڕیاری هێرشەکە، هەموو لایەک بۆیان دەرکەوت ئەوەی لە هەموو کەس باشتر پووتین دەناسێت، ویلام بێرنزی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکایە. ئەرکی داهاتووی بێرنزیش کە لە لایەن بایدنەوە دانراوە بریتییە لەوەی کە ئایا پووتین چەکی ناوەکی بەکاردەهێنێ یان نا.
 
ئێستا هەمووان بە ئەوروپییەکانیشەوە چاوەڕوانی وەڵامی ولیام بێرنزن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە