فەرەنسا رەتیدەکاتەوە داوای چەکدانانی هەسەدەی کردبێت
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا رەتیدەکاتەوە داوای کردبێت هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چەک دابنێت.
دوای ئەوەی کە ئەمڕۆ ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سووریا کۆبوونەوە، چەند میدیایەک بڵاویانکردەوە گوایە وەزیرە فەرەنسییەکە گوتوویەتی، پاریس داوا لە هەسەدە دەکات چەک دابنێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت: "وەزیرەکەمان هەرگیز وای نەگوتووە. ئەم هەواڵە چەواشەکارانەیە لە لایەن رووسیا تودەییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو میدیای کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست لە ئەورووپا قەدەخەکراوە."
وەزارەتەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا جەختدەکاتەوە: "فەرەنسا داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە باکووری سووریا و چارەسەرێکی سیاسی دەکات کە رۆڵ بە هەسەدەی هاوبەشە کوردەکانمان بدات کە ئێمە لەگەڵ ئەواندا بۆ داهاتووی سووریا شەڕی دژی داعشمان کرد."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کاتی قسەکردنی بۆ ئەندامانی کۆمەڵگەی سڤیلی سووریا لە دیمەشق، کوردی رۆژئاوای کوردستانی بە "هاوپەیمان"ی پاریس ناوبرد و داوایکرد، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر هەسەدە بووەستێندرێن.
ژۆن نۆوێل بارۆ گوتی: "پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات (سووریا) بێدەنگ بن." جەختیشیکردەوە کە "پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بۆ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا کە کوردن، بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی لەو پڕۆسە سیاسییەدا بەشدار بن کە ئێستا دەستیپێکردووە."
یەکێک لەو دوو چالاکڤانە کوردەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و کۆمەڵگەی سڤیلی سووریادا بەشدار بوو، هەواڵی چەند میدیایەکی رەتیکردەوە کە گوایە بارۆ داوای کردبێت هەسەدە چەک دابنێت.
شێروان یوسف، بەرپرسی رێکخراوی سەکۆی دیفاکتۆ بۆ گفتوگۆ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رۆژی هەینیی رووداودا بە نالین حەسەن، پێشكێشکاری رووداوی گوت: "وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هیچ باسی چەکدانانی نەکرد. شتێکی لەو جۆرەی نەگوت، بەڵکو جەختیکردەوە کە پێکەوەکارکردن لەنێوان ئەوان و هەسەدەدا دژی تیرۆر هەیە."
هەسەدە کە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بە هاوبەشی سەرەکییان لە شەڕی دژی داعش دادەنرێت، لە دوای رووخانی ئەسەدەوە، واتە لە 8ی کانوونی یەکەمەوە، کەوتووەتە بەر هێرشی گرووپی (سوپای نیشتمانیی سووریا) کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت.
هێزە زۆرینە کوردییەکە، بە گوتەی خۆی، "بە رێککەوتن" لە هەندێ شوێن کشاوەتەوە و لە چەندین شوێنیش شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ هێزەکانی نزیک لە تورکیا بەردەوامە.
تاوەکو ئێستا هەتەشە، کە پێکهێنەری سەرەکیی دەسەڵاتی راگوزەری دیمەشقە، هیچ بەریەککەوتنێکی لەگەڵ هەسەدەدا نەبووە، رێگەی داوە دوو گەڕەکی شاری حەلەب لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بمێننەوە و دووشەممەی ئەم هەفتەیەش "بەرپرسانی باڵای" هەردوولاش لە پایتەختی سووریا کۆبوونەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێیوایە، "سووریایەکی سەروەر و ئارام رێگە بە تیرۆری ئیسلامی نادات."
وەزیرەکە بە 12 ئەندامی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی سووریای گوت: "تیرۆر لە ئێوەی دا. تیرۆر لە گۆڕەپانی ئێمەدا لە ئێمەیشی دا. بۆیە ئێمە، شانبەشان، بە تایبەتی لەگەڵ کوردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دژی تیرۆری ئیسلامی شەڕمان کرد."
وڵاتە رۆژئاواییەکان، هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆیان دادەنێن و مانەوەی بە پێویست دەزانن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بە تایبەتی لە کاتێکدا هێزەکە پاسەوانی لە زیندان و کەمپەکانی چەکدارانی داعش و کەسوکاریان دەکات.
لە کاتی راگەیاندنی رووخانی "خەلافەت"ـی داعش لە ساڵی 2019، هەسەدە دەستگیرکردنی زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی راگەیاند کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و عێراق بوون، نزیکەی دوو هەزاریشیان خەڵکی وڵاتانی دیکەن؛ هەروەها 45 هەزار و 355 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، لە کەمپی هۆلی حەسەکەدان.
بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا داوا لە ئەنقەرە دەکەن هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەسەدە بووەستێنێت بۆ ئەوەی مەترسی نەکەوێتە سەر ئەو زیندانانە.
بەڵام تورکیای ئەندامی ناتۆ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنێت و چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بە مەرجی ئاگربەست دادەنێت.
هەسەدەش رایگەیاندووە، ئەگەر ئاگربەست بکرێت، هەموو ئەندامانی پەکەکە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێدێڵن.
ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا یەکشەممەی رابردوو بە میدیای سعودی راگەیاند، هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە.
شەرع هەروەها کوردی بە "بەشێکی دانەبڕاوی" کۆمەڵگەی سووریا ناوبرد، بەڵام گوتیشی، رێگە نادەن سووریا ببێتە "سەکۆی دەستپێکردنی" هێرشەکانی پەکەکە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت گوتی، ئامادەن هەسەدە بکرێتە بەشێک لە سوپای داهاتووی سووریا، بەو مەرجەی هەردوولا بە دانوستاندن لەسەر "هاوکێشەیەکی گونجاو" رێکبکەون.