لە 2020دا زیاد لە 222 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی بەرازیل تۆمارکراون

03-01-2021
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن ئەمازۆن
A+ A-

رووداو- هەولێر

کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی بەرازیل زیادیکردووە و دەکرێت ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوادا بێت و گوشارێکی گەورە لەسەر سەرۆکی ئەو وڵاتە دروستبێت.

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی بەرازیل بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو 222 هەزار و 798 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرانسەری وڵات تۆمارکراون و ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی 2010ەوە تۆمارکرابێت.

بەگوێرەی ئامارەکەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی بەرازیل، زیاد لە 103 هەزار و 798 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ئەمازۆنی بەرازیل تۆمارکراون و ئەوەش واتای ئەوەیە ئاگرکەوتنەوە لە ئەمازۆنی بەرازیل لە ساڵی 2020دا بەراورد بە 2019 بە رێژەی 16٪ زیادیکردووە.

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی بەرازیل ئاماژە بەوە دەکات، هەر لە 2020دا زیاتر لە 22 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی "پانتاناڵ" تۆمارکراون، کە گەورەترین ناوچەی پڕ لە مێرگ و زۆنگاوی جیهانە.

ئەمازۆن و پانتاناڵ بە دوو شوێنی جیهان دادەنرێن کە لە بواری سیستمی فرەژینگەییدا زۆر دەوڵەمەندن.

ئەمازۆن گەورەترین دارستانی باراناوی جیهانە و پاراستنیشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی گۆڕانی کەشوهەوا بە گرنگ دادەنرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەتوانێت بڕێکی زۆر گازی دوانۆکسیدی کاربۆن هەڵمژێت.

پانتاناڵ ناوچەیەکە دەکەوێتە باشووری بەرازیل و لەو وڵاتەوە بۆ بۆلیڤیا و پاراگوای درێژدەبێتەوە و بە "بەهەشتی سیستمی فرەژینگەیی جیهان" ناسراوە.

ساڵی رابردوو ئاگرێک لە پانتاناڵی بەرازیل کەوتەوە و بەو هۆیەوە نزیکەی 25٪ی لەناوچوو، ئەوە لە کاتێکدابوو وشکەساڵییەکیش ناوچەکەی گرتبووەوە کە نزیکەی نیو سەدە بوو وێنەی نەبوو.

چالاکڤانان رەخنە لە حکومەتەکەی بۆڵسۆنارۆ، سەرۆکی بەرازیل دەگرن و دەڵێن، سیاسەت و هەنگاوەکانی وایانکردووە، لەناوبردنی دارستانەکان درێژەی هەبێت.

پسپۆڕانیش ئاماژە بەوە دەکەن، زۆربەی ئاگرەکان بە مەبەست لە لایەن خەڵکیەوە دەکرێنەوە؛ ئەو خەڵکە مەبەستیەتی رووەکەکان لەناوببات و شوێنەکە بکاتە کشتوکاڵ.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساموێڵ وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

ساموێڵ وێربێرگ: هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەرز دەنرخێنین

گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرز دەنرخێنین " و جەختیکردەوە "ئەمریکا بە گرنگی دەزانێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و شەفاف بەڕێوەبچێت".