رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵیی کۆریای باشوور رایدەگەیێنێت، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ یوون سووک یۆل، سەرۆکی سڕکراوی وڵاتەکە راگرتووە.
رۆژی هەینی، 3ـی کانوونی دووەمی 2025، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵیی کۆریای باشوور لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "سەبارەت بە بڕیاری دەستگیرکردن [ـی سەرۆکی وڵات]، ئەستەمە بڕیارەکە بەهۆی ئەو دۆخەی کە هەیە جێبەجێ بکرێت".
لە راگەیێندراوەکەی فەرمانگەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەگەری پێکدادانی نێوان پۆلیس و پاسەوانەکانی سەرۆکی وڵات، فەرمانی دەستگیرکردنەکەیان راگرتووە.
هەروەها سەدان لایەنگری یوون سووک لەبەردەم ماڵەکەی کۆبوونەتەوە و دەڵێن، رێگری لە هەوڵی دەستگیرکردنی دەکەن.
رۆژی 31ـی مانگی رابردوو، دادگەیەکی کۆریای باشوور بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ یوون سووک یۆل، سەرۆکی سڕکراوی وڵاتەکەی دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی باری نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیاندبوو.
رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی رابردوو، پەرلەمانی کۆریای باشوور دەنگیان بە لێپرسینەوە لە سەرۆکی وڵات دا و بۆ ماوەیەکیش سڕیانکرد، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 3ـی هەمان مانگ سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکەی راگەیاند.
یەکەمین جارە لە مێژووی کۆریای باشوور سەرۆکێک لەکاتی خولی سەرۆکایەتیدا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت.
فەرمانی دەستگیرکردنەکە تاوەکو رۆژی 6ـی ئەم مانگە کاری پێدەکرێت، ئەگەر تاوەکو ئەو ماوەیە سەرۆکی وڵاتەکە دەستگیر کرا، لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی سیئۆل زیندانی دەکرێت، ئەگەریش تاوەکو ئەو ماوەیە دەستگیر نەکرا، ئەوا دادگە دەبێت دووبارە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ