کوردانی ئێزدی شنگالێکی بچووک لە ئەمریکا دروست دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

شەهاب بەشار رۆژانە چەندین کاژێر لەناو کێڵگەیەکی 12 دۆنمیدا لە شاری لینکن لە ویلایەتی نێبراسکا کار دەکات و خەریکی باشترکردنی ئینگلیزییەکەی و چاندنی ئەو سەزەواتانەیە کە لە قەزای شنگال دەیخوارد پێش ئەوەی کۆچ بۆ ئەمریکا بکات. ئێستا شەهاب و هەزاران کوردانی دیکەی ئێزدی ئەو شارە ئەمریکییە وەک ماڵی خۆیان دەبینن و شنگالێکی دیکەیان لەنێو جەرگەی ئەمریکادا دروستکردووە.
 
دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003 شەهاب وەرگێڕانی بۆ سوپای ئەمریکای دەکرد، دواتر بووە مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شنگال، بەڵام کاتێک داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر قەزاکە، ناچار بوو شارەکەی جێبهێڵێت. 
 
هەرچەندە لە کۆتاییدا شنگال رزگار کرا، بەڵام ئەو پێیوابوو ناتوانێ داهاتوویەکی جێگیر بۆ خانەوادەکەی لەم شارەدا مسۆگەر بکات، بۆیە بڕیاری دا کۆچ بۆ ئەمریکا بکات. 
 
ئەو کوردە ئێزدییە بە دڵێکی پڕەوە بە رووداوی گوت "پێش ئەوەی داعش بێت، من ژیانێکی جێگیرم هەبوو و لە یەکێک لە تاقیگەکان کارم دەکرد، لە قوتابخانەیەکی نزیک ماڵیشمان وانەم دەگوتەوە… ژیانمان زۆر خۆش بوو."
 
شەهاب وەکو زۆر کوردی دیکەی ئێزدی نزیکەی هەفتەیەک لەسەر چیای شنگال مایەوە. گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوین و کەمیی خواردن و ئاو ئەوەندی دیکە ژیانیان لێ تاڵ کردبوو. شەهاب و خێزانەکەی دواتر چوونە شاری سلێمانی و لە یەکێک لە کەمپەکان مانەوە. دوای ئازادکردنی شنگال لە ساڵی 2016، ئەو مامۆستایە گەڕایەوە زێدی خۆی و دووبارە قوتابخانەکەی دروستکردەوە. 
 
شەهاب هەوڵێکی زۆری دا بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی لە شنگال و یارمەتی دارایی لە چەند رێکخراوێکی خێرخوازی وەرگرت بۆ نۆژەنکردەوەی قوتابخانەکەی، بەڵام شنگالی دوای داعش، هەرگیز وەک شنگالەکەی جاران نەبوو. ژێرخانی قەزاکە وێران ببوو و چەندین گرووپی چەکداری جیاجیا کۆنترۆڵی ناوچەکەیان دەکرد و زۆربەی دانیشتووانی قەزاکە نەگەڕابوونەوە. شەهاب گەیشتە ئەو بڕوایەی دەسپێکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی لەم شارە، ئەستەمە. 
 
شەهاب سەرەتا دوودڵ بوو لەوەی بڕیارێکی چارەنووسساز بدات، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو بڕوایەی چاری نییە و دەبێت بەدوای خاکێکی بەپیتتردا بگەڕێک بۆ چاندنی تۆوی هیوای. 
 
داعش کۆمەڵکوژی لە شنگال کرد. چەکدارانی رێکخراوەکە 6 هەزار و 417 ژن و منداڵی ئیزدییان رفاند و ژمارەیەکی زۆریشیان لە بازاڕەکان کڕین و فرۆشتنیان پێکرا. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، کە سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، تائێستا 3 هەزار و 581 رفێندراو ئازاد کراون.
 
حوسێن قائیدی، سەرۆکی نووسینگەکە، لە دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکۆژییەکەدا بە رووداوی گوت؛ لەم 10 ساڵەدا لەنێوان 120 هەزار تاوەکو 130 هەزار ئێزدی بۆ دەرەوەی عێراق کۆچیان کردووە.  
 
حکومەتی عێراق نەیتوانیوە ئێزدییەکان بپارێزێت و ژیانێکی خۆشیان بۆ فەراهەم بکات، ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکان ئەم وڵاتە وەک ماڵی خۆیان نابینن. 
 
جێهێشتنی عێراق و دروستکردنی ژیانێکی نوێ لە وڵاتێکی دیکەدا کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام ئەو کەسانەی پێشتر لەگەڵ سوپای ئەمریکا کاریان دەکرد یان لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە سپۆنسەر دەکران، توانیان ئاسانتر لەوانی دیکە لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانیاندا بکەنەوە. ژمارەیەکی زۆریشیان هاوشێوەی کوردانی دیکەی باشووری کوردستان قەدەری خۆیان خستە ژێر رەحمی شەپۆلە تۆقێنەرەکانی دەریاکان و دارستانە چڕە ساردەکان و، هەوڵیان دا بە رێگەی قاچاخ بگەنە ئەورووپا. بێگومان ژمارەیەکی زۆریان نەگەیشتن بە خەونەکانیان. 
 
زۆربەی ئەو ئێزدیانەی پێشتر کاری وەرگێڕیان بۆ سوپای ئەمریکا دەکرد، شاری لینکنیان بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ هەڵبژارد. شەهابیش یەکێک بوو لەوانە. ئەم شارە ئەمریکییە دەیان ساڵە خاوەنی گەورەترین رەوەندی کوردی ئێزدییە لە وڵاتەکەدا. 
 
شەهاب و خێزانی و دوو کچەکەیان لە ساڵی 2017 گەیشتنە لینکن. دوو کچی دیکیشیان لە ئەمریکا لەدایکبوون. ساڵی 2018، شەهاب وەک وەرگێڕ لە رێکخراوی (کۆمیونیتی کرۆپس)، کە رێکخراوێکی قازانجنەویستە و پشتگیری ئەو کەسانە دەکات کە خولیای کارکردنیان لە بواری کشتوکاڵدا هەیە، دەستی بە کارکردن کرد. بەڵام دواتر بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خۆشەویستی بۆ کاری چاندن دروست بوو و وەک جووتیار لە رێکخراوەکەدا دەستبەکار بوو. ئێستا زەوییەکی نزیکەی 12 دۆنمی دەچێنێت، جگە لە کارە سەرەکییەکەی وەک وەرگێڕ. 
 
لەبارەی باشترکردنی ئینگلیزییەکەیەوە شەهاب گوتی "سەرەتا کە هاتمە ئێرە، ژیان زۆر قورس بوو، چونکە ئینگلیزییەکەم باش نەبوو، بۆیە ناچار بووم بۆ ماوەی سێ بۆ چوار مانگ لە کارگەیەک کاربکەم، دواتریش لە یەکێک لە مارکێتەکان کارم دەکرد."
 
سەنتەری رۆشنبیریی ئێزدی، دیارترین سەنتەری ئێزدییە لە ئەمریکا و سەر بە رێکخراوی یەزدایە، یارمەتیی شەهابی دا تاوەکو ئینگلیزییەکەی باشتر بکات و لە رێکخراوی (کۆمیونیتی کرۆپس) دەستبەکار بێت. 
 
شەهاب ئەو جۆرە سەوزانە دەچێنێت کە لە شنگال دەیخواردن، بەڵام بۆ شارە ئەمریکییەکە نامۆ بوون. ئەو خۆزگەی دەخواست لینکن هاوشێوەی شنگال چیای لێبووایە بۆ ئەوەی زیاتر هەست بکات لە شنگالە. سەرکەوتنی ئەو گەنجە ئێزدییە لە ماوەیەکی کورتدا دەنگدانەوەی لە میدیای نێوخۆیی شارەکەدا هەبوو. شەهاب لە گشت دیمانەکاندا باسی نەهامەتییەکانی ئێزدییەکان دەکات. 
 
 
شەهاب گوتی "ئێرە بۆ ئێمە وەک شنگالێکی بچووکە. وا خەریکە دروستی دەکەین و لێرە ئازادیی رادەربڕینمان هەیە و وەک هاووڵاتی ژمارە دوو تەماشا ناکرێین. هەست دەکەین لە ماڵی خۆمانین."
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی رووداو لە سەنتەری رۆشنبیریی ئێزدی دەستیکەوتووە، ئێستا نزیکەی 3 هەزار و 500 کوردی ئێزدی لە شاری لینکن دەژین و یەکەم خێزانی ئێزدیش لە کۆتایی نەوەدەکان لە شارەکە نیشتەجێ بووە. 
 
ئەحمەد مستۆ، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، بە رووداوی گوت، ئەوان لە لینکن یارمەتییەکی زۆر پێشکەش بە کوردانی ئێزدی دەکەن وەک وەرگێڕان و دۆزینەوەی کار. سەنتەرەکە لە ساڵی 2017 دامەزراوە و لەو کاتەوە یارمەتی دارایی لە حکومەتی ئەمریکا وەردەگرێت. شەهاب یەکێکە لە وەرگێڕەکانی سەنتەرەکە. 
 
 
نەزانینی زمانی ئینگلیزی و دەستنەکەوتنی کار، دوو ئاڵنگاریی سەرەکیی گشت ئەو ئێزدییانەیە کە کۆچیان بۆ ئەمریکا کردووە، بەڵام ئەوانەی قوربانیی دەستی داعشن، کاتێکی زیاتریان پێویستە تاوەکو بەسەر ئەو ناخۆشیانەدا زاڵبن، کە بەهۆی داعشەوە بەسەریاندا هاتووە. 
 
بەڕێوەبەری سەنتەرە ئێزدییەکە یەکێکە لەوانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە کۆچی بۆ ئەمریکا کردووە. کاتێک ئەحمەد و خانەوادەکەی شنگالیان جێهێشت، روویان کردە زاخۆ پێش ئەوەی کۆچ بۆ ئەمریکا بکەن لە ساڵی 2016. ئەویش پێشتر وەرگێڕی ئەمریکییەکان بوو لە عێراق و ئەمەش کۆچەکەی بۆ ئەو وڵاتە ئاسان کرد. 
 
پووری ئەحمەد و هاوژینەکەی و کوڕەکەیان لەلایەن داعشەوە رفێندران، بەڵام تەنیا پووری رزگاری بووە. چارەنووسی ئەوانی دیکە تائێستا نادیارە. 
 
ئەحمەد گوتی هۆکاری هەڵبژاردنی لینکن وەک ماڵی نوێی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "گەورەترین رەوەندی ئێزدیی لێیە و دەتوانین بە ئازادی پەیڕەوی ئایینەکەمان بکەین، هەموو ئەو شتانەی لە شنگال کردمان دەتوانین لێرەش بیکەین."
 
ئەحمەد گوتیشی، ئێزدییەکان رێزێکی زۆریان لێدەگیرێت لە لینکن. 
 
لێریۆن گێیلەر بێردی، سەرۆک شارەوانیی لینکن لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو گوتی، زۆر شانازی بە کوردانی ئێزدییەوە دەکەن و خۆشحاڵن گەورەترین رەوەندی ئێزدی لە سەرتاسەری ئەمریکا، لەو شارەدا دەژین. 
 
بێرد گوتیشی "لە ئەنجامی چەندین ساڵ کارکردنی هاوبەش لەلایەن رێکخراو و خەڵکی شارەکە توانیومانە چەند ستراتیژییەک دروست بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کۆچبەرەکان بەشێوەیەکی تەواو لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و شارستانی و کولتووریدا بەشدارن."
 
باژێرڤانی لینکن پێیوایە بە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی میواندوست و گشتگیر، دەتوانن دەرفەتی نوێ بۆ هەموو کەسێک دروست بکەن.
 
بێرد ساڵی 2021 سەردانی شەهاب و چەند جووتیارێکی دیکەی ئێزدی کرد. 
 
 

مێگن مەگەفی، رێکخەری پرۆگرام لە رێکخراوی کۆمیونیتی کرۆپس، بە رووداوی گوت توانیویانە یارمەتیی نزیکەی 10 کوردی ئێزدی بدەن وەک دابینکردنی زەوی کشتوکاڵی و یارمەتیدانیان لە بواری چاندندا. 
 
مەگەفی گوتی "هەوڵدەدەین یارمەتی جووتیارەکان بدەین لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە مارکێتە ئێزدییەکان و عەرەبییەکان. خەریکی بەستنی پەیوەندین تاوەکو بەرهەمەکان لە بازاڕەکانی دیکەی ئەمریکاش بفرۆشرێن."
 
ئەو ئێزدییانەی لە شەنگال کشتوکاڵیان دەکرد، توانیویانە ئەزموونەکانیان بگوازنەوە لینکن. لەم بارەیەوە مەگەفی گوتی "جووتیارە ئێزدییەکان شارەزایی و بەهرەیەکی سەرسوڕهێنەریان هەیە و بەردەوام پەرە بە کێڵگەکانیان دەدەن، هەمیشە ئامادەن بەهرە و بیرۆکەی نوێ فێرببن و کارەکەیان پێشبخەن."
 
ئەو بەرپرسەی رێکخراوە ئەمریکییەکە گوتیشی ئێزدییەکان داهاتوویەکی گەشیان هەیە لە لینکن. 
 
 

موراد ئیسماعیل چالاکڤانێکی دیاری ئێزدییەکانە و ئەویش هاوشێوەی شەهاب و ئەحمەد وەرگێڕی سوپای ئەمریکا بوو پێش ئەوەی کۆچ بۆ ئەمریکا بکات. ئەو چالاکڤانە بە رووداوی گوت ئەمریکا یەکێکە لە وڵاتە هەرە میواندۆستەکانی جیهان و ئاماژەی بەوە دا ئەمریکییەکان رێزێکی زۆر لە بیروباوەڕ و کولتووری ئێزدییەکان دەگرن، بەڵام لە عێراقدا لەم شتانە بێبەش بوون.
 
موراد مانگی ئاب سەردانی شەهاب و چەند جووتیارێکی دیکەی ئێزدی کرد لە لینکن. 
 
بۆچی زۆربەی ئێزدییەکان روو لە لینکن دەکەن بۆ ژیان؟ ئەو چالاکڤانە بە رووداوی گوت "لینکن زۆر گونجاوە، چونکە شارێکی بچووکە و ژیان تێیدا ئاسانترە بەراورد بە شارە گەورەکان و لە رووی ئابووریشەوە لە دۆخێکی باشدایە."
 
موراد، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی یەزدا، ئاماژەی بەوەدا هەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئێزدی لە شارێکی وەک لینکن یارمەتیی ئێزدییەکان دەدات لە پاراستی کولتوور و بیروباوەڕیان، گوتیشی "مانگانە ئاهەنگی بووکگواستنەوە لێرە دەکرێن و ئێزدییەکان گۆڕستانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ شاردنەوەی مردووەکانیان، بەردەوامیش لەگەڵ یەکدی کۆدەبنەوە."
 
ئەو چالاکڤانە نەیشاردەوە بوونی ژمارەیەکی زۆری ئێزدی، کاریگەریی نەرێنیشی هەیە، وەک تیکەڵنەبوون بە کۆمەڵگەی ئەمریکی و قبووڵنەکردنی دابونەریتی وڵاتەکە. 
 
 
ساڵی 2021 پەرلەمانی عێراق یاسای رزگاربووانی ئێزدی تێپەڕاند، دوای گیرخواردنی لە پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ. یاساکە داوای قەرەبووکردنەوەی ماددیی ئەو ئێزدیانە دەکات کە بوونەتە قوربانیی دەستی داعش، بەڵام رەخنەی زۆر لە حکومەتی فیدراڵی دەگیرێت بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەندەکانی یاساکەوە. 
 
سەرەڕای گەڕانەوەی بەشێک لە دانیشتووانی شنگال بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، هێشتا زۆریان قەزاکە بۆ ژیان گونجاو نابینن. 
 
ساڵی 2020 هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتننامەیەکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ کرد. نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی رۆژئاوا پشتگیریی رێکەوتنننامەکەیان کرد، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە. هەولێر و بەغدا یەکدی تۆمەتباردەکەن بە جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەکە. 
 
بوونی چەندین هێزی چەکدار لە شنگال رێگرە لە ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە. ئەمەش وا لە هەزاران ئێزدی دەکات کە لە کوردستان دەژین، دوودڵ بن لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان یان بیر لە کۆچکردن بکەنەوە. 
 
شەهاب گوتی، ئەو هەمیشە شنگال وەک ماڵی یەکەمی خۆی دەبینێت، بەڵام هیچ بەرنامەی نییە بۆی بگەڕێتەوە. 
 
"من لینکن وەک ماڵی دووەمم دەبینم دوای شنگال… من ئێستا ژیانێکی ئاساییم هەیە،" ئەو بە رووداوی راگەیاند. 
 
شەهاب هیوای ژیانێکی خۆشی خواست بۆ ئەو خزم و کەسوکارانەی لە شنگال دەژین و ئەوانەش کە بڕیاریان داوە کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات بکەن، بەڵام دەرفەتی گونجاویان نەبووە.