بایدن: هێرشکارەکەی نیو ئۆرلیەنز سەربازێکی چالاکی سوپای ئەمریکا بووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی سەرەتایی لێکۆڵینەوەی ئێف بی ئای لە هێرشەکەی بەرەبەیانی یەکەم رۆژی ساڵی نوێی شاری نیو ئۆرلیەنز راگەیێندرا و ئاماژە بەوە دەکرێت کە بکەرەکە بە تەنیا بووە.
کریستۆڤەر رایا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری FBI بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەڵێت، "لەم کاتەدا مەزەندە ناکەین هیچ کەسێکی دیکە لە هێرشەکەدا بەشداربووبێت جگە لە شەمسەدین جەبار."
بە گوتەی یاریدەدەرەکەی بەڕێوەبەری FBI، "ئەندازیارانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب، دوو بۆمبیان لەنێو فلینەدا دۆزیوەتەوە. ئەمانە تاکە بۆمب بوون ئێمە دۆزیومانەتەوە و ئامادەی تەقینەوە بوون. هەردوو بۆمبەکە لە شوێنی خۆیان پووچەڵ کرانەوە. تۆماری کامێرای چاودێریمان دەستکەوت، کە نیشانی دەدات جەبار ئەو بۆمبانە لەو شوێنانە دادەنێت."
شەمسەدین جەبار بە پیکاپێکەوە خۆی بەنێو خەڵکدا کرد، 15 کەسی کوشت و زیاتر لە 35ی دیکەی بریندار کرد؛ دواتر لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزی و تەقەی لە پۆلیس کرد و کوژرا.
شەمسەدین ئاڵایەکی داعشی لە پشتەوەی پیکاپەکەی هەڵکردبوو، هەرچەندە رێکخراوە پەڕگیرەکە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێرشکارەکە پشتیوانیی لە داعش کردووە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێف بی ئای پێی راگەیاندم، بکوژەکە هاووڵاتییەکی ئەمریکییە و لە تێکساس لەدایکبووە. چەندین ساڵ وەکو سەربازێکی چالاک لە ریزەکانی سوپای ئەمریکادا کاری کردووە، تاوەکو چەند ساڵ لەمەوبەریش سەربازی یەدەگ بووە. ئێف بی ئای هەروەها پێی راگەیاندم، چەند کاژێرێک پێش هێرشەکە، بکوژەکە ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە، کە دەریدەخات لەژێر کاریگەریی داعشدا بووە و حەزی خۆی بۆ کوشتن دەربڕیوە."
لە ساڵی 2015وە، ئەمە هەشتەم هێرش بوو لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی داعشەوە لەنێو ئەمریکادا بکرێت، کە کۆی گشتی 97 کەس تێیاندا کوژراون و سەرووی 120ی دیکەش بریندار بوون.