پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورینگن بوو

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری درێزدن لە ئەڵمانیا دەیان هاووڵاتی خۆپێشاندانیان کرد، دژی سیاسەتی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە، پارتەکە لە هەڵبژاردنی 1ـی ئەیلوولدا لە هەرێمی تورینگن بووە براوەی یەکەمی هەبژاردن. بۆ پێکهێنانی حکومەتیش پێویستی بە 13 کورسی دیکە هەیە بەڵام لایەنەکانی دیکە رەتیدەکەنەوە هاوپەیمانی لەگەڵدا بکەن.
 
لێنارت هاپ، یەکێکە لە خۆپیشاندەران و دەڵێت: "مێژوو زۆر بە روونی نیشانیداوە، بە تایبەتی لە ئەڵمانیا کە ناکرێت 100٪ دەنگ بە راستڕۆی تووندڕۆ بدرێت، تەنانەت 30٪ زۆرە بۆ ئەوان. ئێستا خەڵکێکی زۆر هەن کە پشتگیری دەکەن، بەڵام ناشبێت ئەو 70٪ـیەمان لەبیر بچێت کە پشتگیری ناکەن."
 
رۆژی 1ـی ئەیلوول، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەردوو هەرێمی ساکسنی و تورینگن لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو؛ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AFD لە هەرێمی تورینگنی نێوەڕاستی ئەو وڵاتە لە پلەی یەکەمی هەڵبژاردنی بەدەستهێنا.
 
بیۆرن هۆیک، سەرکردەی AFD لە تورینگن و رایگەیاند: "ئێستا ئێمە یەکەمین هێزین. ئێمە پارتی بەرەی خەڵکین لە تورینگن. ئەمە سەرکەوتنێکی مێژووییە بۆ ئێمە."
 
پەرلەمانی تورینگن 88 کورسی هەیە و 45 کورسی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پێویستە؛ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 32 کورسی، یەکێتیی کریستیان دیموکرات 23 کورسی، هاوپەیمانیی سارا ڤاگنکنێشت 15 کورسی و ئەوانی دیکەش 18 کورسییان بەدەستهێنا.
 
ئەنجامی هەرێمی ساکسنی جیاواز بوو؛ کریستیان دیموکراتی پارتەکەی فرێدرێک مێرز کە پێشتر ئەنگێلا مێرکل سەرۆکایەتی دەکرد 42 کورسی، جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 41 کورسی، هاوپەیمانیی سارا 15 کورسی و ئەوانی دیکە 22 کورسییان بەدەستهێنا. پەرلەمانی ئەو هەرێمەی ئەڵمانیا 120 کورسی هەیە و پێکهێنانی حکومەت 61 کورسی پێویستە.
 
مایکڵ کرێشمەر، جێگری سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە گوتی: "ئامادەین بە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە بەرپرسیارێتی وەربگرین. بە گفتوگۆ و خواستی کارکردن بۆ ئەم وڵاتە، دەتوانین حکومەتێک بۆ ساکسنی پێکبهێنین کە خزمەتی وڵاتەکە بکات."
 
جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا پێویستی بە 13 کورسی دیکەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی تورینگن؛ زۆرینەی پارتە براوەکانیش دەڵێن، ئامادە نین لەگەڵیدا هاوپەیمانی پێکبێنن.
لە ساکسنی ئەرکەکە بۆ کریستیان دیموکرات ئاسانترە، بەهۆی ئەوەی زۆرترین دەنگی هێناوە و بەشی زۆری پارتە براوەکانیش دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵ بکەن.