لە فەرەنسا کۆچبەرانی دارستانەکان دەگوازرێنەوە شێڵتەرەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی فەرەنسا چووە دارستانەکانی هەردوو شاری کالێ و دەنکێرک لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بۆئەوەی کۆچبەرانی رێگەی بەریتانیا بەزۆر بۆ نێو شێڵتەرەکان بگوازنەوە؛ هۆکارەکەش وەکو خۆیان دەڵێن، ساردیی کەشوهەوا و خراپیی بارودۆخی مرۆییانە.
 
فرانسوا، بەرپرسی کۆچبەران لە شارەوانیی کالێ دەڵێت، "لێرە کەشوهەوا زۆر ساردە و تادێت ساردتریش دەبێت، ئەم کۆچبەرانە لە بارودۆخێكی زۆر مەترسیدار بۆ سەر تەندروستییان دەژین و خۆشیان نازانن چەند خراپە بۆیان، بۆیە ئێمە بە هاوکاریی هێزەکانی پۆلیس شوێنێکی تایبەتمان بۆ ئەو کۆچبەرانە ئامادە کردووە و تێیدا لە سەرما و ژیانی سەختی نێو دارستانەکان دەیانپارێزێت."
 
زیاتر لە 2000 کۆچبەر لەنێو دارستانەکانی کالێ و 1500 لەوانەی دەنکێرک بەبێ هیچ کەلوپەل و کەرەستەیەکی پێویست لە دارستانەکان ماونەتەوە. لەم هەڵمەتەی پۆلیسدا 300 کۆچبەر براونەتە شێڵتەرەکان و ئەوانەی دیکە پەرشوبڵاو بوونەتەوە.
 
عەبدولڕەحمان عوسمان، کۆچبەر دەڵێت، "لێرە دەنگۆ بڵاوبووەوە، گوایە رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە هێز دێت و شوێنەکەمان پێ چۆڵ دەکەن، ئێمە باوەڕمان نەکرد، بەڵام بابەتەکە راست بوو و ناوچەکەیان بە زۆر چۆڵ کرد، من نیازی بەریتانیام هەیە و ئەگەر پێویست بکات لەسەر شەقامەکان دەخەوم تاوەکو دەرفەتی دەرچوونم بۆ دەڕەخسێت."
 
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ هێزەکانی پۆلیس هەوڵی بەزۆر چۆڵکردنی ئەو دارستانانەی دا، بەڵام بێ ئەنجام بوو، چونکە دوای ماوەیەکی کەم دیسانەوە پڕ لە کۆچبەران بوونەوە.
 
تاوەکو تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە 500 بەلەم نزیکەی 24 هەزار کۆچبەر لە فەرەنساوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا چوونەتە بەریتانیا.
 
حکومەتی بەریتانیا رەخنە لە فەرەنسا دەگرێت و بە کەمتەرخەمی دەزانێت لەئاست کۆنترۆڵ نەکردنی چوونی کۆچبەران بە نۆکەندی ئینگلیز بۆ بەریتانیا.