خۆپیشاندان دژی شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە چەندین وڵات بەڕێوەچوو

 
رووداو دیجیتاڵ

"ژن، ژیان، ئازادی"؛ ئەو دروشمەیە کە لە زۆربەی خۆپێشاندانەکانی ئەم رۆژانە لە وڵاتانی جیهان دەگوترێتەوە. لە هەریەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیسپانیا، بەلجیکا و تونس خۆپێشاندان بەڕێوەچوو و بۆ سەرکۆنەکردنی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دروشمیان گوتەوە. بەشێک لە ژنانیش بە بڕینی قژیان، هاوسۆزی بۆ ژینا ئەمینی دەردەبڕن.
 
فەرەح، هاووڵاتیی بە رەچەڵەک ئێرانی دەڵێت، "ئەمە بۆ مەهسایە؛ بۆ هەموو ژنانە لە ئێران. بۆ هەموو براکانمە.. ئەوان براکانمان دەکوژن؛ مەهسا تەمەنی 22 ساڵ بوو. ئەمە بۆ ژنان، دایکان و خوشکانی وڵاتەکەمە. ئێرانم خۆشدەوێت. ژنانی ئێرانم خۆشدەوێن."
 
هۆنیا کۆهان، هاووڵاتی بە رەچەڵەک ئێرانی ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو ژنان، چ ئێرانی، ئەوروپی، ئەفریقی یان ئەمریکی بن، دەبێت لە سەرتاسەری جیهان بەردەوام ناوی مەهسا ئەمینی بڵێنەوە. ئەو بووەتە سیمبولی هەموو ئەو ژنانەی لە جیهاندا لەسەر بنچینەی رەگەز دەچەوسێندرێنەوە."
 
لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیاش، ئاڵای ئێرانی سەردەمی شا بەرزدەکەنەوە و دروشمی هاوسۆزی بۆ ژینا ئەمینی دەڵێنەوە.
 
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاش سەروو 1000 کەس بەدەم گۆرانیی بێلا چاوی سیمبولی خۆپێشاندانەکانی ئیتاڵیای سەدەی نۆزدەیەم، پاڵپشتیی خۆیان بۆ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەردەبڕن.
 
لە تونسیش، ژنان بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گردبوونەوە. خۆپێشاندەرێک دەڵێت، "ئەمڕۆ لێرەین بۆئەوەی هاوسۆزی بۆ ژنانی ئێران دەرببڕین و دژی ئەو دیکتاتۆریەتە بوەستینەوە کە رووبەڕووی دەبنەوە."
 
خۆپێشاندەرە تونسییەکان بەشێکیان پرچیان دەبڕن و بەشێکیشیان دروشمی ئازادی بۆ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەڵێنەوە.