لە ئەڵمانیا باندێک 52 ئامێری ATM دەتەقێننەوە و زیاتر لە 5 ملیۆن یۆرۆ دەدزن


رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا، پۆلیسی شاری میونشن لە هەرێمی باڤاریا لە باشووری ئەڵمانیا ئامێرێکی شکێندراوی راکێشانی پارەی پێشاندا و رایگەیاند، ئەو ئامێرە کە بە ATM ناسراوە یەکێکە لەو 52 ئامێرەی کە لە سەرانسەری ئەڵمانیا تەقێنراونەتەوە و تەواوی پارەی نێویان دزراوە.
 
بە گوتەی پۆلیس، ئەو کارە لە ماوەی دوو مانگدا لەلایەن باندێکی نۆ کەسییەوە کراوە. یۆرگن هارلی، بەرپرسی بەشی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە هێزی پۆلیسی باڤاریا گوتیشی، "ئەمڕۆ دەتوانین دەستگیرکردنی گرووپێکی نۆ تۆمەتبار رابگەیێنین کە بەرپرسیار بوون لە تەقاندنەوەی زیاتر لە 50 ئامێری ئەی تی ئێم، کە سەرنجی کارەکانیان لە هەرێمی باڤاریا و بادن ڤوتمبێرگ بووە و گرووپەکە پارەکەی نێو ئامێرەکەیان بردووە، کە زیاتر لە پێنج ملیۆن و 200 یۆرۆ بووە".
 
بەگوێرەی پۆلیسی ئەڵمانی، باندەکە لە هۆڵەندی، مەغریبی، ئەفغانی، تورکی و رۆمانی پێکهاتوون و تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 41 ساڵان بووە، سێ تۆمەتباری دیكەش هێشتا دەستگیر نەکراون.
 
یۆکایم هێرمان، وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریا گوتی، "دەستبەسەرداگرتنی چەندین پاکەتێکی تەقەمەنی ئاماژەن بەوەی ئەو گرووپە بەنیازی کاری دیکە بوون. دەمەوێت ستایشی دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا بکەم کە لەم پرۆسەیەدا بەشداربوون و جارێکی دیکە سەلماندیان کە هاوئاهەنگییە نێودەوڵەتییەکان لەنێوان دەسەڵاتدارە ئەمنییەکان چەند گرنگن".
 
پۆلیسی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا رایگەیاند ئەو باندە بە تەقاندنەوەی ئەو ئامێری ئەی تی ئێمانە، زیانی زیاتر لە شەش ملیۆن و 700 هەزار دۆلاریان لە سیستمی بانکیی ئەڵمانیا داوە کە ئەو بڕەش زۆر زیاترە لەو پارەیەی بردوویانە.