لە ئیندۆنیزیا بەهۆی ئاژاوەی نێو یاریگەوە 129 کەس گیان لەدەستدەدەن

02-10-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
نیشانەکردن خولی ئەندەنووسیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە یاریگەیەکی تۆپی پێ لە ئیندۆنیزیا 129 کەس گیانیان لەدەستدا و 180 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنگرانی دوو یانەی رکابەر پاش تەواوبوونی یارییەکە چوونە نێو گۆڕەپانی یاریگەکە و پێکدادان لەنێوانیاندا روویدا.

شەوی شەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2022، یاریی نێوان یانەی ئارێما و پێرسێبایا سورابایا کە دوو یانەی رکابەری سەرسەختن لە یاریگەی کانجوراهان لە شاری مالانگ بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی یانەی ئارێما کە لە یاریگەی خۆیدا پێشوازیی لە پێرسێبایا کردبوو بە 2 گۆڵ بەرامبەر بە 3 گۆڵ یارییەکەی دۆڕاند، هاندەرانی رژانە نێو گۆڕەپانی یاریگاکە و پێکدادان لەنێوان پۆلیس و هاندەرانی هەردوولادا روویدا و بەهۆیەوە 129 کەس گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان منداڵێکی 5 ساڵان بووە.

ئەو رووداوە بە یەکێک لە کارەساتبارترین رووداوی تۆپی پێ لە مێژوودا دادەنرێت. پۆلیس دەڵێت، هۆکاری زۆریی قوربانییەکان بەهۆی پاڵەپەستۆی زۆر بووە؛ هەندێکیان بەهۆی تەنگەنەفەسی و هەندێکیشیان بەهۆی ئەوەی کەوتوونەتە ژێر پێی هاندەرانەوە گیانیان لەدەستداوە.

جۆکۆ ویدۆدۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دڵگرانی خۆم بۆ ئەو 129 کەسەی گیانیان لەدەستداوە لە یاریگەی کانجوروهان لە مالانگ نیشاندەدەم". هاوکات داوای لە وەزیری وەرزش و گەنجانی وڵاتەکەی کردووە بە وردی لە رووداوەکە بکۆڵێتەوە و بۆ لەمەودواش پلانی پێشوەختە دابنێن لە یارییەکاندا تاوەکو رووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

یاریگەی کانجوراهان زیاتر 42,000 هاندەر دەگرێت؛ بە گوتەی پۆلیس لە پێکدادانەکەی شەوی رابردوودا زیاتر لە 3000 کەس رژاونەتە نێو یاریگەکە. پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی هاندەران و رێگریکردن لە پێکدادانەکان، گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێناوە و بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی هاندەرەکانیشەوە دوو پۆلیس گیانیان لەدەستداوە.

حکومەتی ئیندۆنیزیا داوای لێبووردنی لە خەڵکی وڵاتەکە کرد بۆ رووداوەکە و بەڵێنی دا لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی بکات. زەینەدین ئەمالی، وەزیری وەرزش و گەنجانی ئیندۆنیزیا دەڵێت، ئەمە رووداوێکی "شەرمەزارکەرە" کە تۆپی پێی وڵاتەکەی "لەکەدار" دەکات.

ناکۆکیی نێوان هەردوو یانەی ئارێما و پێرسێبایا سورابایا مێژوویەکی کۆنی هەیە. مەهفود ئەمدی، وەزیری کاروباری سیاسی، یاسایی و ئاسایشی ئیندۆنیزیا باسی لەوە کردووە، فرۆشتنی بلیتی یارییەکە بە هاندەرانی پێرسێبایا سورابایا قەدەخە کراوە، بەڵام رێکخەرانی یارییەکە گوێیان بە رێکارەکان نەداوە.

بەهۆی رووداوەکەوە بڕیاردرا خولی پلە یەکی ئیندۆنیزیا بۆ ماوەی یەک هەفتە رابگیرێت.

رووداوی هاوشێوە لە یاریی تۆپی پێدا نوێ نییە. ساڵی 1989 لە یاریگەی هیڵسبۆرۆگ، بەهۆی رووخانی بەشێکی یاریگەکە 97 هاندەری یانەی لیڤەرپووڵ گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی 2012 بەهۆی پێکدادانی هاندەرانەوە 74 کەس لە یاریگەیەکی میسر گیانیان لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە