توێژینەوەی نوێ: پاش مرۆڤ شامپانزی بەهێزترین یادگەی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو ساتە بهێنە پێش چاوت کە پاش 10 یان 20 ساڵ هاوڕێیەکت دەبینیتەوە، لە چرکەیەکدا مێشک کەسی بەرامبەرت بۆ شیکاری دەکات. ئەمە بەهۆی یادگەی دوورمەوداوەیە کە تایبەتمەندییەکی زیرەکانەی مرۆڤە، بەڵام وادیارە لەمەدا بە تەنیا نین، توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێت، شامپانزییەکانیش بە نزیکەیی هەمان توانایان هەیە.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، لانیکەم شامپانزی و بۆنۆبۆ (دووان لەو گیاندارە شیردەرانەی لە رووی زیندەناسییەوە لە مرۆڤ نزیکن) دەتوانن هاوڕێ کۆنەکانیان لە پاش دەیان ساڵ بناسنەوە.
پێشتر وا دادەنرا، لە پاش مرۆڤ، دۆلفینەکان خاوەنی بەهێزترین یادگەی دوورمەودان کە توانای ناسینەوەی دەنگی تاکەکانیان تاوەکو ماوەی 20 ساڵ هەیە، بەڵام ئێستا دەزانرێت شامپانزی و بۆنۆبۆ توانای ناسینەوەیان لە سەروو 20 ساڵەوەیە.
د. لاورا لویس، مامۆستای زانکۆی کالیفۆرنیای ئەمریکا و یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت، "توانیمان درێژترین و بەهێزترین یادگەی دوورمەودا لەنێو گیاندارەکانی جگە لە مرۆڤ بدۆزینەوە و تەنانەت بۆمان دەرکەوت یادگەی شامپانزی و بۆنۆبۆ بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تەنراوە".
دەشڵێت، "زۆر سەرنجڕاکێشە کاتێک دەبینین مەودا و سروشتی ئەم یادگە کۆمەڵایەتییە زۆر لە یادگەی دوورمەودای خودی ئێمەی مرۆڤ دەچێت".
د. لاورا و هاوکارانی توێژینەوەکەیان لە رێگەی دامەزراوەی "بەڵگەنامە بۆ ئەکادیمیای نیشتمانیی زانستەکان - PNAS" بڵاوکردووەتەوە.
چۆن توێژینەوەکە کراوە؟
توێژەران لە یەک کاتدا دوو وێنەیان نیشانی 12 شامپانزی و بۆنۆبۆ داوە. وێنەیەکیان تاکێک بووە کە پێشتر هاوگرووپیان بووە و ئێستا جێی هێشتوون یان لە ژیاندا نەماوە، وێنەکەی دی تاکێک بووە کە هەرگیز نەیانبینیوە. لە ئەنجامدا، دەرکەوت گیاندارەکان کاتێکی زیاتر سەیری وێنەی ئەو تاکانە دەکەن کە پێشتر ناسیویانن تاوەکو ئەوانەی هەرگیز نەیانبینیون.
توێژینەوەکە لە باخچەی پاراستنی ئاژەڵانی Kumamoto لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن کراوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، وێنەی خوشک و خوشکەزای یەکێک لە گیاندارەکانیان لە پاش 26 ساڵ پێشانیداوەتەوە، گیاندارەکە بە بینینیان تووشی دۆخێکی چڕی سۆزداری بووەتەوە، لەکاتێکدا لە بەرامبەر وێنەی ئەو تاکانەی هەرگیز نەیبینیون، کاردانەوەی نەبووە.
دەریشکەوتووە، شامپانزی و بۆنۆبۆکان کاتی زیاتر بە سەیرکردنی وێنەی ئەو تاکانەوە بەسەردەبەن کە کاتی خۆی پەیوەندیی ئەرێنییان لەگەڵیاندا هەبووە تاوەکو ئەوانەی پەیوەندییەکانیان نەرێنی بوون.
بەگوێرەی زانستی زیندەناسی، هەریەک لە مرۆڤ، شامپانزی، بۆنۆبۆ، گۆرێلا و ژمارەیەکی دیکەی دوو پێ، مەمکدار و شیردەر، لە رووی پێکهاتنی خانەییەوە زیاتر لە یەکدی نزیکن. تەنانەت بە زمانی زیندەوەرناسان، پێیان دەگوترێت "ئامۆزاکان".
ئەنجامێکی دیکەی توێژینەوەکە ئەوەیە، لەنێو تاکی مێینەی نێو ئەو گرووپانەدا وا باوە کاتێک دەگەنە قۆناخی باڵخبوون، گرووپەکەی خۆیان بەرەو گرووپەکانی دراوسێیان جێدەهێڵن، توێژەران پێیانوایە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو رەفتارە، رێگرتنە لە جووتبوون لەگەڵ خزمە نزیکەکانیاندا.
د. لاورا رەفتاری مێینە باڵخبووەکان بە هۆکارێکی گرنگ دەزانێت بۆ بەهێزبوونی یادگەی ئەو گیاندارانە، چونکە ئەوەی کە ماوەتەوە و ئەوەی کە ماڵئاوایی کردووە، هەردوولا تووشی خەم و یادکردنەوە دەبن. لە ڤیدیۆکەی خوارەوەدا ساتی خەمباریی شامپانزییەک دەردەکەوێت:
د. کریستۆفەر کروپەنیێ، مامۆستا لە زانکۆی جۆن هۆپکینس لە ئەمریکا و یەکێکی دیکە لە نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەوەشمان بۆ دەرکەوتووە، ئەو گیاندارانە تەنیا گرنگی بە کەسی پلە یەکی خێزانەکانیان نادەن، بەڵکو هاوڕێ و دۆستە ناخوێنییەکانیشیان لە یادگەیاندا دەمێننەوە".
توێژینەوەکە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە لەوەی، لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی زیاتریان پێویستە تاوەکو بە جۆرێکی باشتر لە سروشتی پەرەسەندنی یادگەی ئەو گیاندارانە تێبگەن و رۆژێک لە رۆژان بتوانرێت بە سوودی خۆیان بەکاربهێندرێتەوە.