مەزڵووم عەبدی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پێش ئەوەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بچێتە دیمەشق، رۆژی پێنجشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە.
مەزڵووم عەبدی و بارۆ لە پەیوندییەکەیاندا باسیان "لە قۆناخی بەردەوامیی گواستنەوەی" دەسەڵاتیان لە سووریا کردووە.
رۆژی هەینی، وەک یەکەمین شاندی بەرپرسانی ئاست باڵای وڵاتانی رۆژئاوا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ ئەنالینا بێربۆکی هاوتا ئەڵمانییەکەی، بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا کۆبوونەوە.
هەردوو وەزیر داوایان لە دەسەڵاتدارە نوێیەکانی دیمەشق کرد، لەگەڵ کورد رێکبکەون و کۆتایی بە شەڕ بێنن.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی هەردوو وڵاتە ئەورووپییەکەدا هاتووە، وەزیرەکانیان لە کاتی کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، "دووپاتیان کردەوە کە پێویستە شەڕ لە باکووری سووریا کۆتایی بێت و چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هەموو لایەک بپارێزێت، بە تایبەتی ئەوانەی هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە شانبەشانیان لە دژی داعش دەجەنگین."
پێش ئەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کوردی رۆژئاوای کوردستانی بە "هاوپەیمان"ی پاریس ناوبرد و گوتی: "پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات (سووریا) بێدەنگ بن."
ژان نۆوێل بارۆ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی سڤیل لە دیمەشق جەختیکردەوە کە "پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بۆ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا کە کوردن، بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی لەو پڕۆسە سیاسییەدا بەشدار بن کە ئێستا دەستیپێکردووە."
هەروەها ئەنالینا بێربۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق گوتی: "ئاسایشی کورد گرنگە بۆ سووریایەکی ئارام. ئەوەش پێویستی بە کۆتاییهێنان بەو شەڕەیە کە لە باکوور هەیە و هەروەها پێویستی بە تیكەڵکردنی هێزە کوردییەکان و سوپای نیشتمانیی سووریایە بۆنێو پێکهاتەی نوێی ئەمنیی سووریا."
تاوەکو ئێستا هەتەشە، کە پێکهێنەری سەرەکیی دەسەڵاتی راگوزەری دیمەشقە، هیچ بەریەککەوتنێکی لەگەڵ هەسەدەدا نەبووە، رێگەی داوە دوو گەڕەکی شاری حەلەب لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بمێننەوە و دووشەممەی رابردوو "بەرپرسانی باڵای" هەردوولاش لە پایتەختی سووریا کۆبوونەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پەسنی ئەو هەنگاوەی دا و گوتی: " دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتی زۆرینە کورد، هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە" بۆ "دابینکردنی ئاسایشی راستەقینە بۆ هەموو لایەک."
وەزیری دەرەوەی فەرەنساش پێیوایە، "سووریایەکی سەروەر و ئارام رێگە بە تیرۆری ئیسلامی نادات."
وەزیرەکە بە 12 ئەندامی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی سووریای گوت: "تیرۆر لە ئێوەی دا. تیرۆر لە گۆڕەپانی ئێمەدا لە ئێمەیشی دا. بۆیە ئێمە، شانبەشان، بە تایبەتی لەگەڵ کوردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دژی تیرۆری ئیسلامی شەڕمان کرد."
فەرەنسا و ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتین کە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دژی سەرهەڵدانەوەی داعش شەڕدەکات.
وڵاتە رۆژئاواییەکان، هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆیان دادەنێن و مانەوەی بە پێویست دەزانن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بە تایبەتی لە کاتێکدا هێزەکە پاسەوانی لە زیندان و کەمپەکانی چەکدارانی داعش و کەسوکاریان دەکات.
لە کاتی راگەیاندنی رووخانی "خەلافەت"ـی داعش لە ساڵی 2019، هەسەدە دەستگیرکردنی زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی راگەیاند کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و عێراق بوون، نزیکەی دوو هەزاریشیان خەڵکی وڵاتانی دیکەن؛ هەروەها 45 هەزار و 355 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، لە کەمپی هۆلی حەسەکەدان.
بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا داوا لە ئەنقەرە دەکەن هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەسەدە بووەستێنێت بۆ ئەوەی مەترسی نەکەوێتە سەر ئەو زیندانانە.
بەڵام تورکیای ئەندامی ناتۆ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنێت و چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بە مەرجی ئاگربەست دادەنێت.
هەسەدەش رایگەیاندووە، ئەگەر ئاگربەست بکرێت، هەموو ئەندامانی پەکەکە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێدێڵن.
ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا یەکشەممەی رابردوو بە میدیای سعودی راگەیاند، هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە.
شەرع هەروەها کوردی بە "بەشێکی دانەبڕاوی" کۆمەڵگەی سووریا ناوبرد؛ گوتیشی، رێگە نادەن سووریا ببێتە "سەکۆی دەستپێکردنی" هێرشەکانی پەکەکە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت گوتی، ئامادەن هەسەدە بکرێتە بەشێک لە سوپای داهاتووی سووریا، بەو مەرجەی هەردوولا بە دانوستاندن لەسەر "هاوکێشەیەکی گونجاو" رێکبکەون.
لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر پێگەکانی داعش لە سووریا. دوایینیان هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا بوو لە دوایین رۆژی 2024.
لەو بارەیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "لە 31ی کانوونی یەکەم، واتە چەند رۆژێک لەمەوبەر، جارێکی دیکە لە بنکەیەکی داعشمان دا، چونکە قبووڵ ناکەین کە بەهێزبوونەوەی تیرۆری ئیسلامی ئارامیی سووریا تێکبدات و هەڕەشە لە ئاسایشی فەرەنسا و ئاسایشی ئەورووپا دەکات."