لە چین تاڤگەیەکی بەستوو گەشتیاران سەرسام دەکات

رووداو دیجیتاڵ


لەنێو سرووشتی جوانی پارێزگەی شانگدۆنگ لە رۆژهەڵاتی چین، لە وەرزی زستاندا دیمەنێکی سەرنجڕاکێش گەشتیاران سەرسام دەکات، کە دیمەنی تاڤگە بەستووەکانی کینگژووە.
 
ئەم تاڤگەیە ژمارەیەک بەستەڵەکی ستوونییە، بە قەدی چیاوە شۆڕبوونەتەوە خوارەوە و لەبەر دابەزینی پلەی گەرما، بەستوویانە؛ دیمەنێکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
 
لیو فانگ، سەردانکەرێکی چینییە، منداڵەکەی لەباوەشە و دەڵێ "تاڤگەی سەرنجڕاکێشن، سەرمان سوڕما کە دیمەنێکی وەهامان بە قەدی شاخەوە بینی، منداڵانیش کە بینیان، تووشی شۆک بوون."
 
تاڤگە بەستووەکانی کینگژوو، شوێنی وێنەگرتن و تۆمارکردنی یادگاریی کەموێنەیە. بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە لە وەرزی زستاندا، گەیشتن پێی ئاسان نییە.
 
لیو فانگ باسی ئەوە دەکات ئەوەی بەتایبەتی سەرنجی رادەکێشێت، ئەوەیە "دەتوانم منداڵان بێنمە ئێرە خلیسکانێی سەر سەهۆڵ بکەن و چێژی لێببینن، ئاشنای سرووشت بن و چێژ لەو دیمەنە جوانانە وەرگرن."
 
چینییەکان سەتان کیلۆمەتر دەبڕن تاوەکو دەگەنە نێو سرووشتی جوانی کینگژوو، بەڵام کە گەیشتن، سەرما سەختەکەی ناچار بە رۆیشتنیان دەکات.