ترەمپ: لە غەززە بارمتە دەکوژرێن و بایدنیش لە کەنار دەریا خەریکی پشوودانە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، تەرمی شەش بارمتەی بە کوژراوی لە غەززە دۆزیوەتەوە؛ دۆناڵد ترەمپ گوتی، ئەوە بەهۆی لاوازیی هاریس و بایدنەوەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە غەززە بارمتە دەکوژرێن، کەچی بایدن لە کەنار دەریا خەریکی پشوودانە.
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth)، کە تایبەتە بە خۆی، رایگەیاند، "لە غەززە قەیرانی بارمتەکان هەیە، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی کامالا هاریس لاوازە و کاریگەریی نییە، ئاگاشی لێ نییە خەریکی چییە."
 
دوێنێ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەرمی شەش بارمتەیان لە یەکێک لە تونێلەکانی غەززە دۆزیوەتەوە و دواتر ناو و تەمەنی بارمتەکانی بڵاوکردەوە. یەکێک لە بارمتەکان هاووڵاتییەکی ئەمریکی بوو بەناوی هێرش گۆڵدبێرگ-پۆلن کە تەمەنی 23 ساڵ بوو.
 
 
ترەمپ نووسیویەتی، "چاوەڕێم لە دیبەیتی سەرۆکایەتی چاوم بە کامالا هاریس بکەوێت؛ بایدن شکستی هێنا و ئێستاش لە کەنار دەریا خەریکی پشوودانە و دژی من پلان دادەنێت. لە دیبەیتی سەرۆکایەتیدا ئەوم بەزاند. ئەگەر من سەرۆک بوومایە، قەیرانی 7ی ئۆکتۆبەری غەززە هەرگیز رووینەدەدا."
 
لەبارەی کوژرانی هاووڵاتییە ئەمریکییەکە، ترەمپ دەڵێت، "بە مەرگی بارمتەکان خەمبارین. هێرش لەلایەن حەماسەوە کوژرا، ئەوەش بەهۆی لاوازیی سەرکردایەتیی ئەمریکاوە بوو. جۆ بایدنی خێچ و خوار لە 16یەم رۆژی پشووەکەی خەریکی خەوە و کامالا هاریسیش دیار نییە؛ ئەوان دەستیان بە خوێن سوورە."
 
رۆژی 21ی تەممووز جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو لە خۆبەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەکشێتەوە و پشتگیری لە کامالا هاریسی جێگری دەکات.
 
رۆژی 22ی ئاب، هاریس بە فەرمی بەربژێربوونی پارتی دیموکراتی پەسند کرد و ئێستا رکابەری ترەمپە. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 05-11-2024 بەڕێوەدەچێت.