رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، رێوڕەسمی سوێندخواردن و وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەمریکییە بۆ چەند کەسێک. رێوڕەسمەکە لە شاری لۆس ئەنجلیسی ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەدەچێت.
ئەوان پەلەیانە وڵاتینامە وەربگرن، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بکەن.
فلۆراین تورکان، هاووڵاتی نوێی ئەمریکی دەڵێت: "ئەوە زۆر گرنگە بۆ من و ئەمڕۆش دوا رۆژی ناو تۆمارکردنە بۆ دەنگدان، بۆیە یەکەمجار کارم ئەوەیە راستەوخۆ دەچم ناوی خۆم تۆمار دەکەم تاوەکو بتوانم دەنگ بدەم."
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەشت ملیۆن دەنگدەر بۆ یەکەمجاریانە دەنگ دەدەن.
کێبڕکێی هەڵبژاردن تادێت تووندتر دەبێت، بەگوێرەی نوێترین راپرسی ریل کلیەر پۆڵەتیکس، دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان، بە 0.8٪ خاڵ پێش کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان کەوتووەتەوە.
دێنس بیێەر، هاووڵاتیی نوێی ئەمریکی دەڵێت: "من زیاتر بەلای دیموکراتەکان خۆم دەبینمەوە و ئەگەرێکی زۆریشە دەنگم بۆ کەسێک دەبێت کە لەو ئاراستەیەوە نزیک بێت."
دی لۆپێس دال، هاووڵاتییەکی دیکەی نوێی ئەمریکییە و دەلێت: "هەوڵدەدەم دەنگبدەم، چونکە ئەمڕۆ دوا رۆژی ناو تۆمارکردنە و حەز دەکەم دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ بدەم، لەبەرئەوەی بینیومە چۆن دیموکراتەکان گۆڕاون و ترسم لێیان هەیە و چیدیکە پشتگیریان ناکەم."
لەگەڵ گەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردن و رکابەرایەتییەکە، چاوەڕێ دەکرێت رێژەی هەڵبژاردن ئەمساڵ بەرزتر بێت لە رێژەی بەشداریکردنی چوار ساڵ لەمەوبەر کە 66٪ بوو، ئەمە جگە لەوەی تائێستا زیاتر لە 60 ملیۆن ئەمریکی لە دەنگدانی پێشوەختەدا، دەنگیانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ