رووداو دیجیتاڵ
بولگاریا و رۆمانیا لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا بە تەواوەتی بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا. دوای بوون بە ئەندامی لە ناوچەی شنگن، بولگاریا ساڵانە 860 ملیۆن دۆلار قازانج دەکات.
مۆمخێل ئانگلۆڤ، گەشتیاری بولگاری دەڵێت، "هیچ کەس راینەگرتم و کەس پاسپۆرتەکەمی نەپشکنی، بە هێمنی لە خاڵی سنووری دەرچووم بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکم هەبێت."
لە 12ی کانوونی یەکەمی رابردوودا، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا هەریەک لە بولگاریا و رۆمانیای کردە ئەندامی تەواوەتیی یەکێتیی ئەورووپا، سنوورەکانی ناوچەی شنگنی فراوانتر کرد و کردیە 29 وڵات.
بەگوێرەی پسپۆڕان، بوونە ئەندامی تەواوی یەکێتیی ئەورووپا، چەندین سوودی ئابووریی بۆ بولگاریا هەیە، لەوانەش: زیادبوونی بازرگانی، کەمبوونەوەی خەرجییەکانی بازرگانی، زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران، زیادبوونی دەرفەتی کار لە بازاڕەکانی ئەورووپا.
بە شێوەیەکی گشتی چاوەڕوان دەکرێت بەو هەنگاوە، ئابووریی بولگاریا ساڵانە 860 ملیۆن دۆلار قازانج بکات.
دیمیتری بۆردشۆڤ، سەرۆکی شارەوانیی شاری پێتریکی بولگاریا دەڵێت، "بێگومان چوونە نێو ناوچەی شنگنەوە و نەهێشتنی چەندین رێکار و رۆتینی ئیداری، کارئاسانییەکی زۆر دەبێت بۆ بازرگانی و هاتووچۆ. هەروەها دۆخی خەڵک باشتر دەکات، بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە."
فراوانبوونی ناوچەی شنگن و نەهێشتنی خاڵە پشکنینەکان لەسەر سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتە لە کاتێکدایە، پار چەندین وڵات و لەنێویاندا ئەڵمانیا، بڕیاری دانانی خاڵی پشکنینی لەسەر سنوورەکانی راگەیاند، ئەمەش بەهۆی زۆربوونی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی و هەندێک وڵاتیش ئەو هەنگاوەیان بە "مردنی سیستمی شنگن" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ