لە دانیمارک ChatGPT تێکەڵ بە پرۆسەی خوێندن دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە دانمارک، رۆبۆتی چات جی پی تی، تێکەڵ بە خوێندن بووە و بەشێک لە شارەزایانی پەروەردەیی لەو وڵاتە، بە مەترسی دەزانن لەسەر پرۆسەی فێربوونی خوێندکاران، بەشێکی مامۆستایانیش دەڵێن، ناتوانرێت ژیریی دەستکرد کۆنترۆڵ بکرێت بۆیە "باشترە خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین."
چات- جی پی تی، رۆبۆتێکە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە لە چەند چرکەیەکی کەمدا، سەتان دێڕی پڕ زانیاری لە هەموو بوارەکاندا دادەڕێژێت، قوتابیانی دانمارک لە پرۆسەی خوێندنەکەیاندا بەکاریدەهێنن، ئەوەی پرسیارە لەمبارەیەوە ئەوەیە؛ ئایا بەکارهێنانی چات - جی پی تی، ئامرازێکە بۆ گزیی کردن یاخود فێربوون؟ 
پێدیرسن، مامۆستایە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی دانمارک، لەبارەی تەکنەلۆژیاکەوە دەڵێت، "پێموایە رێگریکردن لەو تەکنەلۆژیایە هیچ سوودێكی نییە و ئەنجامێکیشی نابێت، بۆیە باشتر وایە تێکەڵ بە پڕۆسەی خوێندن بکرێت."
جایکۆب، قوتابییەکی دانمارکیە لەسەر چات- جی پی تی، باس لەوە دەکات، "هەر کە تەکنەلۆژیاکە خرایەڕوو، یەکسەر خەڵک قسەیان لەسەری کرد و گوتیان دەتوانین لە وانەکان بەکاریبهێنین و لە یەکەم رۆژیشەوە بەکاریان هێنا."
میتە پێدرسن، باسی خێرا بڵاوبوونەوەی ئەو تەکنەلۆژیایە دەکات، "نزیکەی 1ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022 بوو کە چات - جی پی تی، لە دانمارک بڵاوبووەوە، دوای چەند رۆژێكی کەم سێ قوتابی سێ بابەتیان بەو بەرنامەیە ئامادەکرد و لەسەر مێزەکەم دایاننا."
مامۆستا دانمارکیەکە پرۆژەیەکی دوو ساڵەی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی قوتابیان بە باشترین شێوە سوود لە چات - جی پی تی وەربگرن، لە پرۆژەکەدا پیشنیازی ئەوەی کردووە قوتابییان تاڕادەیەک چات - جی پی تی وەک ئامرازێك بەکاربهێنن بۆ دەوڵەمەندکردن و زیاتر پەرەدان بە بیرۆکەکانی خۆیان.
پێدرسن لەبارەی پرۆژەکەیەوە دەڵێت، "بە ئەزموونی خۆم دەمزانی کە قوتابییان ئەو بەرنامەیە بێ هیچ بیرکردنەوەیەک بەکاردەهێنن و فێری هیچ نابن، بۆیە گوتم با وا لەو بەرنامەیە بکەین ببێتە ئامرازی فێربوون. ئێمە بمانەوێت یان نەمانەوێت، زیرەکی دەستکرد بەربڵاوە و رێگری لێ ناکرێت، بۆیە باشتر وایە خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین."
ئێستا بەشێک لە قوتابیانی شاری هۆرسێنسی رۆژئاوای دانیمارک، ئازادانە چات -  جی پی تی، بەکاردەهێنن و ئەو وەڵامانەی کە لە رێگەی بەرنامەکەوە بەدەستیدەهێنن تێکەڵ بە بیرۆکەکانی مێشکی خۆیانی دەکەن و دایدەڕێژنەوە.
فای نۆرسکۆڤ، قوتابیە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکە بە سەرنجراکێش ناودەبات و دەڵێت، "ئامرازێكی فێربوونە وەک دەیان ئامرازی دیکە. چۆن لە گوگڵ بە دوای زانیاریدا دەگەڕێیت، (چات - جی پی تی)یش زانیاریت پێ دەدات بەڵام خێراتر و وردتر."
تاوەکو ئێستا چات - جی پی تی، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لەنێویاندا ئەوروپا وەکو ئامرازێکی گزیکردن سەیر دەکرێت، ئەنجامی ئەو پڕۆژە دوو ساڵەیەی میتە پیدرسن، تاڕادەیەک چارەنووسی چات - جی پی تی لە دانمارک  و ئەوروپا دیاری دەکات.