رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا داوا دەکات پارتە راستڕۆکان لە هاوپەیمانێتیی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی هەرێمەکان دوور بخرێنەوە. سەرۆکی پارتێکی راستڕۆی براوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "جانتاکانتان بپێچنەوە".
رۆژی دووشەممە، 2-9-2024، ئۆلاف شۆڵتز لە فەیسبووک نووسی: "داوا لە هەموو پارتە دیموکراتەکان دەکەم بەبێ راستڕۆکان حکومەتێکی خۆجێی سەقامگیر پێکبهێنن، پارتی ئەی ئێف دی ( جێگرەوە لە پێناو ئەڵمانیا) زیان بە وڵاتمان دەگەیێنێت، ئابووریمان لاواز و کۆمەڵگەمان دابەش و ناومان لەکەدار دەکات".
ئەلیس فایدیل، هاوسەرۆکی پارتی ئەی ئێف دی، لە گوتاری ئاهەنگی سەرکەوتنیان رووی کردە شۆڵتز و گوتی: "کاتی هاتووە جانتاکانتان بپێچنەوە. دەنگدەر راشکاوانە باوەڕی خۆی خستەڕوو و دەیەوێت پارتەکەمان بەشداری حکومەت بکات".
رۆژی 1ـی ئەیلوول، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەردوو هەرێمی ساکسۆنی و تورینگن لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە هەرێمی تورینگنی نێوەڕاستی ئەو وڵاتە لە پلەی یەکەم هات و 32 کورسی بە دەستهێنا، یەکێتیی کریستیان دیموکرات 23 کورسی، هاوپەیمانیی سارا ڤاگنکنێشت 15 کورسی و ئەوانی دیکەش 18 کورسییان بەدەستهێنا. لە کاتێكدا پەرلەمانی تورینگن 88 کورسی هەیە و 45 کورسی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پێویستە.
پارتیی ئەی ئێف دی، پارتێكی دژە کۆچبەرە و بە گومانە لە یەکێتیی ئەوروپا و لایەنگری رووسیایە.
گەرچی پارتەکە زۆرینەی بە دەستنەهێناوە، بەڵام ئەو 32 کورسییە رێگەی پێدەدات رۆڵی "پەکخەر" بگێڕێت لە دەستنیيشانکردنی دادوەرانی دادگەی باڵای هەرێمەکە.
هەرێمی تورینگن یەکەم هەرێم بوو کە تێیدا پارتی "نازی"یەکان بە سەرۆکایەتیی ئەدۆڵف هیتلەر لە ساڵی 1932 براوەی زۆرینەی کورسییەکانی بوو، لەو کاتەوە ئەمە یەکەمجارە پارتێكی راستڕۆ لەوێ دەیباتەوە.
بیورین هووکە، سەرۆکی پارتی ئەی ئێف دی، لە هەرێمی تورینگن ئامادەیی پارتەکەی بۆ هاوپەیمانێتی حکومەتی خۆجێی خستەڕوو؛ بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پارتێك ئامادەیی پیشان نەداوە.
لە هەرێمی ساکسۆنی پارتی کریستیان دیموکراتەکان بە 31.9٪ براوەی هەڵبژاردنەکان بوو و 42 کورسی بە دەستهێنا، ئەو پارتە پێشتر ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا سەرۆکایەتی دەکرد.
جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 41 کورسی، هاوپەیمانیی سارا 15 کورسی و ئەوانی دیکە 22 کورسییان بەدەستهێنا. پەرلەمانی هەرێمی ساکسکۆنی لە 120 کورسی پێکهاتووە و پێکهێنانی حکومەت 61 کورسی پێویستە.
هەرچەندە جیاوازی پارتی براوە و ئەی ئێف دی تەنیا یەک کورسییە، بەڵام بەرپرسانی کریستیان دیمۆکرات دژی پێکهێنانی حکومەتن لەگەڵ ئەی ئێف دی و هەوڵی رازیکردنی پارتە میانڕۆکان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ