نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا ناسراو بە کۆشکی ئێلیزێ بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 3-11-2023 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لهسهر بانگهێشتى فهرميى ئيمانوێل ماكرۆن سهرۆكى فهرهنسا، نێچیرڤان بارزانی سهردانى پاريس دهكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-11-2023 کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا - کۆشکی ئێلیزێ بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 3ـی تشرینی دووەمی 2023 کاژێر 11 (بە کاتی فەرەنسا)، کە دەکاتە کاژێر 13:00 (بە کاتی هەولێر)، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.
هاوکات، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسایە.
بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی باسی پهيوهندييهكانى فهرهنسا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و برهودان به هاريكاريى هاوبهش و دۆخى عێراق و ناوچهكه بهگشتى تاوتوێ بکەن.
پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان پاریس و هەولێردا هەیە و ئەمە چەندەمین جارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی فەرەنسا دەکات و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
رۆژی 29ـی حوزەیرانی 2013 فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری ئەو کاتی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان کرد و پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێر تاوتوێکران.
رۆژی 2-12-2017 و لەو کاتەدا حکومەتی عێراق گەمارۆی خستبووە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان سەردانی فەرەنسای کرد. سەردانەکە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە.
رۆژی 10-7-2019ـش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە.
رۆژی 15-2-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی چەند بابەتێک قسەیان کرد، لەوانەش پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس.
لە ساڵی 2014شەوە سێجار سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەولێری کردووە. ئەیلوولی 2014 فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری ئەو کاتی فەرەنسا هاتە هەولێر، ئەوەش کاتێک هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە شەڕدا بوون. رۆژی 2-1-2017ـش ئۆلاند سەردانی هەولێری کردەوە. رۆژی 29-8-2021یش ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هەولێری کرد.