بەهای پشکەکانی کۆمپانیای مێتا بەرێژەی 20٪ دابەزی

03-02-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مێتا فەیسبووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهای پشکەکانی کۆمپانیای مێتا خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هەروەها ژمارەی بەکاربەرانی فەیسبووکیش کەمیکردووە. کۆمپانیاکەش رێوشوێنە نوێیەکانی کۆمپانیای ئەپڵ بۆ پێشخستنی شەفافییەتی زیاتر لەکاتی بەکارهێنانی ئەپەکان لەلایەن بەکاربەرانەوە، بە هۆکاری سەرکیی کەمبوونەوەی ژمارەی بەکاربەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دادەنێت.
 
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای مێتا، ژمارەی بەکاربەرانی رۆژانەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوو بەراورد بە چارەکی سێیەم لە 1 ملیار و 930 ملیۆن کەسەوە دابەزیوە بۆ 1 ملیار و 929 ملیۆن کەس. کۆمپانیاکە دەڵێت ژمارەی بەکاربەرانی مانگانەشی 2 ملیار و 910 ملیۆن کەس بووە کە لە چارەکی چوارەمدا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردانەهاتووەو زیادنەبووە.
 
مێتا هەروەها ئاماژەی بە رکابەریی تووندی نێوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە و رایگەیاندووە، زیادبوونی ژمارەی بەکاربەرانی تیک تۆک، تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی چینی، هۆکاربووە بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی بەکاربەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.
 
کۆمپانیای مێتا رایگەیاندووە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا چاوەڕوان دەکرێت داهاتەکانی لە نێوان 27 تاوەکو 29 ملیار دۆلار بێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر پشبینیکرابوو داهاتەکانی مێتا لەم سێ مانگەی سەرەتای ئەمساڵدا نزیک بێتەوە لە 30 ملیار دۆلار.
 
سەبارەت بە قازانجی پوختەی کۆمپانیای مێتا، لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2021 ، قازانجی پوختەی کۆمپانیاکە 10 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە لەکاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2020 قازانجی پوختەی 11 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە.
 
کۆمپانیای ئەپڵ لە مانگی چواری ساڵی 2021 دا سیستەمێکی نوێی ( ئای ئۆ ئێس)ـی خستەڕوو، ئەو سیستەمەی کە ئامێری مۆبایلی ئایفۆن کاری پێدەکات. لە سیستەمی نوێی ئای ئۆ ئێس دا، کۆمپانیای ئەپڵ ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە لە ئەپڵ ستۆر داونلۆد دەکرێن ناچارکردووە لەکاتی بەکارهێنانیان لەلایەن بەکاربەرانەوە پرسیاریان لێبکات ئایا " رازیت کە داتای تاکەکەسیت لەلایەن ئەپڵیکەیشنەکەوە کۆبکرێتەوە و بەکاربهێنرێت یان نا؟". ئەمە بووتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەپەکان پێش ئەوەی لەلایەن بەکاربەرانەوە بەکاربهێنرێن داوای رەزامەندیی بەکاربەران بکەن سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ زانیارییە تاکەکەسییەکانیان.
 
یەک ملیار کەس لە جیهاندا ئایفۆن بەکاردەهێنن و گۆڕانکارییەکانی سیستەمی بەکارخەری ئایفۆن کاریگەریی گەورە لەسەر کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا دادەنێت. بەپێی کۆمپانیای مێتا ئەو رێوشوێنە نوێیەی کۆمپانیای ئەپڵ بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ژمارەی بەکاربەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینستاگرام کەمبێتەوە.
 
کۆمپانیای مێتا رایگەیاندووە کە پێشبینیدەکات لەم چارەکەدا داهاتەکانی لەرێگەی ریکلام کەمبێتەوە، بەهۆی ئەو رکابەرییە تووندەی کە لەلایەن تیکتۆک و یوتیوب رووبەڕووی بووەتەوە.
 
کۆمپانیای مێتا سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتەکانی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوو ئاماژەی بەوەش داوە کێشەی لۆجستیکی و کێشەکانی دیکەی پەیوەست بە ئابووریی جیهان وەک بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان سەرمایەیەکی کەمتری خۆیان بۆ کاری ریکلام تەرخان بکەن.
 
دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای مێتا بەرێژەی نزیکەی 21٪ بووە هۆکار بۆ ئەوەی کە کۆمپانیاکە بەتەنیا لە رۆژێکدا 200 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوێت. دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای فەیسبووک هەروەها تەشەنەی کردە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک تویتەر، پینترێست، سناپ چات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.
 
بەهای پشکەکانی کۆمپانیای تویتەر و پینترێست بەرێژەی 10٪ دابەزین. دابەزینی بەهای ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بە مانای نەمانی 4 ملیار دۆلار لە بازاڕی بۆرسە دێت.
 
تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپ چات بەهای پشکەکانی بەرێژەی 18٪ دابەزی و بووە هۆکاری زیانی 9 ملیار دۆلاری بەو کۆمپانیایە.
 
مایکێل فار، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی راوێژکاریی پەیوەست بە تەکنەلۆجیا لەو بارەیەوە رایگەیاند، " دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای فەیسبووک ژینگەیەکی نەرێنی لەنێوان کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا دروستکردووە."
 
مایکێل پێیوایە دابەزینی بەهای پشکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، کاردانەوەی لە رادەبەدربووە بە دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای مێتا. ئەو پێیوایە کە بازرگانان و وەبەرهێنەران بە بیستنی هەواڵێکی لەو چەشنە یەکسەر دەست بە فرۆشتنی پشکەکانی خۆیان دەکەن و پاشان پرسیار دەکەن کە بۆ ئەو کارەیان کردووە. وەک ئاماژەیەک بە شەپۆلی خێرایی فرۆشتنی پشکەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاردانەوەی خەڵک دوای خۆپێشاندانەکان

10 خۆپێشاندەری راستڕۆ بەهۆی هێرشکردنە سەر پەناخوازانی شارۆچکەیەکی بەریتانیا سزادران

گێڤن نیپەرس، دانیشتوویەکی دیکەی شارۆچەکەی رۆترهامە و دەڵێت، "ئەو ئاژاوەگێڕییە وایلێکردم هەست بە شەرمەزاری بکەم کە ئینگلیزم. ئەو خەڵکە روویان لێرە کردووە تاوەکو لەدەست سەرکوتکاری و نەهامەتی رزگاریان بێت، هاتوونەتە ئێرە تاوەکو هەست بە ئارامی بکەن، کەچی هێرش دەکرێتە سەریان و جارێکی دیکە دەیان ترسێننەوە."