کۆمەڵەیەکی جووەکان: لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە 5،583 تاوانی دژەجوو لە بەریتانیا کراون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵەی متمانەی ئەمنی کە تایبەتە بە کاروباری جووەکان لە بەریتانیا، رایگەیاند لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە پێنج هەزار و 583 تاوانی دژەجوو کراوە، کە ئەمەش زۆرترین بووە لە ساڵێکدا. دەشڵێت، زۆرترینیان لە لەندەن بوون. 
 
رۆژی چوارشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2024) کۆمەڵەی متمانەی ئەمنی (کۆمیونتی سکیورتی ترەست) لە بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تاوەکو 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، پێنج هەزار و 583 تاوانی دژەجوو لە بەریتانیا کراون، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پێشوو تەنیا هەزار و 830 کرابوون. ئەو تاوانانەی لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە لە دژی جووەکان کراون لە بەریتانیا زۆرترین بووە لە ساڵێکدا لەدوای ساڵی 1984ـەوە. 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ئەویش دەستی بە وەڵامدانەوە کرد. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا، زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و 250 کەسیش بە بارمتە کەوتنە دەست حەماس؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100ـیان ماون. 
 
کۆمەڵەکە لە ئێکس بڵاویکردەوە، "کاتێک گرژییەکان لە ئیسرائیل زیاد دەبن، رقی دژەجووەکانیش لە بەریتانیا زیاد دەبێت." 
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەکە، لەو تاوانانە، "چوار هەزار و 583ـیان رەفتاری خراپ، 302ـیان هێرش، 266ـیان زیانگەیاندن و بێڕێزی، 30ـیان تاوانی دژی ئەدەبیاتی جووەکان و یەکێکیشیان تووندوتیژیی تووند" بووە. 
 
لەو ئامارەی کۆمەڵەکە ئەوەش هاتووە، لەو تاوانانەی پار کران، زۆرترینیان لە لەندەن بوون بە سێ هەزار و 167 تاوان. دوای ئەو 729ـیان لە مانچستەر و 642ـیان لە وێست یۆرکشایەر بوون. 
 
بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە لەکاتێکدایە شەوی رابردووش لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد تەقە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەو وڵاتە کرا. دواتر، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، تەقەکە بێ زیانی گیانی بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  سەرۆکشارەوانیی لینکن (لای چەپ)، سەنتەری کولتووریی ئێزدی لە لۆنکۆڵن (لای راست لە سەرەوە)، شەهاب بەشار (لای راست لە خوارەوە) لەگەڵ جووتیارێکی دیکەی ئێزدی لە کێڵگەیەک لە لینکۆڵن.

کوردانی ئێزدی شنگالێکی بچووک لە ئەمریکا دروست دەکەن

شەهاب بەشار رۆژانە چەندین کاژێر لەناو کێڵگەیەکی 12 دۆنمیدا لە شاری لینکن لە ویلایەتی نێبراسکا کار دەکات و خەریکی باشترکردنی ئینگلیزییەکەی و چاندنی ئەو سەزەواتانەیە کە لە قەزای شنگال دەیخوارد پێش ئەوەی کۆچ بۆ ئەمریکا بکات. ئێستا شەهاب و هەزاران کوردانی دیکەی ئێزدی ئەو شارە ئەمریکییە وەک ماڵی خۆیان دەبینن و شنگالێکی دیکەیان لەنێو جەرگەی ئەمریکادا دروستکردووە.