ژمارەیەک ملیاردێر لە ئەمریکا هەوڵی دروستکردنی شارێكی ژینگەدۆست دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک ملیاردێری ئەمریکا دەیانەوێت ناوچەیەی رۆژئاوای ئەمریکا بۆ شارێكی "ژینگە دۆست" بەناوی "کالیفۆرنیا بۆ هەمیشە" بگۆڕن. ملیاردێرە ئەمریکییەکان بە 800 ملیۆن دۆلار زیاتر لە 200 کیلۆمەتر دووجا زەوییان بۆ ئەو پڕۆژەیە کڕیوە.
 
بەشی زۆری زەوییە کڕدراوەکە دەکەوێتە دەوروبەری ناوچەی رییۆ ڤێستا. رۆن کۆت، سەرۆک شارەوانیی رییۆ ڤێستا دەڵێت، "بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە دەوروبەری ساڵی 2018 ئەم کڕینە نهێنییە دەستیپێکردووە. ئەو کاتە بینیمان نرخی زەوییەکان گرانتر دەبوون، بەڵام نەماندەزانی کێ لەپشت کڕینی زەوییەکانەوەیە."
 
دوای 5 ساڵ، ئیدی خاوەنەکانی پڕۆژەکە خۆیان ئاشکرا کرد و ماڵپەڕێکیان دروستکرد، تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکەن، دەرفەتی زیاتری کار، وزەی پاک، خزمەتگوزاریی تەندروستی، رێگەوبان و رێستۆرانت و قوتابخانەی سەردەمیانە و "ژینگە دۆستی" لە شارە نوێیەکە دابین دەکرێت.
 
سەرۆکشارەوانی رییۆ ڤێستا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم پڕۆژەیە راستە هەندێک کێشە چارەسەر دەکات، بەڵام کێشەشی بەدواوە دێت، ناوچە بێ دەنگەکەمان قەرەباڵخ دەبێت و ئارامیمان لێ دەبڕێت، ئەوەش جگە لە لایەنی ئەمنی."
 
لایەنی ئەمنی وەکو بنکەی ئاسمانی تراڤیسی فیدراڵی ئەمریکایە؛ کەمتر لە 5 کیلۆمەتر لە ناوچەی ناسراو بە سێسوون-ەوە دوورە. چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکای سەر بەو ناوچەیە گومانیان هەبوو دووژمنانی ئەمریکا بەناوی وەبەرهێنەری بیانی تێکەڵ بە پڕۆژەکە بووبن؛
بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەوە گەیشتن 97%ی ئەمریکین، 3%ی بەریتانی و ئێرلاندین.
 
پرینسێس واشنگتن، سەرۆکی شارەوانیی سێسوون دەڵێت، "ناوچەیەکی گەورەیە کە دەوروبەری بنکە ئاسمانییەکەی داوە، بۆیە ترسمان هەبوو، چونکە نەماندەزانی کێ لەپشت پڕۆژەکەوەیە، هەرچەندە ئێستا دەزانین کە پڕۆژەکە بە رواڵەت باشە، بەڵام هێشتا ئێمە گومانمان هەیە. کێ ناڵێت ئەم شارە نوێیە تایبەت بە سامانداران نابێت؟ جگە لەوە، ئێمە پێمان وایە دەبێت پاراستنی بنکە سەربازییەکە و ژینگەی ئارامی ئەم ناوچەیە کاری پێشینەمان بێت."
 
بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، هێشتا رەزامەندی فەرمی پێویستە؛ بەڵام لە نوێترین راپرسی کە خاوەنەکانی پڕۆژەکە ئەنجامیان داوە زۆربەی 450 هەزار دانیشتووانی ناوچەکە بە "بەڵێ" بۆ پڕۆژەکە دەنگیان داوە؛ جگە لە 10 هەزار بەساڵاچوو کە پێیانوایە پڕۆژە نوێیەکان، هەڕەشە لە نەریتی کۆن و ژیانە سادەکەیان دەکات.