ئیلۆن مەسک بەتۆمەتی "وروژاندنی تووندوتیژی" هەژماری کانیا وێست لە تویتەر دادەخات


رووداو دیجیتاڵ 

ئیلۆن مەسک، خاوەنی تویتەر، هەژماری تویتەری کانیا وێست دادەخات. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە راپەرە ئەمریکییەکە وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هێمای نازییەکانی لەنێو هێمای جووەکان دانابوو.
 
رۆژی هەینی 2ـی کانوونی یەکەمی 2022، ئیلۆن مەسک لە وەڵامی تویتەکەی کانیا وێستدا گوتی: "دەمەوێت روونیبکەمەوە کە هەژمارەکەی بەهۆی وروژاندنی تووندوتیژی راگیراوە، نەک لەبەر وێنەیەکی من." لە تویتێکی دیکەشدا، مەسک ئاماژەی بەوەکرد کە "من هەموو هەوڵێکم دا. سەرەڕای ئەوەش، ئەو جارێکی دیکە یاساکەمان سەبارەت بە وروژاندنی تووندوتیژی پێشێلکرد. هەژمارەکەی رادەگیرێت." 
 
وێست چەند پۆستێکی بڵاوکردبووەوە کە وا لێکدرایەوە "بۆ دژایەتیی جووەکان" ئەو کارەی کردبێت. دوایینیان رۆژی پێجنشەممە بوو، کاتێک وێنەی هێمای جووەکانی کە بە "ئەستێرەی داود" ناسراوە، بڵاوکردەوە و لەنێویدا هێمای نازییەکانیا نەخشاندبوو. دواتریش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی چەند جارێک گوتی، "من هیتلەرم خۆشدەوێت." 
 
پێشتر کانیا وێست وێنەیەکی ئیلۆن مەسکی بڵاوکردبووەوە کە تێیدا مەسک بەبێ تیشێرت دەردەکەوت و ئاوی بەسەر جەستەیدا رژابوو و لەسەری نووسیبووی، "با هەمیشە ئەمەمان لەبیربێت وەکو دوا تویتم." 
 
هەرچی مەسکە، کە لەدوای کڕینی تویتەر، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پاڵپشتی لە دەربڕینی رای ئازاد دەکات، چەند جارێک ئاماژەی بەوەکردووە کە پێیوایە هەموو ئەو بابەتانەی کە یاسا رێگەی پێداوە، دەبێت رێگەیان پێبدرێت لە تویتەریش بڵاوبکرێنەوە.
 
لەو کاتەوەی ئیلۆن مەسک لە مانگی تشرینی یەکەمدا تویتەری کڕیوە، نیوەی کارمەندانی پلاتفۆرمەکەی دەرکردووە. لەنێویدا بەشێکی ئەو کارمەندانەشی دەرکردووە کە کار لەسەر نەهێشتنی زانیاریی هەڵە دەکەن و ژمارەیەکی دیکەی کارمەندانیش دەستیان لەکارکێشاوەتەوە. 
کۆمپانیاکە دەستیکردووە بە گەڕاندنەوەی ئەکاونتی نزیکەی 62 هەزار کەس کە لەدوای کانوونی دووەمی 2021ـەوە راگیرابوون. هەژمارەکەی کانیا وێست یەکێک بوو لەوانەی کە رۆژی 21ـی تشرینی دووەم چالاککرایەوە.