ئەمریکا دەڵێت پلانی نییە لە کۆبانێ بنکەی سەربازی بکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی رەتیکردەوە هیچ بنکەیەکی سەربازی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دابمەزرێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەندێ ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە کە گوایە ئامادەکاری بۆ دروستکردنی بنکەیەک دەکات.
 
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا لە کۆبانێ، لەم کاتەدا هیچ پلان و نیازێک بۆ دامەزراندنی هیچ بنکەیەک نییە. نازانم ئەو هەواڵانە لە کوێوە دێن."
 
چەندین میدیای نێوخۆیی و دەنگی ئەمریکا (VOA)  رۆژی پێنجشەممە بڵاویانکردەوە، ئەمریکا دیواری کۆنکرێتی دژە تەقینەوە لە حەسەکەوە بۆ کۆبانێ دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی بنکەیەکی سەربازی دروستبکات.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کە خۆیان بە سوپای نیشتمانی سووریا ناودەبەن، 25 رۆژە هێرشەکانیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیادکردووە، لەوانەش لە دەوروبەری کۆبانێ.
 
زۆربەی رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی باکووری سووریا لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە. 
 
مانگی رابردوو، بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و تورکیا راگەیێندرا، هەرچەندە ئەنقەرە رەتی کردەوە کە رێککەوتنەکەی پەسند کردبێت. 
 
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا کە رۆژی هەینی سەردانی دیمەشقیان کرد، داوای راگرتنی هێرش و تووندوتیژییەکانیان کرد.
 
هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جیگیرکراون لە شەڕی دژی داعشدا هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆیان دەزانن.