کەنەدا تاوەکو 2025 نزیکەی 1.5 ملیۆن کۆچبەر وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
کورتهێنان لە دەستی کار لە کەنەدا هەیە و نزیکەی ملیۆنێک هەلی کار لەو وڵاتە هەیە، بۆیە حکومەتی کەنەدا پلانی هەیە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کۆچبەر وەربگرێت.
رۆژی سێشەممە، 01ی تشرینی یەکەمی 2022، شۆن فرەیسەر، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا پلانە نوێیەکەی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند هەتا ساڵی 2025، زیاتر لە یەک ملیۆن و 450 هەزار کۆچبەر وەربگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو ئاژانسی سەرژمێریی کەنەدی ئاشکرای کرد لە هەر پێنج کەس لە کەنەدا، یەکێکیان پەنابەرە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، شۆن فرەیسەر، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا رایگەیاند، "با بە سادەیی پێتان رابگەیێنم... کەنەدا خەڵکی دیکەی پێویستە. کەنەدییەکان تێدەگەن لەوەی کە پێویستە ژمارەی دانیشتووانەکەی گەشە بکات، ئەگەر بتوانین پێداویستیی دەستی کار پڕ بکەینەوە".
هەروەها ئەو وەزیرە کەنەدییە راشیگەیاند، ئامانج لەو سیاسەتە نوێیەی تایبەت بە کۆچبەران بۆ راستکردنەوەی ئەو شەپۆلەیە، کە ئێستا لە کۆمەڵگەی کەنەدیدا دروست بووە، ئەویش بووەتە کۆمەڵگەیەکی پیر و شەپۆلێکی گەورەی خانەنشینیش دروست بووە، کە ئەمەش ژمارەیەکی زۆر هەلی کار لە چەند ساڵی ئایندەدا دەڕەخسێنێت.
هەروەها ئەو وەزیرە کەنەدییە گوتی: "ئەگەر ئێستا کار نەکەین بۆ راستکردنەوەی هاوسەنگی دیمۆگرافیای (کۆمەڵگەی کەنەدی)، ئەوا لە 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوودا قسە لەسەر قەیرانی هێزی کار دەکەین کە بتوانێت توانی ئابووریی وڵاتەکە بەڕێوەبەرێت".
کەنەدا ساڵانە ژمارەیەکی دیاریکراوی پەنابەران وەردەگرێت، بەڵام پلانە نوێیەکەیان بۆ مەبەستی گەنجکردنەوەی کۆمەڵگەی کەنەدییە، هەروەها بۆ پڕکردنەوەی قەیرانی هێزی کار لە کەنەدا کە چەندین ساڵە ئەو وڵاتە رووبەڕووی بووەتەوە.
هەروەها کەنەدا ئاشکرای کردووە، ئەو کۆچبەرانە وەردەگرێت کە ئەزموونیان لە بوارێکدا هەیە بەتایبەتی لە بوارەکانی: تەندروستی، ئەندازیاری و بازرگانی و بەرهەمهێنان.
بەگوێرەی پلانە نوێیەکەی کەنەدا بڕیارە بۆ ساڵی 2023 ئەو وڵاتە 456 هەزار کۆچبەر وەربگرێت. لە ساڵی 2024، 485 هەزار کۆچبەر و لە ساڵی 2025یش، 500 هەزار کۆچبەری دیکە وەردەگرن.
ئەمە ژمارەیەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە و لە ساڵی 2021، حکومەتی کەنەدا 405 هەزار کۆچبەری وەرگرتووە.
هەفتەی رابردووش، ئاژانسی سەرژمێری کەنەدی ئاماری نوێی ژمارەی دانیشتووانی کەنەدای بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە 23٪ی کەنەدییەکان، پەنابەرن.
لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە، کەنەدا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری وەرگرتووە و ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 235 هەزار کۆچبەری وەرگرتووە.