ترەمپ و کیم جۆنگ ئون بە چەکی ئەتۆم هەڕەشە لە یەکدی دەکەن

رووداو - هەولێر

یەکێک لەو رووداوانەی پێشبینیدەکرێت لە ساڵی 2018ـدا رووبدات بریتییە لەوەی کە کۆریای باکوور لەسەر تاقیکردنەوە مووشەکیی و ئەتۆمییەکانی بەردەوام بێت. لە هەمانکاتیشدا ئاسۆی چارەسەری داماڵینی نیمچەدوورگەی کۆریا لە چەکە ئەتۆمییەکان ناڕوونە.

لە تازەترین پێشهاتەکاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا وەڵامی لێدوانێکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکووری دایەوە، کە وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی بۆ تەقاندن، گوتی "دوگمەی ئەتۆمیی بەردەوام لەسەر مێزەکەمە و کاریش دەکات". 

دۆناڵد ترەمپ لە توویتەکەیدا دەکەوێتە کێبڕکێوە لەگەڵ کیم و دەڵێت "توانا ئەتۆمییەکانی زۆر گەورەتر و بەهێزترن لەوەی کۆریا".

ترەمپ هەروەها بە تانەوە دەنووسێت، دوگمە ئەتۆمییەکەی ئەو کار دەکات؛ ئەوەش وەک نیشاندانی گومانی لەسەر کارکردنی دوگمە ئەتۆمییەکەی کیم. 

هەرچەندە تەقاندنی مووشەکی ئەتۆمیی نە بە رێگەی دوگمەیە و نە لەسەر مێزیشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا بەکاربردنی ئەو دەستەواژانە ئاماژەن بۆ ئامادەیی ئەو وڵاتانە بۆ بەکاربردنی چەکە ئەتۆمییەکانیان، ئەگەر پێویست بکات. 

توویتەکەی ترەمپ کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و چین بە فەرمیی رای خۆی لەو بارەوە دەربڕی و داوای لە ئەمریکا و کۆریای باکوور کرد لە بری رووبەڕووبوونەوەی یەکدی، کار بۆ گێڕانەوەی متمانە بکەن. 

گێنگ شوانگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت "لەم کاتەدا بارودۆخەکە لە نیمچە دوورگەکە هەستیار و ئاڵۆزە. ئێمە هیواخوازین لایەنەکان بتوانن لەسەر دانبەخۆداگرتن بەردەوام بن.  ەر شتێک بگوترێت پێویستە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە یارمەتیدەر بێت و هەرچی بکرێت پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگ یارمەتیدەر بێت".

بەڕای شارەزایان، هەرچەندە ئەوەی ترەمپ و کیم لە لێدوانەکانیاندا راستەوخۆ ناوی یەکدی دەهێنن، جێگەی نیگەرانییە، بەڵام دوایەمین توویتی ترەمپ لە سەر کیم زۆر مەترسیدار نییە و تەنیا جۆرێکە لە خۆدەرخستن.

جەیمس هۆئار، شارەزای بواری کۆریا و کاربەڕێکەری پێشووی بەریتانیا لە پیۆنگیانگ دەڵێت "ئەمە هێورانەترە لە هەندێک لە توویتەکانی، پێشموایە لەوانەیە شتێکی باش بێت. ئەوە هێشتا بریتییە لەوەی کە (من لە تۆ گەورەترم) و (منداڵە بچکۆلەکە پاڵم پێوە مەنێ). بەڵام ئەوە ئەوەندەش خراپ نییە. بۆیە تۆ دەڵێت کە (من دوگەمەیەکی گەورەترم هەیە لەوەی کە تۆ هەتە). ئەوەش راستییە"

لە ئەمریکا و کۆریای باکوور بەگوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتانە، سەرۆک دەتوانێت فەرمان بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات؛ بەو پێیە ترەمپ و کیم دەستەڵاتی ئەوەیان هەیە کە شەڕی ئەتۆمیی لە دژی یەک هەڵبگیرسێنن. 

داڕشتنەوە: حەکیم داود