مایک جۆنسن بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
مایک جۆنسنی کۆماری بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە و ترەمپ پشتگیریی خۆی بۆ دەربڕی و گوتی: "ئەمریکا زۆر مەزنتر دەبێتەوە."
رۆژی هەینی، 03-01-2025، ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردن سەرۆک کۆبووەوە و تێیدا مایک جۆنسن بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرایەوە.
هەوڵەکانی مایک جۆنسن کە لە حیزبی کۆمارییە، بۆ کارکردن لەگەڵ دیموکراتەکان بەشێک لە کۆمارییەکانی تووڕەکرد؛ هەڵبژاردنەوەشی دوای چەندین کۆبوونەوە و دانوستاندنی درێژی ئەندامانی حیزبەکەی هات. چەندین ئەندامی پارتەکە گومانیان لە دەنگدان بە جۆنسن هەبوو.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ساڵی 1789 دامەزراوە و لە 435 کورسی پێکدێت. لەم خولەدا 219 ئەندام کۆماری و 215 ش دیموکراتن. هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکە هەموو دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و دوایین هەڵبژاردن لە 2023 بوو.
دوای هەڵبژاردنی جۆنسن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند: "مایک دەبێتە سەرۆکێکی مەزن و وڵاتەکەمان سوودمەند دەبێت. خەڵکی ئەمریکا چاوەڕێی هێز و سەرکردایەتیی بوون. ئەمریکا لە جاران زۆر مەزنتر دەبێتەوە."
جۆنسن لە هەڵبژاردنەکە 218 دەنگی کۆماری، 215 دەنگی دیموکرات و یەک دەنگی (ئەوانی دیکە)ـی بەدەستهێنا.
سەرەتا سێ ئەندامی کۆماری دژی جۆنسن بوون، بەڵام مایک جۆنسن توانی دووانیان رازی بکات دەنگی پێبدەن. تۆماس ماسی، نوێنەری ویلایەتی کێنتەکی دەنگی بە سەرۆکە هەڵبژێردراوەکە نەدا.
پێش دەستپێکردنی دەنگدان، جۆنسن لە کۆنگرێس بەڵێنی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، لێپرسینەوە لە بیرۆکراتەکان و داهاتوویەکی باشتری دارایی دا.
ترەمپ ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پشتیوانیی خۆی بۆ جۆنسن دەربڕی و رایگەیاند: "ئەو نزیکە لەوەی پشتگیریی 100٪ بەدەستبهێنێت."
جەیمس مایکڵ جۆنسن لە 1972 لە ویلایەتی لویزیانا لەدایکبووە و پیشەکەی پارێزەرە. ئەو ئێستا 53ـەم سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە. بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2015 وەک نوێنەری ویلایەتەکەی خۆی بووە ئەندامی ئەنجوومەنەکە. لە حیزبی کۆماریی ترەمپە و پێنج منداڵیشی هەیە.