دوو تەقینەوە لەنزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دانیمارک روویاندا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو تەقینەوە لەنزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک روویاندا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
 
پۆلیسی دانیمارک بڵاویکردەوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روودانی دوو تەقینەوەکە کردووە.
 
هێزێکی ئەمنیی زۆر لە شوێنی دوو تەقینەوەکە بڵاوەیان پێکراوە، بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوەی ورد ئەو ناوچەیە بە قردێلەی ئەمنی گیراوە و تیمی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی لە شوێنەکەن.
 
ئەم تەقینەوانە تەنیا رۆژێک دوای هێرشێکی مووشەکی فراوانی ئێران دێت بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوەش چەند رۆژێک دوای ئەوەی ئیسرائیل حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای گرووپەکەی لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بەیرووت کوشت.
 
دوێنێ ئێوارەش تەقە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە سوێد کرا.
 
ئێوارەی دوێنێ پۆلیسی سوێد چووە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم، دوای ئەوەی لە تەقەکردن لە باڵیۆزخانەکە ئاگادار کرایەوە.
 
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، چەند گولـلەیەک بەر پەنجەرەکانی باڵەخانەکە کەوتوون، ئەو چەکەش لەلایەن تەقەکەرەکەوە بەکارهێندرابوو لە ناوچەیەکی دەرەوەی باڵیۆزخانەکە دۆزراوەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، تەواوی ستافی باڵیۆزخانەکە سەلامەتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە