نرخی زێڕ لە 12 مانگدا بە رێژەی 38٪ بەرزبووەتەوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا خواست بۆ کڕینی زێڕ 5٪ بەرزبووەتەوە. ئەنجوومەنەکە هەروەها دەڵێ خواست بۆ کانزا زەردەکە لەو ماوەیەدا هەزار و 313 تۆن بووە.
 
بەگوێرەی ئەنجوومەنەکە خواست لەسەر زێڕ لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بەمشێوەیە بووە: خواست بۆ کڕینی زێڕ لە چەشنی خشڵ و لیرە بە رێژەی 10٪ دابەزیوە، بەڵام بەکارهێنانی زێڕ لە کەرتی تەکنۆلۆجیا بە رێژەی 7٪ بەرزبووەتەوە بۆ 83 تۆن.
 
وانگ لی شین، بەڕێوەبەری لقی چین ـی ئەنجوومەنی زێڕ دەڵێ "لە بواری تەکنەلۆجیادا زێڕ لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردێت. پێشکەوتنە خێراکان لە بواری ژیریی دەستکرد، خواستیان لەسەر زێڕ دروستکردووە و ئەو بڕە زێڕەی لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا بەکاردێت، زیادبووە." 
 
لە 12 مانگی رابردوو؛ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 38٪ بەرزبووەتەوە.
 
ساڵی رابردوو ئەم کاتانە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ 1975 دۆلار بوو؛ ئێستا بە نزیکەی 2736 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لی یانگ، شرۆڤەکاری بازاڕی زێڕ هەروەها باسی لەوە کرد "لە 3 چارەکی یەک لە دوای یەک ئەم ساڵدا، چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هەروەها مەترسییە جیۆسیاسییەکان بوونەتە هۆکاری ئەوەی وەبەرهێنان لە زێڕدا زیادبێت و گەشبینی لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لەم ساڵدا دروست بێت."
 
بەگوێرەی ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا 989.8 تۆن زێڕ لە کانەکان بەرهەمهاتووە، 323 تۆنیش ریسایکل کراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە