رووداو- هەولێر
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندای کرد و دەڵێت"داوامانکرد هۆڵەندا گوشار بخاتەسەر بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بە گفتوگۆ بکات". گوتیشی: "کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە ، پێشوازییان لە هەڵوێستی ئاشتیانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد".
دلاوەر ئاژگەیی ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند"بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی لە لاهای ، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندامان کرد. داوامانکرد هۆڵەندا لەچوارچێوەی یەکێتی ئەوروپا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان گوشار بخاتەسەر بەغدا تاوەکو لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بە گفتوگۆ بکات، دەستوری عێراق جێبەجێ بکات و بڕیار بدات بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا گوتیشی" لە سەرەتای دیدارەکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی کابینەی سێیەمی سەرۆکوەزیرانیان گەیاندە وەزارەتی دەرەوە. پاشان دۆخی ئەمنی، سیاسی و مرۆیی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراقمان باسکرد. هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشمان خستەڕوو، کە بۆ مسۆگەرکردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بەردەوام داوای بەئاشتی چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات."
بەگوتەی دلاوەر ئاژگەیی ، کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا پێشوازییان لە هەڵوێستی ئەرێنی و ئاشتیانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لە گرنگیی قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا باسی لەوەشکرد، لە لاهای لەلایەن مارک زێڵنرات راوێژکاری باڵای وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و خاتوو ئێلینە بۆسمان کارگێڕی کاروباری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەند و خاتوو سیمۆنە ڤان دێر برووک ، بەرپرسی دیسکی کاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوە پێشوازییکراون.
دلاوەر ئاژگەیی ئەوەشی گوت؛ لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە تیشک خرایەسەر کۆبوونەوەی داھاتووی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ، کە تایبەت دەبێت بە عێراق و داواکرا ھۆڵەندا ھەوڵبدات لە ئاستی سیاسەتی دەرەوی یەکێتی ئەوروپا ، پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان بکات.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ