ئەڵمانیا ئاسانکاریی زیاتر بۆ کارکردنی پەناخوازان دەکات؛ 'دوای 3 بۆ 6 مانگ دەتوانن کار بکەن'
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا بیری لەوە کردووەتەوە سوود لە پەناخوازە کارزان و دەستڕەنگینەکان وەربگرێت بۆ پڕکردنەوەی دەستی کاری وڵاتەکەی، بۆ ئەو مەبەستەش ئاسانکاریی زیاتر بۆ کارکردنیان دەکات.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئەو پرسە پەیوەندیی بە کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنەوە هەیە، بەتایبەتی کاتێک باس لە کۆچبەری نایاسایی دەکرێت. لە هەمان کاتدا پەیوەندیی بەو راستییەوە هەیە کە پێویستمان بە هێزی کار و کرێکاری لێهاتووە، دەرفەتیش لەوەدا هەیە، چونکە ئەوەی پێویستمانە بەڕێوەبردنێکە، کە هەموومان لەسەری کۆک بین."
حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، ئێستا زیاتر لە 200 هەزار پەناخواز لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی کاتی نیشتەجێن و چاوەڕێی وەڵام دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 204 هەزار پەناخواز داواکاریی مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا پێشکێش کردووە و ئەمەش بەراورد لەگەڵ پار 77% زیادیکردووە.
نانسی فیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، "بەگوێرەی پڕۆژەیاساکەمان، پەناخواز رێگەی پێدەدرێت لەدوای سێ مانگ بۆ شەش مانگ بتوانێت کار بکات، ئەمەش کەمترە لەو نۆ مانگەی ئێستا هەیە. بەرەنگاربوونەوەی تاوانی دڕندانە و بێبەزەییانە و بێویژدانانەی قاچاخچێتی، لە پێشینەی کارەکانی منە، وەکو دەزانن. قاچاخچێتی تاوانە. هەربۆیە ئێستا بە یاسا رێکخراوە. لە داهاتوودا لانیکەم سزای یەک ساڵ بۆ زۆربەی ئەو تاوانانەی کە پەیوەستن بە قاچاخچێتی، دەردەکرێن، لەو کەیسانەشی مردنی لێدەکەوێتەوە و پەیوەندیی بە قاچاخچێتییەوە هەیە، رەنگە سزای زیندانی تاهەتاییش بیگرێتەوە."
بەگوێرەی حکومەتی ئەڵمانیا، ئەم ساڵ زیاتر لە 251 هەزار و 213 کۆچبەر روویان لەو وڵاتە کردووە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی پار 60% زیادیکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە، لانیکەم 186 هەزار پەناخواز مافی مانەوەیان رەتکراونەتەوە، بەڵام هێشتا دیپۆرت نەکراونەتەوە.