راوێژکارانی سەرۆکی ئەمریکا و تورکیا سەرکۆنەی لکاندنی بەشێكی ئۆکراینا بە رووسیا دەکەن

02-10-2022
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ ئیبراهیم کالن، گەورە راوێژکاری سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە نایاسایی گشتپرسییەکەی رووسیا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەو وڵاتە لە ئۆکراینایان کردەوە و ئەنجامەکانیشیان رەتکردنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 2-10-2022، ئادرییەن واتسن، گوتەبێژی جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، "سۆلیڤان و کالن لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەتەوە و تاوتوێی چەند بابەتێكیان کردووە، لەنێویاندا رەتکردنەوەی گشتپرسییەکەی رووسیا لە ئۆکراینا و بە نایاسایی ناساندنی لکاندنی چوار ناوچەی ئەو وڵاتە بە رووسیاوە."
 
رۆژی هەینی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا چوار ناوچەی ئۆکراینا (لوهانسک، دۆنێتسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا)ی وەکو بەشێکی رووسیا ناساند، بەو پاساوەی کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە رووسی قسە دەکەن. ئەو کارەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بە دوای خۆی هێناوە و رەتیان کردەوە کە وەکو بەشێکی رووسیا مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە بکەن.
 
واتسن گوتیشی، هەردوولا پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ ئۆکراینا لە بەرامبەر "دووژمنکاری رووسیا" دووپاتکردەوە؛ راشیگەیاند،  سۆلیڤان سوپاس و پێزانینی ئەمریکای خستەڕوو بۆ هەوڵەکانی تورکیا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە رێگەی پێشکێشکردنی ئاسانکاری لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لە ئاست ئازادکردنی زیندانییەکانی ئۆکراینا، لەنێویاندا دوو هاوڵاتیی ئەمریکی، لە رووسیا.
 
لە سەرەتای شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، تورکیا بەردەوام رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەو دوو وڵاتە گێڕاوە. لە مانگی تەممووزیش بە نێوەندگیریی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیستەنبووڵ رێککەوتنێک واژۆکرا بۆ رەوانەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا بۆ بازاڕەکانی جیهان. 
 
لە سەرەتای مانگی ئابیش یەکەم کەشتیی دانەوێڵەی ئۆکراینا بەرەو لە ئۆدێساوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێکەوت کە نزیکەی 26 هەزار تۆن دانەوێڵەی هەڵگرتبوو.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا باسیان لە ئاسایشی ناوچەکە کردووە لە نێویاندا پاڵپشتیکردنی رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و پەنابردن بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ تایبەت بە چارەسەرکردنی هەرچی ناکۆکییە لە دەریای نێوەڕاست و بەرەوپێشچوونی ئەندامێتیی فینلاند و سوێد لە رێکخراوی ناتۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە