نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن لە کۆشکی ئێلیزێ کۆدەبنەوە
رووداو- هەولێر
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا (ئێلیزێ) لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆدەبێتەوە و بارودۆخى گشتیى عێراق و پهیوهندییهكانى نێوان ههولێر و بهغدا تاوتوێدەکەن.
بەپێی خشتەی کاری سەرۆکی فەرەنسا کە لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی فەرەنسا بڵاوکراوەتەوە ، ماکرۆن ئەمڕۆ شەممە 2-12-2017 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و، دواتر راگەیێندراوێک بۆ ئەنجامی دیدارەکە بڵاودەکەنەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی 1-12-2017 بەکاتی کوردستان، لهسهر بانگهێشتى فهرمیى ئێمانوێل ماكرۆن، سهرۆکی فهرهنسا، شاندە باڵاکەى ههرێمى كوردستان بهسهرۆكایهتیى نێچیرڤان بارزانى و به یاوهری قوباد تاڵهبانى، جێگرى سهرۆكوهزیران، فوئاد حوسێن، سهرۆكى دیوانى سهرۆكایهتیى ههرێمی کوردستان و سهفین دزهیى، گوتهبیژى فهرمیى حكومهت گهیشته پاریسى پایتهختى ئەو وڵاتە.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، له كۆبوونهوهکەدا بڕیارە بارودۆخى گشتیى عێراق و پهیوهندییهكانى نێوان ههولێر و بهغدا تاوتوێ بکرێن ، ههروهها پهیوهندییهكانى نێوان ههرێمى كوردستان و فهرهنسا دهخرێنه بهرباس.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەرەنسا جگە لەوەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە، پێگەیەکی تایبەتی لە یەکێتیی ئەوروپا هەیە، بەدەر لەمانە فەرەنسا لە دەرەوەدا سیاسەتێكی بەهێزی هەبووە، بۆیە لە پەیوەندییەکانی رابردووی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەتوانێ رۆڵی لەیەکتر نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا ببینێت، دەتوانێت هاوکاربێت لە زمینەخۆشکردن تاوەکو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ چارەسەربکرێن".
لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش دزەیی گوتی: "ئەو بابەتانەی جێگەی بایەخی هەردوولامانن بریتین لە: بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی، دۆخی عێراق کە بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس بابەتی گفتوگۆکانی نێوانمان دەبێت، مەلەفی ئەمنی یەکێک لە بابەتەکانی گفتوگۆکانمان دەبێت کە فەرەنسا یەکێک بوو لەو هێزانەی پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی کرد لە شەڕی دژی تیرۆردا."
فەرەنسا لە چەندین قۆناخی جیاواز ، دۆستێکی بێبەرامبەر بووە بۆ کورد ، لە کۆرەوی ساڵی 91رۆڵێکی گەورەی گێڕا بۆ لۆبیکردن بۆ کورد لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و گوشاریکرد بۆ ئەوەی کورد لە عێراق بپارێزرێت ، هاوکات بۆ مانەوەشی بە پارێزراوی، بڕیاری دژە فڕین لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دەرکرا و ناوچەیەکی ئارام بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستبوو.
دوای کۆڕەو و لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، فەرەنسا لە پاڵپشتییە بێبەرامبەرەکانی بەرامبەر بە کورد بەردەوام بوو.
ساڵی 2014 ، کاتێک کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کێشەی داعش بوویەوە، فەرەنسا جارێکی دیکە ، ئەمجارە لەژێر سەرۆکایەتی فرانسوا ئۆلاند، بە هانای هەرێمی کوردستانەوە هات و هاوکاری چەک و تەقەمەنی و راوێژی سەربازیی پێشکەش بە پێشمەرگە و گەلی کوردستان کرد. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە فڕۆکەکانی فەرەنسا لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش لە بەرژەوەندی پێشمەرگە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر داعش ئەنجامداوە.
فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی پێشووی فەرەنسا بەپێچەوانەی نەریتی سەرۆکی وڵاتان کە تەنیا سەردانی پایتەخت دەکەن ، دووجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و هاوکات لە کۆشکی ئێلیزێی فەرەنسا پێشوازی لە مەسعود بارزانی ، سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی فەرەنسا لە هەولێر
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە پاریس
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئێستای فەرەنسا بەهەمان گوڕ و تینی سەرۆکەکانی پێش خۆیەوە پشتگیری و پشتیوانیی بۆ مافەکانی گەلی کوردستان دەربڕی و لەم قەیرانەی ئێستای نێوان هەرلێر و بەغداشدا راشکاوانە بە بەغدای راگەیاندووە کە پێویستە مافەکانی گەلی کوردستان گەرەنتی بکرێن.
فەرەنسا هەنگاوی لەوە زیاتری ناوە، هەوڵی نێوەندگیریی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و بە بانگهێشتی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان بۆ کۆشکی ئێلیزێ، هەوڵی شکاندنی گەمارۆی ئاسمانی و دیپلۆماسیی سەر هەرێمی کوردستان دەدات ، کە لەلایەن بەغداوە بە سەریدا سەپێندراوە.
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان