رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک سیناتۆری ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماریی و دیموکراتەکان، داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، بڕیاری فرۆشتنی فرۆکەی ئێف16 بە تورکیا رابگرێت، تاوەکو ئەوکاتەی ئەنقەرە رازی دەبێت سوێد و فینلاند ببنە ئەندامی ناتۆ.
ئەو داواکارییە شەوی پێنجشەممە، لە رێگەی نامەیەکەوە لەلایەن ژمارەیەک سیناتۆری ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەین شییەن، سیناتۆری دیموکراتەکان و تۆم تیلیس سیناتۆری کۆمارییەکان، ئاڕاستەی بایدن کراوە.
لە نامەکەیاندا، ئەو سیناتۆرانە دەڵێن: "کۆنگریس ناتوانێت هیچ پشتگیرییەک بۆ تورکیا دەرببڕێت، لەنێویشیان بەرنامەی فرۆشتنی ئێف16، هەتا ئەوکاتەی تورکیا پڕۆتۆکۆڵی بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە پەسند دەکات، هەرکاتێکیش تورکیا ئەو داواکارییەی پەسند کرد، ئەوا کۆنگرێسیش بیر لە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16 بە تورکیا دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو کارە نەکات، ئەوا ئێمە داوای راگرتنی بڕیاری ئەو فرۆشتنە دەدەین."
لە درێژەی نامەکەیاندا، سیناتۆرەکان داوایان لە سەرۆکی ئەمریکا کرد بەردەوام لە گفتوگۆدابێت لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و بەرپرسانی ناتۆ و هەروەها بەرپرسانی سوێد و فینلاند تاوەکو بە هەمووان، تورکیا قایل بکەن بە پەلە هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی فراوانبوونی ئەندامانی ناتۆ یەکلایی بکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 1ی شوبات، ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا لەبارەی هەڵوێستی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنقەرە هەرگیز ئەو مەرجە قبوڵ ناکات کە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16 بە پرسی بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ ببەستنەوە.
کاڵن گوتی، ئەو دوو بابەتە، دوو پرسی زۆر جیاوازن، گوتیشی: "ئەو کێشەی ئەمریکایە نەک ئێمە و ئێمە سوپا و هێزی ئاسمانی خۆمانمان هەیە و دەتوانن ئەوان کات بکوژن، لەبەرئەوەی ئێمە ئەو دوو بابەتە پێکەوە نابەستینەوە."
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، سوێد و فینلاند بە فەرمی داوایان پێشکێش بە ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لەو رێکخراوە. لە حوزەیرانی رابردووشەوە، لە کۆی 30 ئەندامی ناتۆ، 28 وڵات داواکەی هەردوو وڵاتیان پەسند کرد، بەڵام تەنیا تورکیا و هەنگاریان ماون ئەو داوایە پەسند بکەن. بەگوێرەی یاسای ناتۆش، دەبێت سەرجەم ئەندامانی ناتۆ داوای فراوانبوونی ئەو هاوپەیمانێتییە پەسند بکەن، ئینجا وڵاتی نوێ بە فەرمی دەبێتە ئەندام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ