بەهۆی زریانەوە کارەبا لەسەر 150 هەزار کەس لە ئوسترالیا بڕا و کەسێکیش گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی باوبارانی تووندی باشووری ئوسترالیا، هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و هەزاران خێزانیش بێ کارەبا مانەوە.
رۆژی دووشەممە 02-09-2024 پۆلیسی هەرێمی ڤیکتۆریا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئوسترالیا رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەو زریانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، دارێک بەسەر خانوویەکدا کەوت و لە ئەنجامدا ژنێکی 63 ساڵ گیانی لەدەستدا."
خێرایی با 150 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و نزیکەی 150 هەزار کەسی بێ کارەبا کردووە.
جاسینتا ئاڵن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی ڤیکتۆریا رایگەیاند، لەوانەیە چاککردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا 3 رۆژ بخایەنێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک ناوچە مەترسی لەسەر تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبا هەیە.
لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو ژنەوە، ئاڵن گوتی، "دڵگرانم؛ بیرم لای خێزانی ئەو ژنەیە". بەگوتەی ئەو بەرپرسە باڵایە، لە دوێنێ شەوەوە لانیکەم 2 هەزار و 800 کەس پەیوەندییان بە بەرگریی شارستانیی ئەو هەرێمەوە کردووە و زۆربەی رووداوەکانیش کەوتنی دار و رووخانی بەشێکی باڵاخانەکان بووە.
حکومەتی ئوسترالیا لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکە قوتابخانەکانی داخستووە و داوای لە خەڵک کردووە زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.
بەرپرسانی هەرێمی نیو ساوز وەڵز، هاوسنووری هەرێمی ڤیکتۆریا رایانگەیاند، بای بەهێز مەترسیی کەوتنەوەی ئاگری دارستان زیاد دەکات.