هێرشەکەی نیو ئۆرلیەنز و سوپایەک لە گرتووخانەکاندا؛ داعش سەرهەڵدەداتەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
دۆزینەوەی ئاڵای داعش لەنێو ئۆتۆمبێلی هێرشکارەکەی شاری نیو ئۆرلیەنز، جارێکی دیکە مەترسی ئەو گرووپەی دەرخست و پرسی تیرۆری خستەوە بەر باس، بە تایبەت کە بکوژی ئەم جارە لەنێو سوپای ئەمریکادا بووە و دواجار کاریگەر بووە بەو بیروبۆچوونە پەڕگیر و تووندە.
میدیای ئەمریکا بە خێرایی ئەو پرسەی بەستووەتەوە بە پێویستیی بەردەوامیی شەڕی ئەو گرووپەی بەردەوامە لە وێرانکاری و کوشتن لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەگەرچی بەرپرسانی ئەمریکا و ئەورووپا لە بەردەوامی شەڕی ئەو چەکدارانە "لەپێناو ئاسایشی ناوخۆ"، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکی رابردوودا دووجار لە دوو بۆنەدا وەزیری دەرەوە و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا- سێنتکۆم لە ئەمریکا باسیان لەوە کردووە کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی ئەو هێزانەی شەڕی داعش دەکەن لەپێناو پاراستنی ئەمریکاییەکان لە نێوخۆی وڵات و دوورخستنەوەی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئەمریکا.
ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا دەیانەوێت بزانن ئایا شەمسەدین جەبار، هێرشکارەکەی شاری نیوئۆرلینز کە بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و 14 کەسی کوشت، بەتەنیا بووە یان هاوکاری کراوە؟ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا- ئێف بی ئای دەڵێت، ئەوەی تاوەکو ئێستا لە بەڵگەکان دەردەکەوێت ئەو بەتەنیا بووە و هاوکاری نەکراوە.
داعش کام ناوچەی لە جیهان بەدەستەوەیە؟
داعش ناوچەی لە دەست نەماوە، ئێستا هێرشەکانی بە شێوەی گرووپ و تاک لە ناوچەی جیاواز دەکات. لە دوای رووخانی ئەسەد، ترس لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا زیاتر بووە، لە تەمموزی رابردووش، پێنتاگۆن هۆشداری دا کە هێرشەکانی داعش لە سەر رێچکەی دوو هێندەبووندان لە بەراوردی ساڵەکاندا.
جگە لەمانەش، ماوەی نزیکەی مانگێکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە هۆشداری دەدات بەوەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا مەترسی هەیە و رەنگە گرووپە چەکدارەکان هەوڵی ئازادکردنی بەنداکراوانی داعش بدەن، (9,000 چەکدار لە 20 گرتووخانەدا لە دەستی هەسەدەدان).
بەپێی دوایین راپۆرتی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی IISS، ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراق دەگاتە 500 چەکدار، لە سووریا دیار نییە چەند چەکداری هەن، ناوە ناوە ئەو چەکدارانە بۆردوومان دەکرێن، دوایینیان فەرەنسا بوو داعشی لە عێراق و سووریا بۆردوومان کرد.
رۆژی پێنجشەممە 02-1-2025، هەواڵگریی عێراق رایگەیاند، "یەکێک لە تیرۆرستە داواکراوەکان لە کەرکووک کە کاری گواستنەوەی چەکدارانی داعشی دەکرد، لەگەڵ گواستنەوەی خۆراک و کەرەستەی پزیشکی دەستگیرکرا".
سوپایەک لەنێو گرتووخانەکاندا
داعش لە دوای لەدەستدانی ناوچەکان و کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لە ئۆکتۆبەری 2019دا وردە وردە بەرەو لاوازی چوو، هێرشەکانی تەنیا لە رێگەی تاک و گرووپی بچووک مانەوە، لەو شەڕەی کە داعش بە تەواوی تێیدا لاواز کرا، کورد لە باشوور، هێزە عێراقیەکانیش، هەروەها هەسەدەش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رۆڵی کاریگەریان هەبوو.
جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم دەڵێت، "سوپایەک لەنێو گرتووخانەکاندان" ، هەرچەندە شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن، ئێستا داعش لە عێراق "زۆر لاوازە"، بەڵام لە سووریا خەریکی سەرهەڵدانەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدان بۆ راکێشان و دانانی رەگ و ریشە و مانەوەی لە ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان بەردەوامە.
هێرشە خوێناوییەکانی داعش لە 2024 دا
داعش بێ ئەوەی هیچ خاکێکی بەدەستەوە بێ، چەند هێرشێکی خوێناوی کرد لە 2024دا، لە کانوونی دووەمی 2024 لقی ئەفغانستانی داعش کە بە داعشی خۆراسان ناسراوە، لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی هێرشێكی کرد و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 80 کەس، چەند مانگێک دواتر هەمان لقی داعش لە مۆسکۆ هێرشێکی دیکەی کرد لە هۆڵێکدا کە کۆنسێرتی تێدا بەڕێوەدەچوو، بووە هۆی کوژرانی 137 کەس، لە تەمموز لە عومان هێرشێکی کرد و 6 کەس کوژران و 30ـی دیکە بریندار بوون، هەردوو هێرشەکەی ئێران و عومان شیعەی کردە ئامانج.
هێرشەکانی داعش بەپێی بەرپرسانی ئەمنی و شارەزایانیش دەکرێنە سێ جۆر:
هێرشی راستەوخۆ: 5 هێرشی راستەوخۆی داعش کە بە گرووپ و سەرپەرشتیی راستەوخۆی رێکخراوەکە کراون، هێرشەکەی 2015ـی پاریس و 2016 لە برۆکسل لەو جۆرە هێرشانە بوون.
هێرش بە پشتیوانیی داعش: ئەو هێرشانە لە لایەن گرووپ یان کەسێکەوە دەکرێت، داعش تەنیا پشتیوانی دەکات بە چەک و پارە و لە رێگەی دابینکردنی پێویستییەکانی ئەو هێرشە بۆ ئەو کەسە.
هێرش بە باوەڕی داعش: هێرشی گورگئاسا لە لایەن تاکە ئەندام و لایەنگرانی داعش کە تەنیا لە بیروباوەڕەوە داعشین و فەرەنسا، بەریتانیا و بەلجیکا ئەو جۆرە هێرشانەیان بە خۆیانەوە بینیوە.
داعش لە ئەفریقا و ئەفغانستان
لقی داعشی خۆراسان چالاکی هەیە، زۆربەی هێرشە گەورەکان ئەو لقەی داعش لە ئەستۆی دەگرێت، هەروەها شەڕی تاڵیبانیش دەکات، ساڵی رابردوو ئەمریکا رایگەیاند، "تاڵیبان بەرەوپێشچوونی هەبووە لە شەڕی دژی داعش".
هەروەها ئەمریکا چاودێریی جموجۆڵی داعشیش دەکات لە ئەفریقا، لەوێش داعش ناوە ناوە هێرش دەکات، ئێستا سەرنجی زۆری داعش لەسەر ئەو ناوچەیەیە، 60%ـی پروپاگەندە و هەوڵی راکێشان و پلانی دانانی هێرش لەو لقەی داعشە، بەتایبەت لە نایجیریا، کۆنگۆ و مۆزەمبیق.
بەم پێیە، لقە سەرەکییەکانی داعش دەکرێن بە چەند بەشێکەوە: خۆراسان، عێراق و سووریا، ئەفریقا، ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکا.
ئێستا کێ سەرپەرشتیی داعش دەکات؟
ئێستا ئەبو حفس هاشمی ئەلقوڕەیشی، خەلیفەی داعشە. لە ئابی 2023ـەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، پاش چوار مانگ لە کوژرانی ئەبو حوسێن ئەلقوڕەیشی.
کەم لەبارەی ئەبو حفس دەزانرێت و بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن، لە عێراق، سووریا و یەمەن هاتووچۆ دەکات و هەندێک جاریش دەچێتە سۆماڵ، بەپێی گوتەی شارەزایان، ئەو پیاوە ئەزموونی زۆرە لەنێو گرووپە جیهادییەکان دا.