لە بەڕازیل رکابەرییەکی تووند لە نێوان بەربژێرانی سەرۆکایەتیی وڵات هەیە

02-10-2022
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2-10-2022، بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری بەڕازیل بە رووی زیاتر لە 165 ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە کرانەوە تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.
 
11 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی وڵات بەربژێرکردووە دیارترینیان جێرد بۆلسونارۆ، سەرۆکی ئێستای بەڕازیل و لولا دا سیلڤا، سەرۆکی پێشووی وڵات؛ بۆلسۆنارۆ سەرۆکێكی کۆنسەرڤاتیڤی پۆپۆلیستە و دا سیلڤا-ش بە چەپێكی پۆپۆلیستی ناوەڕاست دادەنرێت.
 
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی؛ دەنگدەران دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی 27 سیناتۆر لە کۆی 81 سیناتۆری وڵات و هەموو 513 ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و 27 پارێزگارەکانی وڵات دەدەن.
 
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەڕازیل دوو خوولە و ئەگەر لە خوولی یەکەمدا هیچ کام لە بەربژێرەکان 50٪ی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا، دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ بەرەو خوولی دووەم دەڕۆن کە لە 30ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت و براوەی هەڵبژاردنەکان لە 1ی کانوونی دووەمی 2023 سوێندی یاسایی دەخوات.
 
راپرسییەکانی پێش هەڵبژاردن کە لە 30ی ئەیلوول ئەنجامدران، واتە دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکان، پێشبینی 45٪ی بۆ دا سیلڤا و 37٪ بۆ بۆلسونارۆ-یان کردووە و ئەگەر پێشبینییەکان راست دەرچن ئەوا دی سیلڤا هەر لە خوولی یەکەمەوە براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت.
 
بەڕازیل سیستەمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە جیاکردنەوەی دەنگەکان پەیڕەو دەکات کە توانای هەیە لە دوای چەند کاژێرێکی کەم لە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامەکان رابگەیێنێت.
 
بۆلسۆنارۆ، تەمەن 67 ساڵ، ئەفسەری پێشووی سوپا و سەرۆکی بەڕازیل لە ساڵی 2019وە، رەخنەی تووندی لە سیستەمی جیاکردنەوەی دەنگەکان هەیە و لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بە راشکاوانە هێرشی کردە سەر سیستەمەکە و رایگەیاند، ئەگەر براوەی هەڵبژاردنەکان نەبێت، ئەوا ئەنجامەکان رەت دەکاتەوە؛ گوتیشی، "تەنیا خودا دەتوانێت لە کورسیی دەسەڵات دوورم بخاتەوە" 
 
سەرۆکی بەڕازیل تاکە چارەنووسی خۆی لە دوای هەڵبژاردنەکان بە "زیندانی؛ مردن یان بردنەوە" دیاری کرد و گوتی، "دەرفەتی زیندانیکردنم کەمە، چونکە هیچ کەس لەسەر ئەم گۆی زەوییە نییە بتوانێت بمترسێنێت".
 
پێش وەختە رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەشێكی بەرچاوی بەڕازیلییەکانی نیگەران کردووە و بە دووریشی نازانن هەمان سیناریۆی ساڵی 2020ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا نێوان ترەمپ و بایدن، دووبارە ببێتەوە.
 
دا سیلڤا تەمەن 76 ساڵ، دوو جار لەنێوان ساڵانی 2003 تاوەکو 2010 سەرۆکی بەڕازیل بووە، بەڵام لە نیسانی 2018 بە تۆمەتی گەندەڵی بە زیاتر لە 10 ساڵی زیندانی سزا درا و دوای نزیکەی دوو ساڵ مانەوە لە زیندان، بە بڕیاری دادگەی باڵای وڵات ئازاد کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.