رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیەش هەوڵی سووتاندنی قورئان لە وڵاتانی ئەوروپا لە رۆژەڤدایە. حکومەتی نەرویج رێگەی لە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە ئۆسلۆی پایتەخت گرت.
وڵاتانی ئەوروپا داوا دەکەن کە هیچ گەشتیارێک نەچێتە تورکیا و زۆربەیان کارەکانی کۆنسوڵخانەکانیان لە ئیستەنبوڵ راگرت. نەرویج دووەمین وڵاتی ئەوروپییە رێگە لەوانە دەگرێت کە هەوڵدەدەن قورئان بسووتێنن. دوێنێ پۆلیسی شاری ئۆسلۆی پایتەخت رایگەیاند کە مۆڵەتی خۆپێشاندانێکی هەڵوەشاندووەتەوە کە ئامانج لێی سووتاندنی قورئانی پیرۆز بووە.
مارتین ستراند، ئەو ئەفسەرەیە کە بڕیارەکەی پۆلیسی بۆ میدیا ئاشکراکرد و گوتی: "هەرچەندە نەرویج پێیوایە ئەو چالاکییەی بڕیار وابووە رێکبخرێت بەشێکە لە دەربڕینێکی سیاسی بەشێوەی یاسایی، بەڵام لەبەرئەوەی سووتاندنی قورئان مەترسیی ئەمنی دروستدەکات، ناچارین رێگەی لێبگرین".
پێشتر تورکیا لەبارەی ئەو چالاکییەوە هۆشداریی دابووە باڵیۆزی نەرویج.
رووداوەکەی نەرویج درێژکراوەی ئەو هەڵمەتەیە کە راستئاژۆ تووندئاژۆکان لە کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپا دەستیانپێکردووە بۆ ورووژاندن و نیگەرانکردنی موسڵمانان.
پێشتر لە سوێد قورئان سووتێندرا. ئەمە قەیرانێکی سیاسی و دیپلۆماسیی لەنێوان سوێد و تورکیادا دروستکرد. بڕیاروابوو وەزیری بەرگریی سوێد بچێتە تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی ئەندامبوونی سوێد و فینلەند لە ناتۆ، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوەوە سەردانەکە هەڵوەشایەوە.
لەلایەکی دیکەوە فینلەند و بەریتانیا دەڵێن، هەڵمەتی سووتاندنی قورئان لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا دەستی رووسیای لەپشتە. وەزیری دەرەوەی فینلەندا ئەوەی راگەیاندووە و پێشتریش بەرپرسانی بەریتانیش رایانگەیاند کە رووسیا هانی راستئاژۆ تووندئاژۆکان دەدات بۆئەوەی کارێک بکەن تورکیا بە ئەندامێتیی سوێد و فینلەند لە ناتۆ رازی نەبێت.
تورکیا لەوە نیگەرانە کە وڵاتانی ئەوروپا لە بڕیارێکی هاوبەشدا کارەکانی کۆنسوڵخانەکانیان لە ئیستەنبوڵ راگرتووە و هۆشداریشیان داوەتە هاووڵاتییانیان کە بۆ گەشتیاری نەچنە تورکیا، چونکە دەڵێن رووداوەکانی سووتاندن و هەوڵدان بۆ سووتاندنی قورئان مەترسیی لەسەر ژیانیان لە تورکیا دروستکردووە.
لەسەر ئەمە ئەم هەفتەیە حکومەتی تورکیا نوێنەرانی نۆ وڵاتی رۆژئاوایی، بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کردووە.
نوێنەرانی ئەو وڵاتانە دەڵێن تورکیا نیگەرانە لەو بڕیارەیان و وەکو گورزێک دەیبینێ کە لە کەرتی گەشتیاریی تورکیا دەدرێت. لە چەندین وڵاتی ئیسلامی خۆپێشاندان و گردبوونەوە ئەنجامدران دژی سووتاندنی قورئان و داوایان کرد دەستبەجێ ئەو کردەوەیە بوەستێندرێت و بکەرانیشی سزا بدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ